گۆڕان سكاڵاى یاسایی له‌دژى به‌رهه‌م ساڵح تۆماركرد

هەواڵ / عێراق :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1645‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق تانه‌ له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان عێراق ده‌دات، كه‌ دوێنێ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریه‌وه‌ سوێندنی یاساییان خوارد و ده‌ستبه‌كاربوون و به‌شێك له‌ سكاڵایه‌ش له‌دژى به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌ركۆماره‌ به‌هۆى ده‌ركردنى مه‌رسومى كۆمارى بۆ ده‌ستبه‌كار بوونیان.


رۆژی 5ی كانونی یه‌كه‌می 2019، په‌رله‌مانی عێراق یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌سه‌ند كردو ئه‌ندامانی پێشووی كۆمسیارانیشی خانه‌نه‌شینكرد به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی نوێ، هاوكات 1ی كانوونی یه‌كه‌می 2019 ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق به‌شێوه‌ی تیروپشك حه‌وت دادوه‌رو دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت وه‌كو كۆمسیار هه‌ڵبژارد كه‌ دوو له‌ داوه‌ره‌كان كوردن و دوێنێش كۆمسیاران له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عێراق سوێندیی یاساییان خواردو ده‌ستبه‌كاربوون، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنیان ناڕازییه‌و تانه‌ی لێده‌دات.

به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاسای كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی ژماره‌ 31ی ساڵی 2019 ده‌ركرد به‌مه‌به‌ستی یه‌كسانی ده‌رفه‌ت و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و پاك و بێگه‌رد، بۆیه‌ رێككاری تیروپشكمان دیاریكردبوو بۆ دانانی كۆمسیاره‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ ناوه‌ند و له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌یان به‌ لاڕێدا برد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌ باڵا ده‌سته‌كان  و  تیروپشكێكى كارتۆنیان ئه‌نجامدا، كه‌ پێشتر بڕیار درابوو كێ داده‌نرێت".

وتیشی:"له‌ ڕێگه‌ی پارێزه‌ره‌وه‌ تانه‌مان له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ به‌رزكرده‌وه‌ بۆ دادگای فیدراڵی پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی سێیه‌م له‌ مادده‌ی 93ی ده‌ستوری عێراقی به‌ركار به‌وه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی 16ی ده‌ستورو هه‌ردوو مادده‌ی 3و4 ی یاساكه‌ كاریكردووه‌، هه‌روه‌ها سه‌رۆك كۆمار پێشلی مادده‌ی 50 ی ده‌ستوری كردووه‌ له‌ ده‌ركردنی مه‌رسوم بۆ دامه‌زراندنی كۆمسیاران، بۆیه‌ داواكه‌مان له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و  به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار به‌رزكردووه‌ته‌وه‌".

به‌هار مه‌حمود، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌و هیوایه‌ی دادگای باڵا بێلایه‌نی خۆی بپارێزێ و حوكم بدات به‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی رێككاری دانان و ئه‌نجامدانی تیروپشكه‌كه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌رسومه‌ كۆمارییه‌كه‌ و دووباره‌ ئه‌نجامدانی تیروپشك تاوه‌كو له‌گه‌ڵ یاساكه‌ی كۆمسیۆن بگونجێت.
پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure