گاردیان: لە كارەساتی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە تەنیا ئێران بەرپرس نییە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/01/2020‌ :: 1186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

رۆژنامەی گاردیانی بریتانی راپۆرتێكی "مارتین ریڤیرس"ی پەیامنێری تایبەتی هاتووچۆ و گواستنەوەی ئاسمانی بڵاوكردووتەوە كە تیایدا نووسیویەتی، رۆژی 7ی كانوونی دووەم و یەك رۆژ پێش ئەوەی فڕۆكە نەفەرهەڵگرە ئۆكرانییەكە بە هەڵەی هێزی دژە ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە دەوروبەری تاران بكەوێتە خوارەوە، لە كاتێكدا ژمارەیەك فڕۆكەی بازرگانی لە ئاسمانی وڵاتی عێراقدا بوون، من لە تویتەكدا نووسیبووم "ئۆمێدەوارم كە كارەساتی خستنەخوارەوەی فڕۆكە مالیزییەكەی ساڵی 2014مان بیرنەچێتەوە".

لەو روانگەیەوە كە فڕینی فڕۆكەی مەدەنی لە ناوچە ئاڵۆزەكاندا، مەترسی تێدایە.

كەوتنەخوارەوەی كارەساتباری فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەهۆی پێكدادانی مووشەكەوە لە تاراندا، نیشانەی بێئاگایی و گوێ پێنەدانی دەزگا هەواڵگرییەكان و لایەنە پەیوەندییەدارەكانی پیشەسازی فڕۆكەی خۆرئاوایین بۆ پارێزگاریكردن لە سەرنشینەكانی فڕۆكە.

نووسەرەكە دەڵێت "گرژی و ئاڵۆزی ناوچەكە پاش تیرۆكردنی جەنەراڵ قاسم سلێمانی بە جۆرێك كە ئەو ناوچەیە بە كردەیی ناوچەیەكی جەنگییە، كەچی هیچ رێنمایی و ئامۆژگاری و هۆشدارییەك نەدراوە بەو فڕۆكانە و تەنانەت هەر وڵاتێك و هەر كۆمپانیایەك سەربەخۆ رەفتاریان كردووە، بۆ نمونە هەندێك وڵات فڕینی فڕۆكەكانیان بە ئاسمانی عێراقدا راگرت و هەندێكی دیكە رێڕەوی، فڕۆكەكانیان لە سنووری ئاسمانی ئێراندا گۆڕی".

لە بارودۆخی لەو جۆرەدا لە كاتێكدا كە تاران رایگەیاندبوو، توانا دژە مووشەكییەكانی خۆی خستووتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی هێڕشی چاوەڕوانەكراوی ئەمریكا، كەچی كۆمپانیای فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی ئۆكرانیا بڕیاریدا ئەو گەشتە ئاسمانییەی خۆی لە تارانەوە ئەنجام بدات.

لە بارودۆخی وادا كۆمپانیاكان لە خۆیان دەپرسن بۆچی گەشتەكە بكەین؟، بەڵام پێدەچێت ئۆكرانیا لە خۆی پرسیبێت بۆچی گەشتەكە ئەنجام نەدەن و ئەنجامی داوە.

لەو راپۆرتەدا هاتوو "بە دڵنیاییەوە ئێران خراپترین كاری ئەنجامداوە و ئەوە  هیچكات لەبیر ناكرێت، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیردرێت كە ئێران لە بارودۆخێكی هەستیار و ترسناكدا بووە".  

بەرپرسیارانی كەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆكەیە تەنیا ئەو كەسانە نین فڕۆكەكەیان خستووتە خوارەوە، بەڵكو ئەو كەسانەش كە فڕۆكەكەیان خستوووتە ئەو رێڕەوە ترسناكەوە.

ئەو راپۆرتەی رۆژنامەی گاردیان لە كاتێكدایە كە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆمارای ئێران، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: لەو رووداوەدا تەنیا یەك كەس و یەك لایەن بەرپرسیار نین، بەڵكو زۆر لایەن بەرپرسن لە كارەساتی فڕۆكە نەفەر هەڵگرە ئۆكرانییەكەدا.

هاوكاتیش سەرچاوە هەواڵییەكانی ئێران باس لە دەستگیركردنی چەند گومانلێكراوێک دەكەن كە رەنگە بە ئەنقەست و بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی پیلانگێری موشەكیان ئاڕاستەی ئەو فڕۆكەیە كردبێت.

عەلی شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش لەو چوارچێوەیەدا رایگەیاندووە، دواكەوتنمان لە ئاشكراكردنی هۆكاری رووداوەكە بۆ ئەوەیە، دڵنیابینەوە ئایا لەو كارەساتەدا پیلانێك لە ئارادا نەبووە.

ئەم راپۆرت و هەواڵ و لێدوانانە رەنگە رەوتی لێكۆڵینەوەكە بە ئاستێكی دیكەدا ببەن، چونكە لە رووی لۆجیكییەوە بە دوور نازانرێت دەزگایەكی هەواڵگری گەورە هەوڵی دابێت، لە رێی كارەساتێكی لەو جۆرەوە ناوچەكە بەرەو جەنگێكی بێپایان ببات. 

لە لایەكی دیكەشەوە گومان و تۆمەتی زیادتر بخرێتە پاڵ تاران و لە لایەن كۆمەڵەی دەورییەوە ئێدانە بكرێت.

هێشتا لێكۆڵینەوەكان هیچ ئەنجامێكی ئاشكرایان لێنەكەوتووتەوەو حكوومەتی تاران و وڵاتانی دیكە و تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە ئاستی زۆر بەرزدا سەرقاڵی تاوتوێكردن و لێكۆڵینەوەی وردەكاری ئەو رووداوە خوێناوییەن.

هیوادارین رۆژانی داهاتوو وەڵامی تەواو لە دەزگاكانی راگەیاندندا گومان و ئەگەرەكان بڕەوێنێتەوە.

پێداچونەوە: ئەڤین

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure