ئاگرەكەی ئوسترالیا و سیستمەكانی ژینگە

هەواڵ / جیهان :: 15/01/2020‌ :: 144‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

تائێستاش بە وردی نەزانراوە ژمارە و بڕی ئەو جۆرە رووەك و گیانلەبەرانە چەندن كە بەهۆی ئاگری دارستانەكانی ئوسترالیاوە لەناوچوون. بەڵام زاناكان پێشبینییەكی ترسناك دەكەن، چونكە پانتایی ئەو ناوچە سووتاوانە هێندەی پانتایی ئینگلتەرا دەبێت. تەنانەت ئەو ئاژەڵانەش كە راستەوخۆ بەهۆی ئاگر و دوكەڵەوە لەناونەچوون، زوربەیان راگوێزراون بۆ شوێنانی دیكە، یان خۆیان هەڵاتون بۆ ناوچەكانی دیكە و سەرەنجام هەر لەناودەچن.


پسپۆڕانی بواری ژینگە دەڵێن: لە ئوسترالیادا ئیتر ئاژەڵە كێوییەكان بەتەواوی لەناودەچن یان بڕێكی زۆر كەمیان لێ‌ دەمێنێتەوە، چونكە نە خۆراك و نە شوێنی گونجاوی ژیانیان ماوە و تا ماوەیەكی زۆریش ئەو دوو سەرچاوەیە دروست نابنەوە. بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی زانكۆی سیدنی نزیكەی یەك ملیار گیانلەبەر لەناوچون.

 ئەم ژمارەیە تەنیا باڵندە و شیردەرەكان و خشۆكەكان دەگرێتەوە، واتە ئاژەڵە بێ‌ بڕبڕەكان و مێرووەكان و بۆق و شەمشەكوێرەكان ناگرێتەوە. زاناكان دەڵێن: ئەمە تەنیا بەشێكی كەمی كێشە ژینگەییەكەیە. زیانەكە هێندە گەورەیە كە سیستمە ژینگەییەكان لە ئاییندەیەكی نزیكدا بەتەواوی هەرەس دەهێنن. زیاتر لە دوو هەزار جۆر گیانلەبەر هەڕەشەی لەناوچونیان لەسەرە و ئەمانە رۆڵیان هەبووە لە بەڕێوەچونی سیستمە ژینگەییەكاندا، لەبەرئەوە بەدڵنیاییەوە ژینگەی ئوسترالیا و تەواوی گۆی زەوی زەبرێكی زۆر كاریگەریان بەركەوتووە.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure