به‌شیر حه‌داد: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 20352‌ جار بینراوە
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی 

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق رایدەگەیەنێت: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت و ئەو پەرلەمانتارەشی داوای راگرتنی مووچەی هەرێمی کردووە تەنها رای تاکەکەسی خۆیەتی.


له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانتارێكى لیژنه‌ى ده‌سپاكى داوایه‌كى به‌ناوى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق كرد كه‌ تیایدا داواى راگرتنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات تا ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم نەوت رادەستی بەغدا دەکات.

بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەو نوسراوە وەک داواکاری لەلایەن سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە کە تەنها تەعبیر لە رای تاکەکەسی خۆی دەکات.

وتیشی: "ئەو دواکارییە بەو ئاسانییە جێبەجێناکرێت، چونکە هەرێم و بەغدا رێکكەوتنیان لەنێوان هەیە و تاوەکو ئێستاش کار بەو رێکەوتنەکە دەکرێت و ناردنی مووچەش بەردەوام دەبێت". 

به‌شیر حه‌داد ئاماژەی بەوەشکرد: لەئێستادا بەهۆی خۆپیشاندان و کێشەی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی رێکەوتن لەسەر پشکی کورد لە بووجەی گشتی عێراق و رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە عێراق وەستاوە، بەڵام ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی رێکەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.

پێشتریش شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: داواكارییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوردا نییه‌، هه‌روه‌ك داواكه‌ له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌وه‌ واژۆكراوه‌ نه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌.

وتیشى: "لیژنه‌ى ده‌سپاكى هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كى ره‌سمى بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر داوایه‌كى له‌و جۆره‌ نه‌كردووه‌" دوپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌: په‌رله‌مان له‌ پشووى یاساداناندایه‌ و هیچ لیژنه‌یه‌ك ناتوانێت كۆبونه‌وه‌ بكات بۆ ده‌ركردنى له‌م جۆره‌ بڕیارانه‌.

شیروان میرزا ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: داواكارییه‌كى له‌و جۆره‌ ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندى لیژنه‌ى داراییه‌ نه‌ك لیژنه‌ى ده‌سپاكى.

جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌: "ده‌كرێت به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ببڕدرێت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بودجه‌ى 2020 په‌سه‌ندبكرێت و هه‌رێم پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بێت، به‌ڵام تائێستا بودجه‌ په‌سه‌ندنه‌كراوه‌ و ئێمه‌ش له‌ ساڵى 2020داین، حكومه‌تیش پاره‌ به‌پێى یاساى (الادارة المالیة) خه‌رجده‌كات كه‌ خه‌رجكردنى دیاریكردووه‌ به‌ رێژه‌ى 1 له‌سه‌ر 12 له‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى پێشوو.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شى وت: جێبه‌جێكردنى 1/12 مووچه‌ و بودجه‌ى به‌كاربردن ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى مووچه‌ى پارێزگاكانى ترى عێراقدایه‌ و بڕینى یاسایى نییه‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure