سەرئێشە.. ئەو نەخۆشییەی بۆتە سەرئێشە بۆ مرۆڤایەتی

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2020‌ :: 640‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


لە یۆنانی كۆندا سەرئێشە ئازارێكی سەخت و كێشەیەكی تەندروستی قورس لەقەڵەم دەدرا. ئەوانەی تووشی سەرئێشە دەبوون لە ئیسكلیبیۆز دەپاڕانەوە كە خواوەندی پزیشكی بوو.

 

ئەگەر ئازارەكە درێژەی بكێشایە پیشەگەرێكی تەندروستی كارێكی بۆ ئەنجام دەدا كە لەوسەردەمەدا زۆر باوبوو: كونێكی بچووكی دەكردە كاسەی سەری نەخۆشەكەوە بە حساب بۆ دەركردنی ئەو خوێنەی كە بە پیس دادەنرا. ئەم تەكنیكە ترسناكە پێی دەگوترێت كونتێكردن و زۆرجار نەخۆشییەكەی دەكرد بە كێشەیەكی درێژخایەن.


خۆشبەختانە پزیشكەكانی ئەمڕۆ بۆ چارەسەركردنی سەرئێشە پەنا نابەن بۆ ئەم جۆرە كارانە، بەڵام هێشتا زۆر نهێنی ماوە دەربارەی ئەم ئازارە كۆنەی مرۆڤ. ئەمڕۆ سەرئێشە دابەش كراوە بۆ دوو بەشی سەرەكی: سەرئێشەی بنەڕەتی و سەرئێشەی لاوەكی.


یەكەمیان نیشانەی نەخۆشییەكی بنەڕەتی یان زەبرێك یان حاڵەتێك نییە بەڵكو خۆی لەخۆیدا دۆخێكە. ئەم جۆرە سەرئێشەیە 50%ی هەموو ژانەسەرەكان پێكدەهێنێت.

بەڵام زۆری لەبارەوە نازانین. زانیاری زۆرترمان لەسەر جۆری دووهەم هەیە كە پێی دەگوترێت سەرئێشەی لاوەكی. ئەمجۆرە دەرئەنجامی كێشەی تەندروستی ترە.

پزیشكەكان تائێستا زیاتر لە 150 هۆكاریان دیاریكردووە بۆ ئەم جۆرە سەرئێشەیە، كە هەریەكەیان هۆكار و نیشانە و چارەسەری جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە هەوكردنی گیرفانەكانی لووت كە كۆمەڵێك بۆشایین لەناو ئێسكەكانی ناوچەوان و لوت و روومەتدا. كاتێك تووشی هەوكردن دەبن جەستەمان وەك كاردانەوەیەكی بەرهەڵستیكارانە ئەو ناوچەیە گەرم دەكات و لە ئەنجامدا بۆرییە خوێنەكانی ئەو ناوچانە دەئاوسێن و لەكۆتاییدا گوشار دەچێتە سەر بۆرییە خوێنەكانی كاسەی سەر جگە لە ماسولكەكانی سەر و گەردن. وەرگرەكانی ئازار بۆ ئەوەن وەڵامدانەوەی جەستە خێراتر بكەن چونكە ئەگەر هەست بە ئازار نەكرێت مرۆڤەكە بەدوای چارەسەردا ناگەڕێت. 


بەڵام هەموو سەرئێشەكان بەهۆی ئاوسانەوە روونادەن. ماسولكەی گرژبوو لەگەڵ دەماری هەستیار و هەوكردودا ناڕەحەتی زۆر لە هەموو سەرئێشەیەكدا دروست دەكەن. خاڵی هاوبەشی ئەم جۆرە سەرئێشانە وروژاندنی كاسەی سەرە بۆ ئەوەی كەسەكە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت. بەڵام هۆكارەكانی سەرئێشەی بنەڕەتی هێشتا بەتەواوی یەكلا نەبوونەتەوە. بەتایبەت شەقیقە كە بریتییە لە ئازاری لایەكی سەر و هەروەها سەرئێشەی دەرئەنجامی نائارامیی دەروونی و ئەو جۆرە سەرئێشەیەش كە پێی دەگوترێت هێشوویی.


سەرئێشەی درێژخایەن كە زوو زوو دووبارە دەبێتەوە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر جۆری ژیانی كەسەكە. خۆشبەختانە بەشێكی زۆری ئازارەكانی سەر بە دەرمانی دژەهەوكردن چاك دەبێت. بەشێكی تریشیان دەتوانیت رێگریان لێ‌ بكەیت وەك ئەو سەرئێشەی لە ئەنجامی ماندووكردنی چاوەوە دروست دەبێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure