دەیان بەرکەتووی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێن

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2020‌ :: 261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ 12ی کانونی دووەمی 2020 وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی سەرجەم رێکارەکانی ناردنە دەرەوەی 53 بەرکەوتووی چەکی کیمیاییان بە کۆتا گەیاند کە بۆ هەر سێ پارێزگای هەڵەبجه و سلێمانی و هەولێرە.

ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ژمارەیەک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دیاریکران کە دەبێت رەوانەی دەرەوە بکرێن، ئەمڕۆ لە وەزارەتەکانی دارایی و تەندروستییەوە سەرجەم نووسراو و رێکارەکانی تایبەت بەو بابەتەیان بە کۆتا گەیاند.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو بەرکەوتووانەی کە رەوانەی دەرەوە دەکرێن ژمارەیان 53 بەرکەوتووە کە 35 بەرکەوتوویان لە لایەن لیژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە و 18 بەرکەوتووشیان لەلایەن کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانەوە دەستنیشان کرا بوون کە هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: هەفتەی داهاتوو ئەو 53 بەرکەوتووەی چەکی کیمیایی رەوانەی دەرەوە دەکرێن، ئەوەش بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆیان و بینینەوەی پزیشکەکانیان لە ئێران.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure