ژنانی نیپاڵ باخی گشتیی شارى سلێمانى ده‌كه‌نه‌ شوێنی كاركردنیان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1215‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی تابان ره‌زا

ئه‌وان له‌به‌ر نه‌بوونی ئیشوكار و قورسیی ژیان له‌ وڵاتی خۆیان، ناچار بوون له‌پێناو ده‌ستكه‌وتنی ئیشێكی باش و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. "ئه‌گه‌رچی دووریی له‌ خێزانه‌كانمان و بیركردنی منداڵه‌كانمان ئه‌ركی سه‌رشانمانی قورستركردووه‌، به‌ڵام ناچارین به‌رگه‌ بگرین و درێژه‌ به‌كاركردن بده‌ین بۆ ده‌ستكه‌وتنی بڕێك پاره‌"، ئه‌مه‌ قسه‌ی زۆربه‌ى ئه‌و ژنه‌ نیپاڵی-یانه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌مه‌به‌ستی كاركردن له‌ كوردستان ده‌ژین. 

بیرى سێ منداڵه‌كه‌ى ده‌كات
نۆردین، خه‌ڵكی نیپاڵ-ه‌و ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "ماوه‌ی 6 ساڵه‌  له‌ كوردستان ده‌ژیم، سه‌ره‌تا له‌ رێگه‌ی كچی پورم-ه‌وه‌ هاتمه‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بێم ئیش بكه‌م، چونكه‌ له‌ نیپاڵ ئیش نییه‌ و ژیان قورسه‌ و منیش خاوه‌نی سێ منداڵم، بۆ په‌یداكردنی بژێویی ژیانی منداڵه‌كانم ناچارم له‌ وڵاتێكی دوور ئیش بكه‌م. به‌ شه‌ش مانگ فێری كوردی بووم، هه‌موو رۆژانی هه‌فته‌ له‌ ماڵێك ئیش ده‌كه‌م و رۆژانی هه‌ینی له‌به‌رده‌م  باخی گشتی خواردنه‌كانی تایبه‌ت به‌نیپاڵ ده‌فرۆشم، خه‌ڵكی كوردیش وه‌ك نیپاڵییه‌كان خواردنه‌كانمان ده‌كڕن و زۆر به‌دڵیانه‌. خه‌ڵكی كوردستان زۆر باشن، ئێره‌ ئه‌وه‌ی زۆر باشه‌ كه‌ ده‌توانم لێره‌ هاوڕێكانم ببینم و هه‌م ئیشی زیاده‌ش بكه‌م و پاره‌ی زیاتر په‌یدا بكه‌م بۆ منداڵه‌كانم".

نۆردین وتى: "بیرۆكه‌ی كاركردنم له‌به‌رده‌م باخی گشتی كاتێك بوو وتم ماده‌م هه‌موو نیپاڵییه‌كان لێره‌ كۆده‌بینه‌وه‌، بۆچی خواردنی تایبه‌ت به‌ وڵاته‌كه‌ی خۆم ئاماده‌ نه‌كه‌م و بیفرۆشم؟ هه‌م بۆ خه‌ڵكی خۆمان هه‌م كورده‌كانیش ئاشنا ده‌بن به‌ خواردنه‌كانمان، ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ لێره‌ شت ده‌فرۆشم".

ده‌رباره‌ى كاره‌كه‌ى تریشى، ئه‌م ژنه‌ نیپاڵییه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و ماڵه‌ی ئیشی تیادا ده‌كه‌م كه‌سانی زۆر باشن و تائێستا رووبه‌ڕووی هیچ شتێك نه‌بوومه‌ته‌وه‌ له‌كوردستان، ته‌نانه‌ت زۆر هاوكارییان كردووم و پشتگیریشیان لێكردم كاتێك وتم رۆژانی هه‌ینی خواردن ده‌فرۆشم. به‌ڵام ته‌نیا بیری منداڵه‌كانم ده‌كه‌م".

سانۆ كچێكی نیپاڵییه‌ و ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌، كاتێك خه‌ریكی ئاماده‌كردنی خواردن بوو بۆ كڕیاره‌كانی، بۆ دواڕۆژ-یش باسی له‌وه‌ ده‌كرد: كه‌ لێره‌ خزم و كه‌سوكاری زۆربوون، پێیان وتووه‌ بێت بۆ كوردستان، چونكه‌ ئیش لێره‌ باشه‌ و ده‌توانێت پاره‌یه‌كی باشى ده‌ستبكه‌وێت. ئێستا وا ماوه‌ى 7 ساڵه‌ له‌ كوردستان ئیش ده‌كات و بەهۆی ئیشه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ر زوو فێری زمانی كوردی بووه‌.

سانۆ ده‌ڵێت: "وه‌كو كچێك له‌هه‌ر شوێنێك بیت ئیشكردن قورس نییه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاتی خۆشت نه‌بێت، بۆیه‌ جگه‌ له‌ رۆژانی ئیشكردنی خۆم، بۆ ئه‌وه‌ى بڕێك پاره‌ی زیاترم ده‌ستبكه‌وێت رۆژانی هه‌ینی خواردنی تایبه‌ت به‌ وڵاتی خۆمان دروستده‌كه‌م و ده‌یفرۆشمه‌وه‌، ئه‌م ئیشه‌ش هاوكارییه‌كی باشی منه‌ تا پاره‌ی زیاتر بنێرمه‌وه‌ بۆ منداڵه‌كه‌م".

وتیشى: "ئه‌وه‌ی زۆر منی نیگه‌ران كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مۆڵه‌ت و پشوومان نییه‌، هه‌ر رۆژانی هه‌ینییه‌ منیش رۆژانی هه‌ینی ئیش ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها قورسه‌ له‌ دووریی منداڵه‌كانیشت بژیت".  

سیتا-ى تاقانه‌ش لێره‌یه‌
سیتای 22 ساڵ، ماوه‌ى چوار ساڵه‌ له‌ شارى سلێمانى-یه‌. بۆ دواڕۆژ وتی: "هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زم له‌ نیپاڵ نه‌بووه‌، حه‌زم كردووه‌ بچمه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ی خۆم، سه‌ره‌تا دایك و باوكم نه‌یانده‌هێشت بێم بۆ ئێره‌، چونكه‌ هه‌م تاقانه‌ بووم و هه‌م منداڵیش بووم، حه‌زیان نه‌ده‌كرد لێیان دووربكه‌ومه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر رازیی نه‌ده‌بوون، به‌ڵام زۆرم لێكردن و لێیان پاڕامه‌وه‌ تاهێشتیان بێم بۆ كوردستان كه‌ هاتیشم سه‌ره‌تا تا شه‌ش مانگ زۆر قورس بوو، چونكه‌  زمانم نه‌ده‌زانی، به‌ڵام كه‌ فێربووم باشتر بووم و راهاتم. خه‌ڵكی كوردستانیش باشترین خه‌ڵكن، له‌و كاته‌وه‌ی لێره‌ ئیش ده‌كه‌م رووبه‌ڕووی هیچ شتێك نه‌بوومه‌ته‌وه‌، بگره‌ ئه‌و ماڵه‌ی ئیشی تیادا ده‌كه‌م حه‌ز ناكه‌ن بڕۆمه‌وه‌ بۆ نیپاڵ".

سیتا ده‌ڵێت: "رۆژانی هه‌ینی جارجار دێم یارمه‌تیی هاوڕێكه‌م ده‌ده‌م و پێكه‌وه‌ خواردن ده‌فرۆشین، ئه‌و پاره‌یەی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت ده‌یكه‌ین به‌ دوو به‌شه‌وه‌".

هه‌موو پاره‌كه‌ى ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ى
سوما خانمێكی تره‌ و ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌، ماوه‌ی 10 ساڵه‌ له‌ نیپاڵ-ه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی كاركردن هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان. به‌دواڕۆژى وت: "له‌ نیپاڵ زۆر باسی كوردستانیان ده‌كرد كه‌ شوێنێكی باشه‌ بۆ ئیشكردن، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هاتووم ئیش بۆ ماڵان ده‌كه‌م، ئیشه‌كه‌ ئاسانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خزمه‌تی نه‌خۆشێك له‌سه‌ر جێگه‌ بێت بۆ ئێمه‌ قورسه‌. ژن بیت و وڵاتی خۆت به‌جێبهێڵیت و منداڵیشت هه‌بێت ئه‌وه‌ قورستر و زه‌حمه‌تتره‌، به‌ڵام ناچارین".

سوما ده‌ڵێت: "ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستم ده‌كه‌وێت هه‌مووى ده‌نێرمه‌وه‌ بۆ منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌م تا بتوانن خۆیانی پێ بژیه‌نن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئاسووده‌ ده‌كات، خه‌ڵكی كوردستان زۆر باشن و تائێستا هیچ توندوتیژییه‌كم به‌رامبه‌ر نه‌كراوه‌، بۆیه‌ لێره‌ به‌رده‌وامم له‌ئیشكردن".

پ: ل. م 
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure