خوێندنى باڵاى عێراق بڕیارێكى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ركرد

هەواڵ / کوردستان :: 15/01/2020‌ :: 498‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق به‌ نوسراوێكى فه‌رمى دانپێدانانى به‌ پێنج زانكۆى هه‌رێمى كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، سه‌رۆكى زانكۆكه‌ش ده‌ڵێت: ئه‌م دانپێدانانه‌ زۆر كێشه‌ى گه‌وره‌یان له‌كۆڵده‌كاته‌وه‌.


د. مهاباد كامیل، سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى كانونى دووه‌مى 2020) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ نوسراوى فه‌رمى دانپێدانانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراقمان به‌ده‌ستگه‌یشت كه‌ تیایدا به‌ فه‌رمى دانانیناوه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ناویشیاندا زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ سه‌رجه‌م مه‌رج و رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراقى تیادا جێبه‌جێكراوه‌.

وتیشى: "ئه‌م دانپێدانانه‌ زۆر كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌كۆڵكردینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌رچووانى به‌شه‌ جیاوازه‌كانى زانكۆكه‌مان نه‌یانده‌توانى له‌ زانكۆكانى دیكه‌ى عێراق درێژه‌ به‌ خوێندنى ماسته‌ر و دكتۆرا بده‌ن، یاخود بڕوانامه‌كانیان له‌ داموده‌زگاكانى عێراقدا كارى پێنه‌ده‌كرا ته‌نانه‌ت به‌هه‌مان هۆ نه‌مانتوانیوه‌ زۆر كۆڕ و سیمینارى زانستى له‌ زانكۆكه‌مان ئه‌نجام بده‌ین كه‌ كه‌سى بیانیمان بانگهێشتكردووه‌ به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى ئه‌و زانكۆیه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ دانى پێدانه‌نراوه‌".

سه‌رۆكى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و دانپێدانانه‌ى كه‌ ده‌رچووه‌ سه‌رجه‌م ده‌رچووانى ساڵانى رابوردووى به‌شه‌ جیاوازه‌كانى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌گرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێندكارانه‌ى كه‌ له‌مه‌ولا بڕوانامه‌ به‌ده‌ستده‌هێنن، ئه‌وان ده‌توانن له‌ ناوچه‌كانى ژێر ده‌سته‌ڵاتى حكومه‌تى عێراقیش داواى دامه‌زراندن یاخود درێژه‌دان به‌ خوێندن بكه‌ن و ته‌نانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمیش بڕوانامه‌كانیان دانپێدانراو ده‌بێت.

له‌ نوسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا جگه‌ له‌ زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ زانكۆكانى (سۆران، كوردستان، زاخۆ و راپه‌ڕین) دانیان پێدانراوه‌.

ده‌قى نوسراوه‌كه‌:

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە