چیرۆکی ئەو مامۆستایەی بۆ چوونە بواری سەربازی وازی لە کارەکەی هێنا

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 15/01/2020‌ :: 3793‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان رەزا


لەپیشەی مامۆستایەوە بۆ بواری سەربازی، هەرچەندە كاركردن بۆ كچێك لەبواری سەربازی قورس بوو، بەڵام  ئەوە حەزوو ئارەزوو بوو كە وایلێكردوە تائێستا بەردەوامبێت ئەمە وتەی بەیان  جەمالی تەمەنی 41 ساڵەی دەرچوی  كۆلێجی زمانە،  بەڵام دوای ماوەیەک لە پیشەی مامۆستایی بڕیار دەدات کارەکەی بگۆڕیت و لەئێستادا لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندیەكانە بە پلەی رائید لەبەڕێوەبەرایەتی  پاسپۆرتی سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا چیرۆکی ژیان و سەرکەوتنی خۆی لە کارەکەیدا دەگێڕێتەوە.


دواڕۆژ : ئەزموونی چونە ناو بواری سەربازی وەك ژنێك چۆن دەستی پێكرد؟

بەیان جەمال: لە دوای دەرچونم لەزانكۆ بۆماوەی دوو ساڵ  مامۆستا بووم، بەڵام دوای ئەو ماوەیە دەستم لە كاری مامۆستای كێشایەوە،  ئەوەش تەنها بۆئەوە بوو كە حەزوو ئارەزوم ئەوە بوو لەبواری سەربازییدا كاربكەم، سەرەتا كەدەستم پێكرد  بۆ من زۆر قورس بوو، چونكە ساڵی 2005  ژن زۆر نەدەچووە بواری سەربازییەوە، یەكەم جار بەپلەی مفەوەز لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت دامەزرام،  پاشان دوای ساڵێك و شەش مانگ  توانیم ببم بە ئەفسەر، دوایی بینینی خولێكی  یەك ساڵی  لە كۆلێجی  پۆلیس لە فەرماندەیی  بەپلەی مولازم دەرچوم،  لەناو 30 كچدا پلەی شەشەم بەدەستهێنا لە ناو 80  كوڕو كچیشدا پلەی 17 یەم م بەدەستهێنا، ئەمەش بۆكچێك بۆ ئەو كاتە زۆر باش بوو.

هەرچەندە  زۆر قورس  و گران بوو وەك كچێك، دەبوو لەبەر گەرما و سەرما و مەشق بكەیت ئاسان نەبوو، پاش دەرچوونم لەو خولەدا  لە بەرێوەبەرایەتی رەگەزنامەی گشتی وەك ئەفسەر  لەبەشی راگەیاندن و پەیوەندیەكان دانرام، سەرەتا هیچ شتێكم لەسەر  راگەیاندن نەدەزانی، بەڵام بەپێ كات و و رۆژگار و حەز و خولیام بۆ كارەكە هەر زوو فێربووم ، چونكە ئیشەكە  تاقەو وزەی زیاتری پێدەدام دەمتوانی  پەیوەندیەكی باش لەگەڵ  دەوروبەر و هەموو بەرێوەبەرایەتیەكەدا دروست بكەم.

دواڕۆژ:چی وای لێکردییت دەست بەم کارە بکەیت و بەردەوام بیت؟

رائید بەیان: وەكو كچێك لەپلەیەكی سەربازی كاربكات ئاسان نیە، چونكە  سەرەتا كەدەستم پێكرد قورس بوو لەگەڵ ئەوەشدا  كاتەكانی ئیشكردنم زۆر بوو دەبو ماوەیەكی زۆر كاربكەم، بەڵام نەوەستام  لەبەرئەوەی  حەز و ئارەزووم ئەوە بوو لەبوارێكی سەربازی كاربكەم، بۆیە بەردەوامبووم، لەئێستادا پلەی رائیدیم وەرگرتوە و  لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەكانم لەبەرێوەبەرایەتی پاسپۆڕتی سلێمانی، رۆژانە ئەو كارانەی كەتایبەتن بە كارەكەی خۆم لەناو بەرێوەبەرایەتیەكە ئەنجامی دەدەم، ئەگەر هەر بەشێكی تریش پێویستی بەمن بێت دەچم هاوكاری ئەوانیش دەكەم لەكارەكانیاندا.


دواڕۆژ: كێ پاڵپشتت بوو لەم کارەدا؟

رائید بەیان، هەر كارێك كەدەستی دەدەیت جا لەهەر بوارێكدا بێت، ئەوەی زۆر گرنگە هاوكاری خێزانە  كە دەبێتە پاڵپشت بۆت لەكارەكاندا  بۆ  گەیشتن بەحەزوو خولیاكانت، منیش ئەگەر پاڵپشتی خێزانەكەم نەبوایە نەمدەتوانی سەربكەوم بگەم بەپلەو پۆستەی كەئێستا هەمە.


دواڕۆژ: ئاستەنەگاكانی بەردەم ژنێك كە لەبوار سەربازی كار بكات چیە؟

رائید بەیان: سەرەتا كاتێك هاتمە ئەم بوارەوە ئەوەی بۆمن زۆر قورس بوو ئەوەبوو جلی سەربازی لەبەربكەم، ئەوە یەكێك بوو لەئاستەنگەكان بۆمن، بەڵام یاسای كارەكە وابوو دەبێت جلی  سەربازی لەبەربكەم، هەروەها  لەگەڵ ئەوەش دەوامەكەم زۆر بوو وەك كچێك ئاسان نەبوو، بەڵام  حەزو و ئازەوو وایی لێكردم هەموو ئەو ئاستەنگانە بشكێنم و بەردەوام بم، هەروەها گوێم بە هیچ قسەیەكی خەڵك نەدەم  ئەگەر  قسەی وەهایان كردبێت كە بواری سەربازی بۆ ژن نەهاتووە.

دواڕۆژ ئامۆژگاری كچان  بۆ هاتنە ناو دونیای كاركردنەوە چیە؟
رائید بەیان: هەموو كچێك دەبێت ئەوە بزانێت حەزی لەهەر كارێك بێت دەبێت نەترسێت  و بڕواتە پێشەوە لەگەڵیا هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بگات بەو ئامانجەی  خۆی دەیەوێت لەگەڵ رۆژگار و حەز و خولیاكانیدا بڕوات و متمانەی  بەخۆی هەبێت و هەوڵ بدات هاوكاری دەوروبەر  بەدەست بهێنێت  و خۆی لەگەڵ دەوربەردا بگونجێنێت.

دواڕۆژ: چۆن سەركەوتیت؟
رائید بەیان: تەواویی تواناكانی خۆم  وای لێكردم كەباوەڕ و متمانەم بەخۆم بێت و بڕۆمە پێشەوە و هەنگاو بنێم و بەپێی ئەوەی حەزم لەو كارەكەبوو  هەوڵمدا و توانیم سەركەوتن بەدەستبهێنم، هەروەها  هاوكاریكردنی دەوروبەر و  بەرێوەبەرایەتیەكەشم یەكێكی تر بو لەهۆكارەكانی سەركەوتنم.

 پێداچونەوە:ئەڤین
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure