دوو نەخۆشخانە لە هەولێر دروست دەکرێن

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2020‌ :: 184‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە دوو نەخۆشخانەی گشتی لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست بکات کە تێچووی نەخۆشخانەکان لەلایەن چەند خێرخوازێکەوە دابین دەکرێت، ئەمساڵ دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئەو دوو نەخۆشخانەیە دەکرێت، یەکێک لە نەخۆشخانەکان کە لەدایکبوون و منداڵانە لەم مانگەوە دەست بە دروستکردنی دەکرێت.


دلوڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی ھەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: نەخۆشخانەیەکی لەدایکبوون و منداڵان لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست دەکرێت و بڕیارە ئەمساڵ لەسەر ئەرکی خێرخوازێک دەست بە پرۆژەکە بکرێت، حکومەتیش زەوی و دیزاینی نەخۆشخانەکە ئامادە دەکات.

وتیشی: "جگە لەو نەخۆشخانەیە، بڕیارە نەخۆشخانەیەکی دیکەی دەروونی لە سەنتەری شاری ھەولێر دروست بکرێت کە جگە لە نەخۆشخانەی دەروونی، سەنتەرێکی راوێژکاریی گرنگیش دەبێت بۆ چارەسەکردن و بەپێی ستانداردی جیھانی جێبەجێ دەکرێت، لە داھاتوودا بۆ ژمارەیەک نەخۆشی دیکە سودی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەھۆی نەبوونی بودجەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانیوە نەخۆشخانەی نوێ دروست بکات، بەڵام ئەگەر بودجە ھەبێت بەپێی پێویستییەکان نەخۆشخانەی گشتی زیاد دەکرێن".

باسی لەوەشکرد: "تێچووی نەخۆشخانەکان جارێ دیار نییە هەر کاتێک تەواو بوو ئەو کاتە تێچووەکەشی دەزانین".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure