داعش هێرشێكى له‌ ناوچه‌یه‌كى كوردستان ئه‌نجامدا

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 5114‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

فەرماندەیەکی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت: چەکدارانی داعش لە سنوری قەزای مەخمور هێرشیانکردەسەر هێزە عێراقیەکان، بەڵام هێرشەکە تێکشکێندرا و هیچ زیانێکی گیانیشی نەبووە.

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری مەخمور (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) بە دواڕۆژی راگەیاند: كاتژمێر 7:40ى ئەمشەو مەفرەزەیەکی چەکدارانی داعش هێرشێكیان لە بناری چیای قەرەچوغ نزیک گوندی قەڵاتە سۆران ئه‌نجامدا، بەڵام هێرشەکە تێکشکێندرا.

وتیشی: "چەکدارانی داعش هەوڵیاندا لە هێرشەکەدا بنکەیەکی هێزە عێراقیەکان له‌ ناوچه‌كه‌ بکەنە ئامانج، بەڵام هه‌رزوو لەلایەن هێزە عێراقیەکانه‌وه‌ وەڵامدرانەوە و تەقەیان لێکرا، بۆیه‌ چەکدارانی داعش كشانه‌وه‌".

چیای قەرەچوغ ده‌كه‌وێته‌ سنوری قەزای مەخمور-ى سەر بە پارێزگای هەولێر.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە باسی لەوەشکرد: لەدوای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سلێمانی گشت بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە سنوری مەخمور و چیای قەرەچوغ وەستاوە، بەوەش چەکدارانی داعش مەترسیان له‌سه‌ر کەمترە و زیاتر هەوڵی هێرشکردن دەدەن، بەڵام ئێمە و هێزە عێراقیەکان مەفرەزەکانمان هاوبەشە و لە ئامادەباشی تەواوداین و نەمانهێشتووە ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ چالاکیەکانیان. 

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure