له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى بنكه‌یەكى سه‌ربازى ئه‌مریكا له‌پارێزگایەکی هەرێم روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 13/01/2020‌ :: 4285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك له‌ ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ عه‌ره‌بى و جیهانییه‌كان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ ئاماژه‌یان به‌ بوونى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكى كردووه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵام ئێمه‌ تائێستا به‌ رەسمى هیچ شتێكمان پێ نه‌وتراوه‌ و رێگه‌دان به‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و بنكه‌یه‌ش له‌ ده‌سته‌ڵاتى ئێمه‌دا نییه‌.

كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌نگۆى كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك ده‌زگاى ناوخۆیى و عه‌ره‌بى و بیانییه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك له‌ ده‌زگاى راگه‌یاندنى عه‌ره‌بى و جیهانیدا به‌ ڤیدیۆ و  له‌سه‌ر نه‌خشه‌ باس له‌ هه‌بوونى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكى ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا ئه‌و بنكه‌یه‌ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و بوونیشى نییه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: رێگه‌دان به‌ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ و باره‌گاى سه‌ربازى هه‌ر وڵاتێك، له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى ناوخۆدایه‌ و ئێمه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌مان نییه‌ رێگه‌ بده‌ین یان رێگه‌ نه‌ده‌ین به‌ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كه‌دا.

جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: له‌حاڵه‌تى كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌م سنووره‌دا پاش ئه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم یاخود وه‌زاره‌تى ناوخۆ ره‌زامه‌ندى ده‌رده‌بڕن دواجار ده‌بێت راوبۆچوونى ئێمه‌ش وه‌ربگیرێت، به‌ڵام تائێستا به‌ رەسمى هیچ شتێكمان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێ نه‌وتراوه‌.

وته‌كانى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ به‌شێك له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندنه‌وه‌ باس له‌ كردنه‌وه‌ى سێ بنكه‌ى سه‌ربازى ئه‌مریكى ده‌كرێت له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شاره‌كانى (هه‌ڵه‌بجه‌ و رانیه‌ و دوكان).

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure