وادەی یەكەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 12/01/2020‌ :: 400‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وا بڕیارە رۆژی سێشەممە 14ی كانوونی دووەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.


سەرچاوەیەكی ئاگادار لەسەركردایەتی گشتی یەكێتی بەدواڕۆژی راگەیاند: بڕیارە رۆژی سێشەممە سەركردایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بكات، هەرچەندە هێشتا بەرنامەكە بۆ ئەندامان نەنێردراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەو كۆبوونەوەیەدا لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی دەستنیشان دەكرێت، هەروەها سكرتێرێك بۆ ئەنجومەنەكە دیاری دەكرێت، ئەگەرێكیش هەیە سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرێن.

ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە 124 ئەندام پێكدێت و بڕیارە كۆبوونەوەكە بەسەرۆكایەتی مستەفا چاوڕەش ئەنجام بدرێت بەو پێیەی بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتییە.

ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆژی 21ی كانوونی یەكەمی 2019 چوارەمین كۆنگرەی خۆی لەشاری سلێمانی بەست.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure