زانیارى نوێ له‌بارەی دابه‌شكردنى زه‌وى به‌سه‌ر كه‌سوكارى شه‌هیدان و فه‌رمانبه‌راندا

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2020‌ :: 938‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ وابڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا به‌سه‌ر وارسى شه‌هیدانى سه‌نگه‌ر و كیمیاباران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شبكرێن، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ خه‌مڵاندنیان بۆ ده‌كرێت و پاشان بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌ خاوه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گیرێت بۆ تاپۆكردنیان، سه‌رۆكى شاره‌وانیش ده‌ڵێت: "تائێستا هیچ پرۆژه‌یه‌كى خزمه‌تگوزاریمان بۆ زه‌وییه‌كان ئه‌نجام نه‌داوه‌".

حه‌سه‌ن ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى شاره‌وانییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ وابڕیاره‌ به‌سه‌ر وارسى شه‌هیدان و شه‌هیدانى سه‌نگه‌رى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌راندا دابه‌شبكرێت، وینه‌ى تۆماریان بۆ ده‌كرێت (صورة قید) پاشان له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى شاره‌وانییه‌وه‌ به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك خه‌مڵاندن بۆ زه‌وییه‌كان ده‌كرێت كه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا دابه‌شده‌كرێت دواتر تاپۆ ده‌كرێن به‌ ناویانه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌و زه‌وى و خانوانه‌شى كه‌ تا پێش به‌روارى 31/3/2018 به‌شێوه‌ى زیاده‌ڕەو دروستكراون و خاوه‌نداریه‌تیان لێ ده‌كرێت، به‌ بڕیارێكى (قوباد تاڵه‌بانى) جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت سه‌رجه‌میان تاپۆ ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ش بڕى پێنج هه‌زار تا حه‌وت هه‌زار دینار دیاریكراوه‌ بۆ هه‌ر مه‌تریك كه‌ له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كانیان تاپۆ بكرێن پاش ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك بهێنێت کە له‌ پێش ئه‌و به‌رواره‌وه‌ له‌و شوێنه‌ نیشته‌جێبووه‌.

كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكى شاره‌وانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: رووبه‌رى 530 دۆنم زه‌وى له‌ كه‌رتى 24ى جه‌لیه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر وارسى یه‌كەمی شه‌هیده‌كانى كیمیاباران و شه‌هیدانى سه‌نگه‌رى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكرێت، ئه‌وانه‌ى كه‌ فه‌رمانى وه‌رگرتنى زه‌وییان هه‌یه‌ و تائێستا وه‌ریان نه‌گرتووه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ دابینكراوه‌ بۆ دابه‌شكردنیان سه‌رجه‌م رێكاره‌كانى ته‌واو بووه‌ و به‌شێوه‌ى تیروپشك دابه‌شده‌كرێن، به‌ڵام تائێستا هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك له‌ ئاو و كاره‌با و ئاوه‌ڕۆ بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure