سوڵتان قابووس له‌ گۆڕیشدا حوكم ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1891‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پاش تێپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى نیو سه‌ده‌ به‌سه‌ر عه‌رشى سوڵتاننشینى عوماندا و دواى كوده‌تایه‌كى سپى به‌سه‌ر باوكى خۆیدا له‌ ساڵى 1970دا، قابووس بن سه‌عید مرد كه‌ به‌ سێیه‌مین حوكمڕان داده‌نرێت له‌ درێژى ماوه‌ى حوكمه‌كه‌یدا له‌ هه‌موو جیهان.

سوڵتانى كۆچكردوو كه‌ به‌ بێ ژن و منداڵ ژیا ساڵى 1996 نه‌ریتێكى تازه‌ى خسته‌ ده‌ستوورى ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سوڵتانێكى تازه‌ له‌دواى خۆى، ئه‌ویش زه‌رفێكى داخراو بوو كه‌ ناوى كه‌سه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ى تیادا بوو. ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر دیوانى سوڵتان نه‌یتوانى له‌ماوه‌ى سێ رۆژدا كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیارى بكات. دیاره‌ ئه‌مه‌ هیچ مافێك بۆ بنه‌ماڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ كێ ببێته‌ شوێنگه‌ره‌وه‌ى سوڵتان قابووس كه‌ چه‌ندین ساڵ ئه‌و بژارده‌یه‌ى شاردبووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌تا ده‌مێنێت ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ڵ و ئه‌خیر له‌لاى خۆى بێت. له‌ناو 80 پاڵێوراودا به‌هێزترین ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌سعه‌د بن تاریقى ئامۆزاى پاڵێوراوى سوڵتان قابووس بێت، چونكه‌ ماوه‌ى 18 ساڵى رێك نوێنه‌رى تایبه‌تى خۆى بووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو زڕبرایه‌كى ئه‌سعه‌د، واته‌ هه‌یسه‌م بن تاریق ئه‌لسه‌عید هه‌ڵبژارده‌كه‌ى سوڵتان قابووس بوو له‌كاتێكدا هه‌یسه‌م دوور بووه‌ له‌ بازنه‌ سیاسییه‌كان.

ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى سوڵتان قابووس له‌ سوڵتاننشینى عوماندا به‌جۆرێك بووه‌ كه‌ رۆژنامه‌ى ئیكۆنۆمیست به‌شێوه‌یه‌كى ته‌نزئامێز وه‌سفى ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر تۆ دانیشتووى شارى مه‌سقه‌تى پایته‌خت بیت، زۆر رێى تێده‌چێت ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌سه‌ر شه‌قامى سوڵتان قابووس لێبخوڕیت و به‌لاى مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سوڵتان قابووسدا تێبپه‌ڕیت به‌ره‌و به‌نده‌رى سوڵتان قابووس و ره‌نگه‌ ده‌رچووى زانكۆى سوڵتان قابووس بیت و له‌ یاریگاى سوڵتان قابووس ته‌ماشاى یارییه‌كى تۆپى پێ بكه‌یت پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى سوڵتان قابووس.

ئه‌م سوڵتان قابووسه‌ كه‌ جۆرێكى نهێنى و تایبه‌تى سه‌ركوتگه‌رى له‌ناو بنه‌ماڵه‌ى سوڵتانیدا په‌یڕه‌و ده‌كات، وڵاته‌كه‌ى گۆشه‌گیر كردووه‌ و به‌وه‌ به‌ناوبانگه‌ كه‌ ئۆپۆزسیۆنى زۆر خراپ ئه‌شكه‌نجه‌ داوه‌ و به‌پێچه‌وانه‌ى سعودییه‌وه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى به‌شێوه‌یه‌كى گونجاو پۆست و وه‌زاره‌ته‌كان له‌ناو خۆیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن. ئه‌و سوڵتان قابووسه‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانى به‌ ره‌هایى له‌ده‌ستى خۆیدا قه‌تیس كردبوو. بۆیه‌ سوڵتانى نوێ ده‌بێته‌ سوڵتانى وڵات و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیرى به‌رگرى و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌زیرى دارایى و وه‌زیرى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌خشه‌كێشان و سه‌رۆكى بانكى ناوه‌ندى جگه‌ له‌و شانازى و ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌وره‌یه‌ش كه‌ ده‌یبێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ڵبژێردراوى سوڵتان قابووسه‌.

سوڵتان قابووس له‌دواى مردنیشى هێنده‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نى خێزانى پادشایه‌تى عومان نه‌یتوانى سه‌رپێچى له‌ راسپارده‌كه‌ى قابووس بكات و ئه‌و ناوه‌ ره‌تبكاته‌وه‌ كه‌ پێشنیارى كردبوو، ئه‌گه‌رچى به‌پێى ده‌ستوور هێشتا سێ رۆژیش به‌سه‌ر مردنه‌كه‌دا تێنه‌په‌ڕیبوو. پێده‌چێت ئه‌م سوڵتانه‌ تازه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نیشدایه‌ هه‌مان رێوشوێنى قابووس بگرێته‌ به‌ر و ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌هاكانى نه‌بێت. 

قابووس ساڵى 1996 ده‌ستورێكى نووسییه‌وه‌ بۆ وڵات كه‌ رێگه‌ نادات هیچ حیزبێكى سیاسى له‌ عومان هه‌بێت. قابووس رێگە ته‌قلیدییه‌كه‌ى وڵاتانى كه‌نداوى گرتبووه‌ به‌ر بۆ رازیكردنى هاووڵاتیان له‌ڕێى پاره‌ و پشتیوانى زۆره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى داواى مافى تر نه‌كه‌ن. 

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ سوڵتاننشینى عومان له‌سه‌ر مه‌زهه‌بێكى ئاینییه‌ كه‌ پێى ده‌وترێت مه‌زهه‌بى ئیبازى. ئه‌م مه‌زهه‌به‌ له‌سه‌رده‌مى ده‌وڵه‌تى ئومه‌ویدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و ده‌وترێت یه‌كه‌م مه‌زهه‌بى دیموكراسییه‌ له‌ ئیسلامدا. چونكه‌ سیستمى پادشایه‌تى ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌ ره‌واى ده‌زانێت میلـله‌ت له‌ فه‌رمانى حوكمڕان ده‌ربچێت. كه‌چى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌حمه‌د بن سه‌عید له‌ ساڵى 1741ه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ حوكمى عومان ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دینییه‌كه‌ رێككه‌وتووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى بنه‌ماڵه‌دا كه‌ كۆڵه‌كه‌كانى ئه‌و مه‌زهه‌به‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێن.

پێگه‌ى جوگرافى سوڵتاننشینى عومان له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا پێگه‌یه‌كى هه‌ستیاره‌، چونكه‌ به‌سه‌ر سێ ده‌ریادا ده‌ڕوانێت، ده‌ریاى عه‌ره‌ب و ده‌ریاى عومان و كه‌نداوى عه‌ره‌بى. كه‌ناره‌كانیشى زیاتر له‌ سێ هه‌زار كیلۆمه‌تر درێژن له‌ ناوچه‌ى ته‌نگه‌ى هورمزدا كه‌ 20%ى به‌رهه‌مى نه‌وتى جیهانى پێدا تێپه‌ڕده‌بێت. ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كه‌متره‌ له‌ 5 ملیۆن كه‌س كه‌ نزیكه‌ى 44%یان كه‌سانى هاورده‌ن.

سوڵتان قابووس له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا كارێكى وایكرد كه‌ سوڵتاننشینى عومان ناوبنرێت جنێفى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. چونكه‌ له‌وێدا هه‌میشه‌ هه‌موو ركابه‌ره‌كان كۆده‌بوونه‌وه‌. ئه‌م سیاسه‌ته‌ سوڵتان قابووسى له‌ناوخۆدا زۆر خۆشه‌ویست كرد.

ستراتیجى (هاوسێى بێ كێشه‌) كه‌ سوڵتان قابووس گرتیه‌به‌ر و سوڵتانه‌ تازه‌كه‌ش له‌سه‌رى به‌رده‌وام ده‌بێت ده‌ستكه‌وتى ئابورى زۆرى بۆ ئه‌و وڵاته‌ مسۆگه‌ر كرد له‌ ئێرانه‌وه‌ جگه‌ له‌ ده‌ستكه‌وتى سه‌ربازى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ده‌ستكه‌وتى سیاسى له‌ كه‌نداوه‌وه‌. به‌ڵام ره‌نگه‌ رۆژێ له‌ رۆژان ئه‌مه‌ ببێت به‌ هۆكارى ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ریازدا. چونكه‌ زۆر له‌ مێژه‌ دوژمنایه‌تیه‌كى شاردراوه‌ له‌نێوان سعودیه‌ و عوماندا هه‌یه‌.

چونكه‌ له‌كاتێكدا كه‌ سعودیه‌ هانى واشنتۆنى ده‌دا هێرشى سه‌ربازى بكاته‌ سه‌ر ئێران، سوڵتان قابووس وڵاته‌كه‌ى خۆى كردبووه‌ شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى نهێنى له‌نێوان نوێنه‌رانى تاران و واشنتۆندا بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك كه‌ ئه‌وه‌ له‌ ساڵى 2015دا هاته‌دى و رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى لێكه‌وته‌وه‌. هه‌روه‌ها قابووس ده‌نگى به‌وه‌ نه‌دا كه‌ ئه‌ندامیه‌تى سوریا له‌ كۆمكارى عه‌ره‌بیدا هه‌ڵپه‌سێردرێت. ئه‌مه‌ش زه‌برێكى تر بوو له‌ سیاسه‌تى سعودیه‌ كه‌ ده‌یویست هه‌موو عه‌ره‌ب یه‌كبخات له‌ بڕیارێكدا دژى ئه‌سه‌د.

هه‌میشه‌ سیاسه‌ته‌ نه‌رمه‌كه‌ى عومان ركابه‌رێكى به‌هێزى ئاشكرانه‌كراوى ریاز بووه‌. 

چاودێره‌ سیاسییه‌كانى نزیك كۆشكى سپى ده‌ڵێن: سه‌رۆك ترامپ به‌و چاوه‌ سه‌یرى عومان ده‌كات كه‌ تاكه‌ هاوپه‌یمانێكه‌ بتوانێت سیاسه‌ته‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست سه‌رله‌نوێ رێكبخاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ له‌ سعودیه‌دا نییه‌. چوار دۆسیه‌ى گه‌وره‌ سیاسه‌تى داهاتووى ئه‌م وڵاته‌ دیاریده‌كات كه‌ بریتین له‌ هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى هاریكاریى كه‌نداو، دۆسیه‌ى یه‌مه‌ن، په‌یوه‌ندى وڵاتانى كه‌نداو له‌گه‌ڵ ئێراندا و چواره‌مین دۆسیه‌ى مه‌سه‌له‌ى ئاشته‌وایى نێوان وڵاتانى كه‌نداوه‌. هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا سوڵتان قابووس زۆر بڕواى به‌ دامه‌زراندنى یه‌كێتى كه‌نداو نه‌بووه‌ و چه‌ند جارێك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بكشێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا وڵاتانى كه‌نداو به‌تایبه‌ت سعودیه‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕوانه‌ سوڵتانى تازه‌ى عومان ئاماده‌ى كۆنگره‌ى داهاتووى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ببێت كه‌ له‌ ساڵى 2011ه‌وه‌ سوڵتان قابووس بایكۆتى كردبوو. به‌هۆى ئه‌وه‌ى سعودیه و ئیمارات كاتى خۆى ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى خه‌ڵكى عومان دژى رژێمه‌كه‌ى سوڵتان قابووس له‌ ساڵى 2011دا.

هه‌ستیارترین دۆسیه‌ مه‌سه‌له‌ى ئێرانه‌. مه‌زهه‌به‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كه‌ى عومان به‌جۆرێكه‌ كه‌ سوڵتان قابووس راشكاوانه‌ هه‌میشه‌ رایگه‌یاندووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى عوماندا نییه‌ خۆى هه‌ڵقورتێنێ له‌ ململانێى نێوان سوننه‌ و شیعه‌دا. بۆیه‌ قابووس هه‌میشه‌ بێلایه‌نى خۆى راگه‌یاندووه‌ له‌و ململانێیه‌دا جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئێران گرنگترین هاوبه‌شى ئابوریى ئه‌و سوڵتاننشینه‌یه‌.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure