سێ حاڵه‌تى توشبوون به‌ ئه‌نفلۆنزاى به‌راز له‌ شارێكى كوردستان ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 826‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

ته‌ندروستی كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌مساڵدا ته‌نها سێ حاڵه‌تی توشبوون به‌نه‌خۆشی ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز تۆماركراون، دڵنیاییش ده‌داته‌ هاوڵاتیان كه‌ چاره‌سه‌ری پێویستیان له‌به‌رده‌ستدایه‌.

دكتۆر سه‌باح نامق، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی ته‌ندروستیی گشتیی له‌ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كه‌ركوك هه‌ردوو جۆره‌ ئه‌نفله‌وه‌نزای ئاسایی و ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز (H1N1) بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌عرازه‌كانیشی هاوشێوه‌ی یه‌كتره‌، به‌ڵام دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان كه‌ هیچ مه‌ترسیه‌كی نابێت له‌سه‌ر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و ده‌رمانی پێویست هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.

ئاشكراشیكرد: تاوه‌كو ئێستا 9 هاووڵاتی به‌هۆی توشبوونیان به‌ ئه‌نفله‌وه‌نزاوه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك كراون كه‌ سێ كه‌سیان له‌جۆری H1N1 بووه‌ و چاره‌سه‌ری ته‌واویان وه‌رگرتووه‌ و دۆخی ته‌ندروستیان جێگیره‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی ته‌ندروستی وتیشی: "ئه‌نفله‌وه‌نزای به‌راز ته‌نها له‌یه‌ك كاتدا مه‌ترسی دروستده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سی توشبوو له‌ 5 ساڵ كه‌متر بێت یاخود ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی شه‌كره‌ و ره‌بوو و فشاری خوێنیان هه‌بێت كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گیان له‌ده‌ستبده‌ن".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ كه‌ركوك په‌تای ئه‌نفلۆنزا هاوشێوه‌ی ساڵانی رابوردووه‌ و هیچ حاڵه‌تێكی گیان له‌ده‌ستدانیش نه‌بووه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure