"فرۆشى خانوو به‌ رێژه‌ى 16% زیادیكردووه‌"

هەواڵ / ئابوری :: 15/01/2020‌ :: 1540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

به‌پێى كۆمپانیایه‌كى تایبه‌ت به‌ كه‌رتى خانووبه‌ره‌ له‌ هه‌رێم فرۆشى خانوو و شوقه‌ له‌ ساڵى 2019دا به‌راورد به‌ ساڵى پێشتر به‌ رێژه‌ى زیاتر له‌ 16% و 18% زیادیكردووه‌.


كۆمپانیاى عەقاراتی حاجی سەلام (ئەمڕۆ چوارشەممە 15ى كانونى دووه‌مى 2020) راپۆرتى جوڵەی كەرتی خانووبەرەی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووه‌: لەساڵی 2019دا نرخی کرێی خانوو لە 13.82% و شوقەش لە 14.515% بەرزبووەتەوە.

هەر لەو راپۆرتەکەدا هاتووە: "فرۆشی خانوو بەڕێژەی لە 16.28% و فرۆشی شوقەش به‌ڕێژه‌ى لە 18.38% زیادیکردووە".

سەبارەت بە زەوی نیشتەجێبوون و بازرگانی و کشتوکاڵیش رونکراوەتەوە: لەساڵی 2019 بەراورد بە ساڵی 2018 فرۆشی زەوی نیشتەجێبوون به‌ڕێژه‌ى 29.15% و زەوی بازرگان لە 4.25% و زەوی کشتوکاڵیش لەسەدا 76.05% زیادیکردووە.

لە راپۆرتەكە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخەكان بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.

عەقاراتی حاجی سەلام کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە بواری نێوەندی خانووبەرە (وسیط العقاري) و بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى له‌ هه‌ولێره‌.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure