عەدنان عوسمان: لەئەدای حکومەت ناڕازیین

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 655‌ جار بینراوە
عەدنان عوسمان

دواڕۆژ، سامان قوبادى

"بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ئه‌داى حكومه‌ت ناڕازییه‌، به‌ڵام پاش ته‌واوبوونى ئه‌و شه‌ش مانگه‌ى بۆى دانرابوو، ده‌رفه‌تێكى ترى پێده‌ده‌ین"، ئه‌مه‌ قسه‌ى عه‌دنان عوسمان، سكرتێرى جڤاتى نیشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان-ه‌و له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "ئه‌و ره‌خنانه‌ى پێشتر له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌مانگرت، ئێستا رووبه‌ڕووى خۆمان ده‌بێته‌وه‌".

دواڕۆژ: دۆخى سیاسى ئێستاى عێراق چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ كورد چۆن مامه‌ڵه‌ بكات؟
عه‌دنان عوسمان
: ئاڵۆزه‌ و كه‌س حه‌سوودیى پێ نابات له‌ رووى بوونى گه‌نده‌ڵى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئێران و ئه‌مریكا، بوونى خۆپیشاندان و بێ توانایى حكومه‌ت ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت له‌ دۆخێكى خراپدایه‌ و ده‌وڵه‌ت متمانه‌ى خه‌ڵكى له‌ده‌ستداوه‌، خه‌ریكه‌ متمانه‌ى نێوده‌وڵه‌تییش له‌ده‌ستده‌دات كه‌ بتوانێت ئیداره‌ى خۆى بكات. كورد هاوبه‌شێكى گرنگ بوو له‌ عێراقى دواى سه‌دام، به‌تایبه‌ت له‌كاتى بوونى كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌ نێوان شیعه‌ و سوننه‌دا، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خیتابى جیاواز ده‌بیسترێت كه‌ كورد وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى گرنگ سه‌یر نه‌كرێت، له‌ئێستادا كورد ده‌بێت ده‌رس له‌مه‌ وه‌ربگرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى عێراق، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ شیعه‌، له‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ شه‌ریكێكى راسته‌قینه‌ بێت، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌نێوان حیزبه‌كان و هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێن تا ئاستێك هه‌ست ده‌كرێت كه‌ لێك تێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌ شێوازى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام پێویستى به‌ دانانى ستراتیژێكه‌ تا له‌ رێگه‌ى دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر بكرێت.

دواڕۆژ: عادل عه‌بدولمه‌هدى هاته‌ هه‌ولێر و سلێمانى، بۆچى سه‌ردانى گۆڕانى نه‌كرد؟
عه‌دنان عوسمان
: په‌یوه‌ندیى به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئێمه‌ كێشه‌مان نییه‌، گۆڕانیش هێزێكى گرنگ و كاریگه‌ره‌ له‌ ساحه‌كه‌، ره‌نگه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى پێی وابێت زیاتر فراكسیۆنه‌كانى یه‌كێتى و پارتى له‌وه‌وه‌ نزیكن، بۆیه‌ مانه‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كه‌یدا به‌ند بێت به‌ ره‌زامه‌ندیى ئه‌و دوو حیزبه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ فراكسیۆنه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ داخوازیى شه‌قامدایه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ نیگه‌رانیى لاى ئه‌و دروست كردبێت.

دواڕۆژ: تا ئه‌م قۆناغه‌ له‌م كابینه‌یه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم رازیین؟
عه‌دنان عوسمان:
به‌رنامه‌ی چاكسازییمان بۆ ئاماده‌كرد، ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینین هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و چاككردنى گوزه‌رانى خه‌ڵك و دامه‌زراندنى گه‌نج و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌موو داهاته‌كان و سنوورداركردنى گه‌نده‌ڵى و كارى قاچاخچێتیی، ئه‌مانه‌ له‌ ئاستێكى زۆر لاوازدایه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ك گۆڕان چاوه‌ڕێمان ده‌كرد له‌م حكومه‌ته‌ كه‌ كابینیه‌كى به‌هێز ده‌بێت، نه‌هاته‌دى و لێى رازیى نین.

دواڕۆژ: ماوه‌ى شه‌ش مانگتان دانا بۆ كابینه‌كه‌ تا چاكسازیى بكات، ئێستاش باسى ناڕازیبوونى خۆتان ده‌كه‌ن له‌كاره‌كانى، كه‌واته‌ پاش ئه‌و واده‌یه‌ى داتانناوه‌ به‌ نیازى چین؟
عه‌دنان عوسمان
: بڕیارى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ پاش ئه‌و شه‌ش مانگه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكرێت بۆ كارنامه‌ى حكومه‌ت، ئێستاش له‌ قۆناغى هه‌ڵسه‌نگاندنداین، ئه‌نجامه‌كه‌ى له‌ جڤاتى گشتى گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت و دواتر ده‌درێته‌ حكومه‌ت، ده‌رفه‌تێكى تر ده‌ده‌ین به‌م كابینه‌یه‌ كه‌ خۆى له‌ شه‌ش مانگى تردا ده‌بینێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پلان و به‌ڵێنانه‌ى داویه‌تى كارى له‌سه‌ر بكات، پاش ئه‌و دوو ده‌رفه‌ته‌ گۆڕان بڕیارى خۆى له‌ مانه‌وه‌ یان كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تدا ده‌دات.

دواڕۆژ: جگه‌ له‌ چوار وه‌زیر و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، كۆمه‌ڵێك پۆست هه‌یه‌ كه‌ به‌شێكیان لاى یه‌كێتین و راده‌ستنه‌كراون، بۆچى نه‌دراون به‌ گۆڕان وه‌ك به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن؟
عه‌دنان عوسمان
: به‌ڵێنى ئه‌وه‌مان پێدرا بوو له‌ پۆسته‌كاندا به‌ رێژه‌ى 12% به‌ركه‌وته‌مان هه‌بێت له‌ هه‌موو جومگه‌كاندا، بیانووى پارتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى كێشه‌ى هه‌یه‌ و ناتوانن ده‌سته‌یه‌كى سه‌ركردایه‌تى پێكبهێنن تا له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ گفتوگۆى سێ قۆڵى بكرێت. جگه‌له‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێكى زۆرى رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: ئه‌م پاساوه‌ى پارتى قه‌ناعه‌تتان پێده‌كات؟
عه‌دنان عوسمان:
تا ئاستێك قه‌ناعه‌تپێكه‌ره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و پۆسته‌ گرنگانه‌ لاى یه‌كێتییه‌، جارێكى تر دابه‌شكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندیى هه‌رسێ لایه‌نه‌، داواشمان له‌ پارتى كردووه‌ دانیشتى سێ قۆڵى بكرێت، ئێمه‌ چاوه‌ڕێى یه‌كێتین.

دواڕۆژ: باست له‌وه‌ كرد تائێستا له‌م كابینه‌یه‌ رازیى نین، به‌ راشكاوى له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌مه‌تان به‌ پارتى وتووه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: وتم زۆر رازیى نین، وه‌زیره‌كانمان كارى خۆیان ده‌كه‌ن، تائاستێك سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانیاندا، به‌ڵام به‌شێكى گرنگ له‌ ستافى وه‌زاره‌ته‌كان دانه‌نراون و پشكه‌كانى گۆڕان نه‌دراوه‌، پرۆسه‌ى چاكسازیى نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر سكه‌ى خۆى، هه‌نگاوى راسته‌قینه‌ نه‌نراوه‌ و كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌ داهاتى نه‌وت و ده‌روازه‌كاندا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ بوونى گه‌نده‌ڵیى زۆر، به‌ ئاشكرا ئه‌مه‌مان به‌ پارتى و حكومه‌ت وتووه‌.

دواڕۆژ: ئایا متمانه‌تان به‌ پارتى گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌تان له‌باره‌ى حكومه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت؟
عه‌دنان عوسمان
: بابه‌ته‌كه‌ متمانه‌ نییه‌، به‌ڵكو جگه‌ له‌ چاكسازى، حكومه‌ت هیچ رێگەچاره‌یه‌كى ترى نییه‌، ده‌بێت رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تى خه‌ڵك ببێته‌وه‌ یان چاكسازیى بكات، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت هاوكاربین.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ پێگه‌ى گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا به‌نده‌ به‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌م كابینه‌یه‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: به‌ڵى ئه‌داى ئه‌م حكومه‌ته‌ و كاره‌كانمان پێگه‌ى گۆڕان له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا دیاریى ده‌كات، هه‌روها سه‌ركه‌وتنى گۆڕان به‌نده‌ به‌وه‌ى تاچه‌ند له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانى خۆیدا بێت. پێشتریش له‌ حكومه‌ت پۆستى گرنگمان پێدرا، له‌به‌رئه‌وه‌ى سازشمان له‌سه‌ر بنه‌ماكانى خۆى نه‌كرد سه‌ركه‌وتوو بووین. پۆست، گۆڕان له‌ پره‌نسیپه‌كانى خۆى دوورناخاته‌وه‌، ئێستا گره‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پابه‌ندبوونه‌یه‌، ئێمه‌ كه‌ به‌شێكین له‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌و ره‌خنانه‌ى پێشتر ده‌مانگرت، له‌ئێستادا رووبه‌ڕووى خۆمان ده‌كرێته‌وه‌، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانى زیاترى له‌ وه‌زیره‌كانى گۆڕان هه‌یه‌، ئێستاش به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك ره‌خنه‌ ده‌گرین، ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین هه‌موو هه‌ڵبژارده‌یه‌كمان له‌به‌رده‌مه‌.

دواڕۆژ: یاساى چاكسازى له‌ مووچه‌دا كه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌، كاردانه‌وه‌ی زۆرى لێكه‌وته‌وه‌ و راى گشتییش ره‌تیده‌كاته‌وه‌، ئایا گۆڕان به‌م شێوازه‌ لێى رازییه‌؟ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، دواتر چۆن وه‌ڵامى خه‌ڵك ده‌ده‌نه‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: ئه‌مه‌ ته‌نیا به‌شێكه‌ له‌ پرۆژه‌ى چاكسازیى، فراكسیۆنى گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌م شێوازه‌ى پرۆژه‌یاساكه‌دا نییه‌.

دواڕۆژ: به‌ڵام ئه‌ندامانتان له‌ لیژنه‌ى دارایى واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌؟
عه‌دنان عوسمان:
له‌سه‌ر یاساكه‌ واژۆ كراوه‌، به‌ڵام تێبینى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بڕگانه‌ى كه‌ كێشه‌ى له‌سه‌ره‌، كێشه‌مان له‌سه‌ر كۆى یاساكه‌ نییه‌، به‌ڵكو چه‌ند بڕگه‌یه‌كیه‌تى. پرۆژه‌كه‌ وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ر به‌ گرنگ و پێویست ده‌زانین، به‌ڵام ده‌بێت له‌ قازانجى خه‌ڵك ده‌ستكاریى بكرێت.

دواڕۆژ: ئایا له‌گه‌ڵ خانه‌نشینبوونى په‌رله‌مانتار و و وه‌زیردان؟
عه‌دنان عوسمان
: به‌ڵى به‌پێى یاسا، یاساكه‌ى عێراق گونجاوه‌ چونكه‌ ته‌مه‌ن و ساڵى خزمه‌تى دیاریى كردووه‌، به‌ڵام خانه‌نشینبوون له‌ته‌مه‌نى گه‌نجیدا و دروستكردنى هێزێكى بێكار ئێمه‌ له‌گه‌ڵیدا نین.

دواڕۆژ: چۆن ده‌ڕواننه‌ پێگه‌ و رۆڵى ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێم؟ بۆچى په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ وه‌ك پێشتر توندوتۆڵ نییه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵى ئیسلامى و یه‌كگرتوودا باشن و تێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌نێوانماندا، پێمانوتوون ئاماده‌ین له‌ ده‌سه‌ڵاتدا نوێنه‌رایه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان بكه‌ین، بوونى ئۆپۆزسیۆنێكى یه‌كگرتوو گرنگه‌ كه‌ هێزێكى كاریگه‌ر بێت بۆ پرۆسه‌ى دیموكراسى و چاكسازى، پێویسته‌ له‌ هه‌موو پرسێكى گرنگ و چاره‌نووسسازدا به‌شدارییان پێ بكرێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت به‌رپرسانى گۆڕان له‌ حكومه‌ت یان دواى نه‌مانیان له‌ پۆسته‌كانیان، جگه‌ له‌ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و كڕینى ڤێلا و باخ و ئۆتۆمبێلى گرانبه‌ها هیچى تریان نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ندین نموونه‌ى ئاشكرا هه‌یه‌، ئایا گۆڕان بۆچى ئه‌مانه‌ ناداته‌ دادگا؟ ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مه‌ى له‌ ئێوه‌ ده‌ویست؟  
عه‌دنان عوسمان
: ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ى و به‌ سوود وه‌رگرتنێكى نایاسایى له‌ ماڵى گشتى، خۆى ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، ده‌بێت گۆڕان و داواكارى گشتى و دیوانى چاودێرى لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له‌ناو گۆڕان-دا باسمان كردووه‌ كه‌ هیچ كه‌سێك مه‌عسوم نییه‌ و حه‌سانه‌ى نییه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر كارێكى گه‌نده‌ڵى كه‌ كردوویه‌تى، داوامان له‌ ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ و خه‌ڵك و دیوانى چاودێریى كردووه‌ هه‌ر به‌رپرسێكى ئێمه‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵیى هه‌یه‌، هاوكار و پشتیوانیان ده‌بین بۆ لێپێچینه‌وه‌، وه‌ك حیزبیش لێكۆڵینه‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ئێستادا یان پێشتر پۆستى هه‌بووه‌، خۆى پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ له‌ناو گۆڕاندا به‌ر نه‌فره‌ت ده‌كه‌وێت و لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

دواڕۆژ: به‌ڵام ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ دیاره‌ كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گلاون، بۆچى گۆڕان لێى بێده‌نگه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: گۆڕان رێكارى گرتووه‌ته‌به‌ر، داواشمان كردووه‌ هه‌ر كه‌سێك به‌ڵگه‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێكى ئێمه‌ بیخاته‌ به‌رده‌ستى گۆڕان، ئه‌و كاته‌ به‌جددى ئیجرائات به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: كه‌ى كه‌ناڵه‌ نوێیه‌كه‌ى گۆڕان ده‌كرێته‌وه‌؟
عه‌دنان عوسمان
: كۆمپانیاى وشه‌ سه‌رقاڵى دروستكردنه‌وه‌ى ده‌زگاكانى خۆیه‌تى، شه‌و و رۆژ كارده‌كه‌ین بۆ دامه‌زراندنى ته‌له‌فزیۆنێكى مۆدێرن له‌ژێر ناوێكى تردا و به‌ ستافێكى تازه‌ و شێوازێكى ترى كاركردن، ته‌نیا ئۆپۆزیسیۆن نابێت، به‌ڵكو هه‌واڵیى دەبێت و راستییه‌كان به‌ خه‌ڵك دەگه‌یه‌نێت، كردنه‌وه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ باشبوونى دۆخى دارایى كۆمپانیاى وشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌ وه‌رزى به‌هاردا ده‌ست به‌ په‌خش بكات.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure