ئابوری سیاسی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان عێراق و چیندا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/01/2020‌ :: 1195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نوسه‌رو گه‌وره‌ راوێژكارێکی حكومه‌تی عێراق بۆ كاروبارى دارایی و ئابوری، باس له‌وه‌ده‌كات رێككه‌وتنه‌كه‌ی 23ی ئه‌یلولی 2019ی نێوان چین و عێراق، ده‌بێته‌ قۆناغی ئابوری نوێی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ژێرخانی عێراق كه‌ ده‌توانرێت به‌ "نه‌وت به‌رامبه‌ر ئاوه‌دانیی" ناوببرێت.


رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان چین و عێراق په‌كین به‌به‌های 500 ملیار دۆلار پرۆژه‌ له‌ عێراق ئه‌نجامبده‌دات له‌به‌رامبه‌ر ناردنی 300 هه‌زار به‌رمیل نەوتی رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ کە هەموو ئەو پرۆژانە لە ماوەی 10 ساڵدا تەواو دەکرێن.


د. مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح نوسه‌رو گه‌وره‌ راوێژكارى حكومه‌تی عێراق بۆ كاروبارى دارایی و ئابوری له‌ وتارێكدا روونیكردووه‌ته‌وه‌ "چوارچێوه‌ ژمێرییه‌كه‌ی رێككه‌وتنی هاریكاری نێوان عێراق و چین، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رپرساریه‌تی چوار كۆمه‌ڵه‌ ژمێریار ده‌خرێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندی عێراق له‌به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زاره‌تی دارایی، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ رێككه‌وتنی ژمێریاری هاوپێچی رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ له‌ 11ی ئازای 2018 له‌ په‌كید واژۆ كراوه‌.

به‌وته‌ی ئه‌و گه‌وره‌ راوێژكاره‌ى حكومه‌تی عێراق، "چوار جۆر ژمێره‌كه‌ پێكدێن، یه‌كه‌م ژمێره‌ی رێكخستن (التسویه‌)، واتا ژمێره‌یه‌ك بۆ سه‌ره‌تا هه‌نارده‌ی نه‌وته‌كه‌ له‌ رێگه‌ی دوو كۆمپانیای حكومیی ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ چین ده‌ستپێده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌ داهاته‌كه‌ی ده‌ست به‌ پرۆژه‌كان بكرێت، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا باشترین كۆمپانیاكانی بوارى ژێرخانی بیناسازی دێنه‌ عێراق".

"ژمێره‌ی دووه‌م كه‌ تایبه‌تمه‌نده‌ بۆ خزمه‌تگوزاری بێكاریی و ژمێره‌یه‌كی دیكه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان و چه‌ند ژمێره‌یه‌كی دیكه‌ بۆ بواره‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه‌".

ناوه‌ڕۆژی رێككه‌وتنی نێوان چین و عێراق

له‌ماوه‌ی رابوردوودا سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی وڵاتی چین-ی كرد و چه‌ندین گرێبه‌ستی له‌ بورا جیاجیاكاندا ئه‌نجامدا.

به‌پێی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی نێوان عادل عه‌بدول مه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لی كه‌شیانگ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌تی چین، په‌كین به‌به‌های 500 ملیار دۆلار پرۆژه‌ له‌ عێراق ئه‌نجامبده‌دات له‌به‌رامبه‌ر ناردنی 300 هه‌زار به‌رمیل نەوتی رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ کە هەموو ئەو پرۆژانە لە ماوەی 10 ساڵدا تەواو دەکرێن.

پرۆژه‌كانیش پێكدێن له‌:
- دروستكردنی به‌نده‌ری گه‌وره‌ی فاو كه‌ تێیدا 350 راڕه‌و و فڕۆكه‌خانه‌و شارێك له‌ 100 هه‌زار خانوو دروستده‌كرێت. 
- دروستكردنی 30 نه‌خۆشخانه‌ به‌ كه‌ره‌سته‌و پێداویستی كوالێتی به‌رزو نموونه‌یی کە ناو دەنرێت شاری پزیشکی.
- جێبه‌جێكردن و دامەزراندنی رێگای خێرا و نوێ له‌ نێوان هه‌موو شاره‌كانی عێراق.
- دامه‌زراندنی هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌ نوێترین دیزاین كه‌ هه‌موو پارێزگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
- لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ له‌و بواره‌دا، دروستكردن و رێكخستنی تۆڕی ئاوی سه‌ره‌كی و به‌نداو.
- دروستكردنی شارێكی گه‌شتوگوزاری له‌ ئه‌هوار.
- دروستكردنی چه‌ندین كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون كه‌ پێدێت له‌ 8 ملیۆن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ شێوه‌ی شوقه‌و خانوو و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی.
- دروستكردنی چه‌ندین زانكۆ كه‌ تێیدا یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ مامۆستایان دروستده‌كرێت له‌ هه‌موو پارێزگاكان.
- دروستكردنی 25 هه‌زار قوتابخانه‌.
- نۆژه‌نكردنه‌وه‌و زیندووكردنه‌وه‌ی شاره‌ كۆنه‌كان كه‌ شوێنه‌واریان تێدایه‌ به‌مه‌به‌ستی بوژانەوەی گه‌شتوگوزار.
- دروستكردنی گۆڕه‌پانی وه‌رزشی به‌ قه‌باره‌ى جیاجیا.
- ته‌واوكردنی پرۆژه‌كانی كاره‌با كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سیمنسدا گرێبه‌ست كراوه‌.
- دروستكردنی چه‌ندین كارگه‌ی پرۆكیمیاوی و دوبار بونیاتنانه‌وه‌ی زۆربه‌ی كاره‌گه‌كانی كاغه‌ز و ئاسن، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی ئه‌و مادانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتن كراوه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure