سەرۆکی حکومەت 30 هه‌زار یۆرۆ بۆ به‌ركه‌وتویه‌كى چەکی کیمایی تەرخاندەکات

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2020‌ :: 400‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

دوای ئەوەی شەوی رابوردوو یەکێک لە بریندارانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە نامەیەکی بەهاناوەچوونی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کرد بۆ دابینکردنی بڕی 50 هەزار یۆرۆ بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی، ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت بڕی 30 هەزار یۆرۆی بۆ دابینکرد، پێشتریش لە نەخۆشخانەی فاروق چارەسەری پێویستی بۆ کرا.
 

کامیل عەبدولقادر، یەکێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، کە نزیكه‌ى دوو ساڵە رەوانەی ئەڵمانیا کراوە بۆ نەشتەرگەری چاندنی سییەکانی، (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ى كانونى دووه‌مى 2020) رایگەیاند: ئەمڕۆ لە نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکردم و پێیانڕاگەیاندم کە بڕی 30 هەزار یۆرۆم بۆ دابینکراوە.

وتیشى: سوپاسی سەرۆکی حكومەت هەروەها هەموو ئەو ئازیز و خۆشەویستانەش دەکەم کە لەسەر من بەدەنگ هاتوون و هەوڵیانداوە بۆم، ئەو بڕەی کە لێمان داواکرابوو کە بەژمارە حسابێک بەناومانەوە لە بانکێکی ئەڵمانیا دایبنێن کە بڕی 50 هەزار یۆرۆ بوو بەو 30 هەزار یۆرۆیه‌ی ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواودەبێت، چونکە پێشتر له‌لایه‌ن سەرۆک کۆماری عێراق و کۆمەڵێک خێرۆمەندەوە بیست هەزار یۆرۆ نێردرابوو.

له‌ نامه‌كه‌ى ئه‌و به‌ركه‌وتووه‌دا كه‌ شەوی رابوردوو ئاراستەی سەرۆکی حكومەتی کردبوو ئەوەی روونکردوەتەوه‌: بەهەوڵی چەند رێکخراوێکی دڵسۆزی بواری جینۆساید لە کوردستان کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر رازیکراوە بەوەی ڤیزەی ساڵێک بدەن بە خێزان و منداڵەکانم بۆ ئەوەی بێن بۆ ئەڵمانیا تا خزمەتم بکەن، بەڵام ئەڵمانیا ئامادەنییە هیچ خەرجییەکیان لەئەستۆبگرێت، خەرجی مانەوەیان بۆ ساڵێک بە 50 هەزار یۆرۆ مەزندە دەکرێت، بۆ کرێ خانوو و بیمەی تەندروستی و خەرجی دیکەی رۆژانە و پێداویستی دیکە، بۆیە داوادەکەم کە بەهانامانەوە بێن و ئەو خەرجییە لەئەستۆبگرن تاوەکو بە ئاسودەییەوە و لە کەناری خێزان و منداڵەکانمدا ئەو نەشتەرگەرییە بەسەرکەوتوویی بۆم ئەنجامبدرێت.

کامیل عەبدولقادر، پێش ئەوەی رەوانەی ئەڵمانیا بکرێت لەسەر داوای فاروق مەلا مستەفا، بۆ ماوە چەند مانگێک لە شاری پزیشکی فاروق بێبەرامبەر چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure