ده‌رباره‌ى مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ دڵنیایى به‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 9075‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى ناوه‌ندى ناتوانێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ببرێت، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانه‌وه‌ داواكراوه‌.


له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا په‌رله‌مانتارێكى لیژنه‌ى ده‌سپاكى داوایه‌كى به‌په‌له‌ى به‌ناوى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌وه‌ ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق كرد كه‌ تیایدا داواى وه‌ستاندنى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: داواكارییه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوردا نییه‌، هه‌روه‌ك داواكه‌ له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌وه‌ واژۆكراوه‌ نه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌.

وتیشى: "لیژنه‌ى ده‌سپاكى هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كى ره‌سمى بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر داوایه‌كى له‌و جۆره‌ نه‌كردووه‌" دوپاتیشیكردوه‌ته‌وه‌: په‌رله‌مان له‌ پشووى یاساداناندایه‌ و هیچ لیژنه‌یه‌ك ناتوانێت كۆبونه‌وه‌ بكات بۆ ده‌ركردنى له‌م جۆره‌ بڕیارانه‌.

شیروان میرزا ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: داواكارییه‌كى له‌و جۆره‌ ئه‌رك و تایبه‌تمه‌ندى لیژنه‌ى داراییه‌ نه‌ك لیژنه‌ى ده‌سپاكى.

جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه‌: "ده‌كرێت به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ببڕدرێت له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بودجه‌ى 2020 په‌سه‌ندبكرێت و هه‌رێم پێوه‌ى پابه‌ندنه‌بێت، به‌ڵام تائێستا بودجه‌ په‌سه‌ندنه‌كراوه‌ و ئێمه‌ش له‌ ساڵى 2020داین، حكومه‌تیش پاره‌ به‌پێى یاساى (الادارة المالیة) خه‌رجده‌كات كه‌ خه‌رجكردنى دیاریكردووه‌ به‌ رێژه‌ى 1 له‌سه‌ر 12 له‌ یاساى بودجه‌ى ساڵى پێشوو.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ ئه‌وه‌شى وت: جێبه‌جێكردنى 1/12 مووچه‌ و بودجه‌ى به‌كاربردن ده‌گرێته‌وه‌، بۆیه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ى مووچه‌ى پارێزگاكانى ترى عێراقدایه‌ و بڕینى یاسایى نییه‌.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure