به‌رپرسێكى یه‌كێتى ده‌ستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2020‌ :: 10295‌ جار بینراوە

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، دهۆك

كارگێڕێكى كۆمیته‌ى یه‌كێتى ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشى دهۆكه‌وه ده‌ستگیركراوه‌، به‌رپرسێكى ئه‌و حزبه‌ش ده‌ڵێت: هۆكارى ده‌ستگیركردنه‌كه‌یان پێنه‌وتووین.


دارا عه‌بدولجه‌بار، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى كانونى دووه‌مى 2020) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: عاسف حسێن، كارگێرى كۆمیته‌ى دینارته‌ى یه‌كێتى‌ پێش هه‌فته‌یه‌ك بۆ مه‌به‌ستى فرۆشتنى ئۆتۆمبێل و سه‌ردانى خزم و كه‌سوكارى چبووه‌ رانیه‌، به‌ڵام له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

وتیشى: "له‌باره‌ى هۆكارى ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیمان به‌ هێزه‌كانى ئاسایش كردووه‌، ئه‌وان له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێن هێزه‌كانى ئه‌وان عاسف-یان ده‌ستگیركردووه،‌ به‌ڵام هۆكاره‌كه‌‌ ئاشكراناكه‌ن".

دینارته‌ سه‌ر به‌ قه‌زاى ئاكرێ-یه‌ له‌ پارێزگاى دهۆك.

دارا عه‌بدولجه‌بار، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و كارگێڕه‌ى یه‌كێتى له‌ دینارته‌ هیچ تاوانێك و كارێكى واى نه‌كردووه‌ كه‌ شایه‌نى ده‌ستبه‌سه‌ركردن بێت، بۆیه‌ ئه‌وان وه‌كو یه‌كێتى  داواده‌كه‌ن هه‌رچى زووه‌ ئازادبكرێ یان ئاسایش روونكردنه‌وه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراو له‌م باره‌یه‌وه‌ رابگه‌یه‌نێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاسایش له‌ دهۆك، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، بۆ دواڕۆژ وتى: "عاسف حسێن، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایش له‌سه‌ر پرسێكى تایبه‌ت ده‌ستگیركراوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامه‌ و له‌ئێستادا ناتوانن زانیارى زیاتر ئاشكرابكه‌ن".
 
پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure