چەند گەنجێکی هەرێم لە رووداوی نقومبوونی یەختەکەی یۆنان بێسەروشوێنن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/01/2020‌ :: 7536‌ جار بینراوە
دوو وێنەی پشتیوان و سێ وێنەی کۆسرەت

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا


رۆژی شەممەی رابردوو 11 ی کانونی دووەمی 2020 ، هەواڵی ژێر ئاو کەوتنی یەختێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی یۆنان بڵاوکرایەوە کە نزیکەی 20 پەنابەری نایاسایی تێیدا خنکان، بەشێک لە قوربانییەکان خەڵکی باشوری کوردستانن و لە نێویشیاندا چەند گەنجێکی دانیشتوی سنوری ئیدارەی راپەڕین کە لە پەنابەرانی ناو یەختەکەبوون، تا ئێستا بێ سەروشوێنن .

(پشتیوان بەکر ) یەکێکە لەو گەنجانەی کە لە رووداوەکە بێسەر و شوێن بووە، بەڵام خانەوادەکەی دەڵێن کوڕەکەی ئەوان لە رووداوەکە خنکاوە، بۆیه ئەوان لە ئێستادا پرسەیان بۆ داناوە .

شاڵاو بەکری برای (پشتیوان ) بە دواڕۆژی راگەیاند "بەرەبەیانی رۆژی شەممە براکەی ئەو لە کەناراوەکانی وڵاتی یۆنان سواری یەختێک بووە بۆ پەڕینەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام دوای 6 کاتژمێر لە بەڕێکەوتنی هەواڵی نقومبوونی ئەو یەختەیان پێشگەیشتووە، بۆیه دوای رووداوەکە یەکێک لە براکانی بۆ سۆراغی هەواڵی (پشتیوان) چۆتە یۆنان، دوای گەڕانێکی زۆر چەند کەسێکی بینیوە کە لەو رووداوه رزگاریان بووە، یەکێک لە رزگاربووەکانی ئەو رووداوه پێی راگەیاندوون کە براکەی ئەوان واتا (پشتیوان ) لە رووداوەکەدا خنکاوە" .

وتیشی: "ئەوان لە بنکەکانی پۆلیسی یۆنان و هاوکات تەرمی قوربانیانی رووداوەکە گەڕاون، بەڵام لە هیچ شوێنێک تەرمی براکەی ئەو نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە تا ئێستا بە تەواوی دڵنا نین لە گیان لە دەستدانی، بەڵام لە دۆزینەوەی بێهیوا بوون، بۆیە ئەوان لە ئێستادا پرسەیان بۆ (پشتیوان) ی برای داناوە ئەوان وەک خۆیان دەڵێن (خنکاوە) .

گەنجێکی تریش بەناوی (کۆسرەت عەبدوڵا ) دانیشتووی قەڵادزێ لە رووداوەکە بێسەر و شوێنە .

سەفەر عەبدوڵای برای (کۆسرەت) بە دواڕۆژی وت:  "براکەی ئەو سەرنشینی هەمان ئەو یەختە نقومبووە بووە کە لە یۆنانەوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتووە، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی نادیارە، کۆمەڵێک دەنگۆ هەیە کە لەکاتی ژێرئاوکەوتنی ئەو یەختەدا یەختێکی تر چەند گەنجێکی زرگار کردبێت، بۆیە ئومێد دەخوازن کە براکەی ئەویش یەکێک بێت لە رزگار کراوەکان ."

سەفەر باسی لەوەشکرد: تا ئێستا چارەنوسی براکەی نادیارە، بۆیە داواکارن لە حکومەت و رێکخراوەکان و هاوڵاتیانی کورد لە سنوری وڵاتی یۆنان کە چارەنوسی ئەو گەنجە کوردانە ئاشکرا بکەن .

" چەند گەنجێکی کورد لە رووداوی نقومبوونی یەختەکە گیانیان لە دەستداوە   "

ئاری جەلای بەرپرسی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە دواڕۆژی راگەیاند "بە داخەوە ژمارەیەک گەنجی باشوری کوردستان لە رووداوی نقومبوونی یەختەکەی یۆنان بوونەتە قوربانی، بەڵام تا ئێستا ژمارە و ناسنامەی خنکاوەکان بە فەرمی بەردەست نیین، چونکە ئەوان کۆچبەری نایاسایی بوون، بۆیە زانیاری ورد لەبەردەست پۆلیسی یۆنان نییە تا بە فەرمی رایبگەیەنن".

ئاری جەلال راشیگەیاند "ئەوان وەک دەزگای لوتکە لە رێگەی نوێنەرەکانیان لە وڵاتی یۆنان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی زانیاری ورد و ژمارە و ناوی قوربانیانی خەڵکی باشوری کوردستان لەو رووداوە رابگەیەنن".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure