نێچیرڤان بارزانی: نابێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 1969‌ جار بینراوە
دیمه‌نێكى كۆبونه‌وه‌كه‌

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی عێراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری ده‌ده‌ن.


نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) رایگه‌یاند: هه‌موو هه‌وڵێك بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی عێراق و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری ده‌ده‌ن و نابێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ململانێكان.

وتیشى:‌ "له‌م قۆناغه‌دا بۆ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، عێراق پێویستی به‌ پشتگیریی هاوپه‌یمانانه‌".

ئه‌و لێدوانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌میانه‌ى كۆبونه‌وه‌یدا بوو له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر.

به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێكى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نێچیرڤان بارزانی له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا راشیگه‌یاندووه‌: هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ردانی جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى قه‌ته‌ر بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختى له‌ كارى هه‌موو لایه‌ك بۆ پاراستنی ناوچه‌كه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێشتا مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی داعشى له‌سه‌ر ماوه.

لای خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی رایگه‌یاند: ئه‌وان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ پێگه‌یه‌كدایه‌ ده‌توانێت هاوكار بێت بۆ خاوكردنه‌وه‌ى گرژییه‌كان، هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان گرنگیی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا.

هه‌ر به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: تاوتوێكردنی هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان و هاتنی تیمێكی ته‌كنیكی قه‌ته‌ری بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵسه‌نگاندن له‌مباره‌یه‌وه‌، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تیی هاوكاریكردنیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure