بەختەوەریی لەنێوان وەهم و بازرگانیدا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/01/2020‌ :: 127‌ جار بینراوە

ئامادەكردنی: دواڕۆژ

هەموومان بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێین، لە كرێكارێكی هەژارەوە كە بۆ بەخێوكردنی خێزانەكەی ناچارە دوو كار بكات، هەتا ئەو بزنسمانە ملیۆنێرەی كە هەموو هۆكارەكانی خۆشگوزەرانی هەیە.


دەگوترێت، پارە ناتوانێت بەختەوەریی بكڕێت، بەڵام ئەمە مانای وانیە كە مرۆڤ بە كردەوە بەختەوەریی دەكڕێت. بۆ نموونە: دەبینین خێزانێكی مامناوەند، یەك دوو ساڵ پارە كۆدەكاتەوە تا بتوانێت گەشتێكی خۆش بۆ پاریس بكات لە ئوتێلێكی پێنج ئەستێرەییدا كە دەمێكە خەونی پێوە دەبینێت. ئەمە لە پێناوی خۆشبەختیدا دەكات. هەندێكی دیكەمان، لە دەمی خۆی دەگرێتەوە و واز لە دابینكردنی پێویستی بنەڕەتی ئەهێنێت، تەنها بۆ ئەوەی تازەترین مۆبایل بكڕێت، چونكە وادەزانێت ئەمە بەختەوەری دەكات. 

هەندێكمان هەوڵ دەدات بە كڕینی باسكیلێك بۆ منداڵەكەی یان ئەنگوستیلەیەكی زێڕ بۆ هاوسەرەكەی كامەرانیی بەدەست دەهێنێت. ئەمانە چەند نموونەیەكی سادەن لەو رێگا زۆرانەی كە خەرج كردنی پارە هەستی دڵخۆشیی و لەخۆڕازیبوونت تێدا دروست دەكات.


ئێستا دڵخۆشیی بووە بە كاڵایەك پێویستە بەدەستی بهێنیت. ئێمە دەمانەوێت بەختەوەر بین، بەختەوەرییەكەشمان هەر ئێستا دەوێت. گەشەكردنی جیهانگیریی كارێكی كردووە ئەم كلتورە ئەمریكییە هەموو جیهان بتەنێتەوە. مەسەلەكە پێشتر بەمجۆرە نەبووە. تەنانەت لە ژیانی رۆژانەی ئەمریكییەكانیشدا جاران پارە هەمیشە رۆڵی گەورەی نەبینیووە لە بەختەوەركردنی مرۆڤدا. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لە ئابوورییەكی گەشەكردوی جیهانگیردا دەژین، كە پارە تیایدا رۆڵی هەیە لە ناچاركردنی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی چەند بژاردەیەك تا هەست بە بەختەوەری بكات.

پێشتر ئەگەر كەسێك بیگوتایە بەختەوەریی كاڵایەكە وەكو كاڵایەكی دیكە، خەڵكەكە بە شێتیان لەقەڵەم دەدا. مەسەلەكە لە قۆناغێكدا وای لێهات بەختەوەریی ئێمە تەوەری سەرەكی كار و پیشە و بازرگانی كەسانی دیكە بێت.

كۆمەڵناسەكان دەڵێن: بەختەوەریی تەنیا هەر نەبووە بە كاڵایەك و بەس، بەڵكو بووە بە جۆرە كاڵایەك كە كۆمەڵگە بڕیاریداوە ئەركی سەرشانمانە بەدەستی بهێنین. دروشمەكە ئێستا بەمجۆرەیە:
"مرۆڤی دڵخۆش، هاووڵاتیەكی باشترە."
جا لەبەرئەوەی بەختەوەریی تەوەری سەرەكیی ژیانی مرۆڤە، لۆگۆ بازرگانیەكان كەوتونەتە پێشبڕكێ‌ بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی خۆیان ببەستنەوە بە دڵخۆشی و زەردەخەنە و پێكەنینەوە.

توێژینەوەیەكی ساڵی 2010 دەریخست، كە زوربەی هەرە زۆری وتارە بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، ئەو وتارە دڵدارییانەن كە پڕە لە خۆشی و بەختەوەریی. تەنانەت كۆمپانیای كۆكاكۆلاش جەخت لەسەر وێنەی دەم بە پێكەنینی كڕیارەكانی دەكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە لە مێشكی زۆرینەماندا بچەسپێت. كارەكە وایلێهاتووە كە مرۆڤ هەندێك كاڵای ناپێویستیش دەكڕێت تەنها لەبەر ئەوەی وا هەست دەكات ئەگەر ئەو كاڵایەی هەبێت دڵخۆشیی بەدەست دێنێت. قسەیەكی بەناوبانگ هەیە سەبارەت بە ریكلام كە دەڵێت: ریكلام، پشت بە یەك شت دەبەستێت: "كامەرانیی"
لە وڵاتانی خۆرئاوادا، جەژنەكانی كریسمس بە یەكێك لە بۆنە خۆشەكانی ساڵ دادەنرێت، بۆیە گرنگترین كۆمپانیاكانی جیهان سەرمایەگوزارییەكی زۆر دەكەن لەم چەند رۆژەدا. ئەم ئاڕاستەیەی ریكلامەكان تەنها هەر لە خۆرئاوادا هەستی پێ‌ناكرێت، بەڵكو سەرتاپای جیهانی گرتۆتەوە. بۆ نموونە: توێژینەوەیەك لە هیندستان دەریخستووە كە ئەو ریكلامانەی هەستی كامەرانیی دروست بكەن بە رێژەی 29% لە ریكلامە ئاساییەكان كاریگەرترن.

بەڵام با بزانین كامەرانیی چییە؟
لە قاموسە جۆراوجۆرەكاندا پێناسەی كامەرانیی بریتییە لە: هەستكردن بە چێژ یان دڵخۆشییان رازیبوون یاخود دەربڕینی ئەو هەستانە. كە واتە بەختەوەریی حاڵەتێكە نەك خەسڵەتێكی دیاریكراو. بە واتایەكی دیكە، كامەرانیی خەسڵەتێكی هەمیشەیی یان شەخسیی درێژخایان نییە. دۆخێكە قابیلی گۆڕانە.
دەرونناسەكانیش، بەم شێوەیە پێناسەی بەختەوەریی دەكەن: هەرچەندە بەختەوەریی هەستكردنە بە رازیبوون لە ژیان، هەبوونی مەزاجێكی باش، هەستكردن بە لایەنە باشەكانی، چێژ وەرگرتن. بەڵام ناتوانرێت بە شێوەیەكی دیاریكراو، پێناسەی بەختەوەریی بكرێت. تەنیا دەتوانین بڵێین:

ئەو دۆخەیە كە مرۆڤ تیایدا بەگشتی لە حاڵی خۆی رازییە. بەڵام لەهەمان كاتدا، كەلتوورەكان كاریگەرییان هەر ماوە. پارەش مەرج نییە بۆ بەدەستهێنانی بەختەوەریی. ژیانی خۆشگوزەران تاقە رێگە نییە بۆ هەستكردن بە دڵخۆشی و ئەم جۆرە ژیانە هەمیشە بەختەوەرییەكی درێژخایەن مسۆگەر ناكات. ئێستا گوشارەكانی ژیان وەك خوێندن و كار و خێزان و خەرجییەكان و ئەركەكانی دیكە، مرۆڤیان هێندە سەرقاڵ كردووە كە فریای ئەوە ناكەوێت بیر لە خۆشبەختیی بكاتەوە.


كەڵچەر و ئابورییە زاڵەكەی ئەمڕۆ، كارێكیان كردووە كە ئەمریكییەكان و بگرە هەموو جیهانیش بكەونە بەینی دوو بەرداشی خراپەوە، یەكێكیان ئەوەیە كە نەتوانیت وەكو پێویست كاتی خۆت كۆنترۆڵ بكەیت، دووهەمینیشیان ئەو بیركردنەوەیە كە دەڵێت:
رێگای بەدەستهێنانی بەختەوەریی پارەیە. ئەم شێوازی بیركردنەوەیە هانمان دەدات پارەكانمان لە بەرهەمە بازرگانییەكاندا خەرج بكەین، بەو هیوایەی بەختەوەریی بەدەست بهێنین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure