لقێکی بەڵێندەرانی کوردستان بڕیاریدا کۆنفرانس ببەستێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/01/2020‌ :: 410‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

بەمەبەستی نوێکردنەوەی سەرۆک و دەستەی بەڕێوەبردن لقێکی بەڵێندەرانی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی کۆنفرانسی دا.

میران کامیل، وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "پاش هەوڵیکى زۆر، لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران وەک یەکەم لق لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی ئەندامانی بۆ کۆنگرەی گشتی کە وابڕیارە 1ی 6ی 2020 لە هەولێر بۆ ماوەی 3 رۆژ ببەسترێت کە لەو کۆنگرە چاوەڕوانکراوەدا پەیڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی بەڵێندەران هەموار دەکرێتەوە و هەیکەلیەتی یەکێتیی بەڵێندەران بۆ قۆناغی داهاتوو دیاری دەکرێت و لەسەر پەیڕەوە پەسەندکراوەکە دەستەی باڵا و لقەکان و ئەنجومەنی چاودێری دیاری دەکرێن و لە رێکەوتی 19ی کانونی دووەمی 2020 رۆژی یەکشەممە دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە تا تەواوبوونی دەوامی رەسمی رۆژی پێنجشەمە  23ی کانونی دووەمی 2020".

وتیشی: "ئەو مەرجانەی کە دەبێت کەسی داواکار خۆی پێ هەڵبژێرێت دەبێت پاڵێوراو ئەندامی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی سلێمانی بێت، پاڵێوراو دەبێت ناسنامەی ئەندامێتیی بۆ ساڵی 2020 نوێ کردبێتەوە و پاڵێوراو نابێت کارمەندی کەرتی گشتی بێت و پێویستە بەڵێنننامە پڕبکاتەوە کە کارمەندی کەرتی گشتی نییە و پاڵێوراو پێویستە 400 هەزار دینار وەک رەسمی بەشداری بدات کە ناگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی و ئەو کەسەى خۆى دەپاڵێوێت پێویستە کۆمپانیاکەى بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەندام بێت لە یەکێتیی بەڵێندەران".

دەشڵێت: "لەبەرواری 15ی شوباتی 2020 هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت بە ئامادەبوونی لایەنی ئیداری و یاسایی پێویست، ئەو ئەندامەی کە دەنگ دەدات پێویستە ناسنامەی لقی سلێمانی یەکێتیی بەڵێندەرانی بۆ ساڵی 2019 یاخود 2020 نوێکردبێتەوە، بە پێچەوانەوە مافی بەشداری لەدەنگدانی نابێت و ئەو ئەندامانەی ناسنامەیان نوێ نەکردووەتەوە (2019 یاخود 2020) تاکو 6ی شوباتی 2020 ناسنامە نوێدەکرێتەوە و دوای ئەو بەروارە مافی دەنگدانی نابێت بەهۆی ئەوەی لیستى دەنگدەران دەنێرێت بۆ دادوەر و لایەنی بەرپرس بەمەبەستی ئامادەبوون لەپرۆسەکەدا و سەرپەرشتیکردنی".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure