ئه‌و كه‌سه‌ی گه‌نده‌ڵیی 233 ملیۆن دیناری ئاشكراكرد زانیاری نوێ ده‌دركێنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/01/2020‌ :: 4774‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، گەورەترین رووداوی كاری نەخوازراوی بەرتیل وەرگرتن لەسەرەتای ساڵی 2020دا ئاشكرادەكرێت كە چەند كارمەندێك و كەسانی ناو نوسینگەكانی راپەڕاندنی كاروباری بازرگانی تێدایەو تێوەگلان، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخیش، دەڵێت "لیژنەیان لەسەر پێكهێنراوە و بەندكراون".


رووداوەكە بەو شێوەیەیە كە ئەو كەسانە تۆمەتباركراون، بەوەی پارەی (79) مەنەفێستی ئۆتۆمبێلیان وەرگرتووە، بەهاوكاری كەسانێك لەناو بانكی گومرگی باشماخ، نوسراوی رادەستكردن یاخود دانانی پارەكەیان مۆركردووە كە لەفەرهەنگی بانكیدا پێیدەوترێت (ایداع)، بەڵام پارەكەیان دانەناوە‌و نوسراوی رادەستكردنی پارەكەش لەسیستمی بانكەكەدا تۆمارنەكراوە، شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبێل لەم دۆسیەیەدا تێوەگلاون كە كۆی پارەكە بریتیە لە233 ملیۆن دینار.

لەوبارەیەوە و بەپێی زانیارییە تایبەتەكانی دواڕۆژ، رۆژانە كاتێك هەر كەلوپەل و شتومەكێكی گرانبەها و ئۆتۆمبێل و خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانی تری هاووڵاتیان، لەوڵاتی ئێرانەوە هاوردەی ناو مەرزەكە دەكرێت، دەبێت لەبەڕێوەبەرایەتی گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كاروباری یاسایی گومرگی بۆ ئەنجام بدرێت و گومرگ بكرێن، بەڵام لەچەند رۆژی رابوردوودا، رووداوێكی بەرتیل وەرگرتن ئاشكراكرا كە تێیدا بڕی 233 ملیۆن دیناری عێراقی لەنێوان نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبێل و بانكی باشماخ و چەند كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ كە پەیوەندیدارن بەكاروباری مەنەفێستی ئۆتۆمبێل، دیار نامێنێت.

لای خۆشیەوە، شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمە پەیوەندی بە ئێمە‌و ئیخراجی بانكەوە هەیە و ئەم بابەتەم ئاشكرا كردووە، ئەوەش دوای ئەوەی كە سەیرم كرد، هەندێك پارە هەیە نەدراوە، داوای هەندێك لەمەنەفێستەكانی خۆمانم كرد، مۆریان پێوەبوو، بە بانكمان وت ئەم نوسراوانە چۆن مۆركراون، بەڵام پارە وەرنەگیراوە، پێیانوتین دەبێت كەمتەرخەمییەك هەبێت.

ناوبراو، وتیشی "ئێمە دەبوو سەرەتا پارەكان وەربگرینەوە، بۆیە لەقۆناغی یەكەمدا پارەكانمان وەرگرتەوە، بەڵام بەر لەوەی رێوشوێن بگرمەبەر، من بەڕێوەبەری گشتی گومرگ‌ و دادوەری داواكاری گشتی پێنجوێن‌ و وەزیری دارایم لە رووداوەكە ئاگاداركردووەتەوە".

روونیشیكردەوە "دوای ئەوەی پارەكە لەو نوسینگانە وەرگیراوه‌ته‌وه‌، لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر ئەو كەسانە دروستكردووە كە تێوەگلاون، شەش كەسی رەوانەی دادگا كردووە، سیانیان بە كەفالەت ئازادكراون، سێ كەسی تریان دەستبەسەرن،  لەناو ئەوانەی كە دەستبەسەرن‌ و دادگایی دەكرێن، دوانیان كارمەندی بەڕێوەبەرایه‌تی گومرگن".

شاخەوان بەكر، ئاماژەی بەوەشكرد: هەندێك كێشەمان هەبووە لەحسابی بانكیدا، لەمانگی 10ی ساڵی 2019وە پارەكانیان لێوەرنەگیراوە، بەڵام ئێستا پارەكانیان لێوەرگیراوەتەوە، لەمەشدا مەبەستی ئەو پارەیەیە كە وەكو بارمتەی دیارنەمانی (233 ملیۆن) دینارەكە لە نوسینگەكان وەرگیراوە‌و لەبانك دانراوە تا ساتی یەكلابوونەوەی دۆسیەی تۆمەتبارەكان لەدادگا، لەئێستاشدا لیژنەیەك دروستكراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەكەمتەرخەمییەكان لەو رووداوەداوە و كارەكانیان بەردەوامە.

لەئێستادا، رووداوەكه‌ تەواوی مەرزی باشماخی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، هاوكات لەگومرگی باشماخیش كێشەی دروستكردووەو شەش نوسینگەی مەنەفێستی ئۆتۆمبێل كە لەگومرگەكە كاردەكەن تێوەگلاون، بەرپرسی یەكێك لە نوسینگەكان‌و دوو كارمەندی گومرگ لەسەر ئەم دۆسیەیە دەستگیركراون، دووانیان كارمەندی گومرگن بەناوەكانی (س، م)‌ و (پ) لەگەڵ كەسێكی تر بەناوی (ك، ك، ع) یاریدەدەری نوسینگەی ژمارە (22)ی مەنەفێستی ئۆتۆمبێل لەناو دەروازەكە، دەستگیركراون.

هەر بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، ئاشكرابوونی ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هاتووە،  بەرپرسی یەكێك لەنووسینگەكانی مەنەفێست لەبەردەم سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخ‌ و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ دانی بەوەداناوە بڕی (42 هەزار) دۆلاری وەكو بەرتیل بە هەریەكە لەدوو كارمەندی گومرگ داوە، بۆ جێبەجێكردنی ئەو كارە، ئەو دوو كارمەندەی گومرگیش كە پارەكەیان وەرگرتووە، ئێستا دەستبەسەرن، یەكێكیان كارمەندی بەشی ئۆتۆمبێل ‌و ئەوی دیكه‌یان كارمەندی دەروازەی سنوورەكەیە.

سەرچاوەیەكی ئاگاداریش لەبانكی باشماخ، بۆ دواڕۆژ وتی "ئاشكرابوونی دۆسیەی ئەو (233 ملیۆن) دینارە، دوای ئەوە هاتووە ناكۆكی لەنێوان ئەو كەسانەدا دروستبووە كە تێوەگلاون لەرادەستنەكردنی پارەكە بە بانك". 

لەلایەكی تریشەوە، سەرچاوەیەك لەبنكەی پۆلیسی پێنجوێن، كە لەبەر هەستیاری پۆستەكەی داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، روونیكردەوە "ئەو دۆسیەیه‌ هیچ پەیوەندی بەئێمەوە نییە و هی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخە، ئێمە تەنیا لەبەر نەبوونی بەندینخانە ئەو كەسانەمان لەپێنجوێن دەستبەسەر كردووەو لای خۆمان رامانگرتوون".

وتیشی "لەئێستادا تەنیا یەكێكیان لەپێنجوێنە و دووانی دیكه‌یان لەسلێمانیە و بەپێی ماددەی 307 بەرتیل وەرگرتن كە  تاوانێكی زۆر  قورسە و سزاكەی لەپێنج ساڵ بەرەو سەرەوەیە، گیراون، بەپێی بڕیاری دادوەر و هێشتا  لەقۆناغی لێكۆڵینەوەدایە".

لەناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە شەش كیلۆمەتر لەقەزای پێنجوێنەوە دوورە، رۆژانە كاروباری بارزگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدەدرێت، هاوكات زیاتر لە (100) نوسینگە هەن كە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، بەڵام (85) نوسینگەیان كاران ‌و كاردەكەن.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure