حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و بودجه‌ى هه‌رێم رونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 1499‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: دووباره‌ رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى به‌غدا تاوتووێ ده‌كرێت و ده‌شڵێت: تاوه‌كو نه‌زاندرێت مانگانه‌ به‌غدا چه‌ند بودجه‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، ناتوانین بودجه‌یه‌كى حه‌قیقى بۆ هه‌رێم دابڕێژرێت.


ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانوونى دووه‌مى 2020) له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێكى سه‌ره‌تایى، به‌ڵام به‌هۆى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ له‌ بودجه‌ى عێراق جێگه‌ى كراوه‌ته‌وه‌ بنێردرێته‌ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنى.

وتیشى: "له‌كاتى سه‌ردانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق بۆ هه‌ولێر، سه‌رۆكى حكومه‌ت جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دووباره‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ تاووتوێبكرێت له‌گه‌ڵ به‌غدا".

ئومێد سه‌باح، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌ بڕیارى سه‌رۆكى حكومه‌ت دوو كۆمیته‌ دروستكراوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌غدا، یه‌كێكیان په‌یوه‌ندى به‌ دارایى و نه‌وت و گازه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌یتریان په‌یوه‌ندى به‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌ به‌ره‌وپێشچوونى زۆرباش هه‌یه‌.

وتیشى: "سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم ره‌زامه‌ندى داوه‌ كه‌ بچینه‌ په‌رله‌مان و رونكردنه‌وه‌ى له‌باره‌ى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌ په‌رله‌مانى كوردستان بده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ى 2020ى هه‌رێم، ئومێد سه‌باح وتى: "بودجه‌ دوو به‌شه‌، به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ داهاتى ناوخۆى هه‌رێم و فرۆشتنى نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكى دیكه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ داهاته‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمى ده‌نێرێت، بۆیه‌ تاوه‌كو نه‌زانین به‌غدا چه‌ند پاره‌مان بۆ ده‌نێرێت، ناتوانین بودجه‌یه‌كى حه‌قیقى دابڕێژین".

ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌ى چاكسازى-یش كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ندبكرێت، ئومێد سه‌باح وتى: "به‌ بڕیارى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم، وته‌بێژى حكومه‌ت له‌ كۆنفراسێكى رۆژنامه‌وانى ورده‌كارى یاساى چاكسازى  و ئامانجى سه‌ره‌كى یاساكه‌ كه‌ بۆ دادپه‌روه‌رى و یه‌كسانییه‌، بۆ راى گشتى رونده‌كاته‌وه‌".

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure