"گەر ئەمریكا عێراق سزا بدات هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 10826‌ جار بینراوە
بیلال وەهاب

دواڕۆژ، سامان قوبادی


"شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێران روو نادات، بەڵام سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئەو وڵاتە وەك خۆی دەمێنێتەوە، هەر هێرشێكی میلیشیاكانیش بۆ سەر هێزەكانی بە هی ئێران دادەنرێت" د. بیلال وەهاب شارەزای بواری وزە و لێكۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك لە دیدارێكی دواڕۆژدا ئەوە دەخاتەڕوو كە گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر عێراق هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، ئەگەر لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەكەیەوە هەرێم دۆلار بەدەست بهێنێت، كۆنتڕۆڵی بەهای دیناری پێناكرێت، دەشڵێت، لە هەموو حاڵەتێكدا هەرێم زەرەرمەندە.


دواڕۆژ: پاش دوایین وتەكانی ترەمپ ئایا گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كۆتایی پێ دێت؟ تاچەند ئەگەری شەڕێكی درێژخایەن هەیە لەنێوانیاندا؟
بیلال وەهاب: شەڕ دروست نابێت  لەنێوان ئەمریكا و ئێران، بە تێگەیشتن لە هێرشە موشەكییەكانی ئێران و وڵامەكەی دۆناڵد ترەمپ، ئەوە دەگەیەنێت كە شەڕی راستەوخۆی ئەمریكا – ئێران بەرەو كۆتایی بڕوات، بەڵام مانای ئەوە نییە شەڕی میلیشیا چەكدارەكانی ئێران لەناوچەكە كۆتایی پێ بێت، هەر هەڕەشە و هێرشێكیش لەلایەن ئەو میلیشیایانەوە ئەنجام بدرێت، ئەمریكا بە هێرشی ئێرانی دادەنێت.

دواڕۆژ: عێراق هیچ تاوانێكی نێودەوڵەتی نەكردووە، ئەمریكا چۆن دەتوانێت گەمارۆی ئابوری بخاتەسەر؟
بیلال وەهاب: ئەمریكا كاتێك گەمارۆی ئابوری دەخاتە سەر عێراق، مەرج نییە عێراق تاوانێكی كردبێت، گەمارۆی ئابوری بریتی نییە لە سزایەكی یاسایی یان نێودەوڵەتی، نایەت لەڕێگەی  UNەوە وەكو ساڵی 1990 گەمارۆ بخاتە سەر عێراق، بەڵكو راستەوخۆ و تاك لایەنانە سزاكان دەسەپێنێت، هەروەك چۆن بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی، بۆیە گەمارۆ دانان وەكو ئامرازێكی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بەكاردەهێنێت، نەك بیباتە نەتەوە یەكگرتووەكان و پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی حكوم بێت، ئەگەر بە زەبری ئێران هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربكرێن، ئەگەری زۆرە ئەمریكا گەمارۆی ئابوری بخاتە سەر عێراق و بانكەكانی.

دواڕۆژ: پێتوایە گەمارۆكان چی لەخۆدەگرن؟ گەمارۆ خستنە سەر عێراق تەنیا بە بڕیاری ترەمپ دەبێت یان پێویستی بە بڕیاری گۆنگرێسە؟
بیلال وەهاب: چەند جۆرێكی هەیە، ئەگەر روو بدات بەو شێوە قورسەی ساڵی 1990 نابێت، بەڵكو ئێستا جیاوازە، ئەگەر سەیری ئێران بكەین ئەمە شێوازی نوێی دانانی گەمارۆیە، كە بریتییە لە خستنەسەر لیستی تیرۆری كەسایەتییەكان، یان رێگە نەدان بەبەكارهێنانی دۆلاری ئەمریكی كە دراوێكی قورسە، یاخود رێگە نەدات بە فرۆشتنی نەوتەكەی یان بە دۆلار نەیفرۆشێت، بۆ ئەمەش فشاری دۆبلۆماسی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی وڵاتان نەوتەكەت نەكڕن و پێویستی بە بڕیاری كۆنگرێسیش نییە.

دواڕۆژ: ئەمریكا خۆی بەخاوەنی عێراقی دوای سەدام دەزانێت، ئایا بیانووەكانی بڕیارێكی لەو شێوەیە ئاسانە بۆ ئەمریكا؟
بیلال وەهاب: نەخێر خۆی بەخاوەنی عێراق نازانێت، سیاسەتی ئەمریكا بە روونی ئەوەیە كە عێراق وڵاتێكی سەقامگیری سەربەخۆ بێت، دژی ئەوە نییە عێراق پەیوەندی ئابوری و تەنانەت سەربازیشی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، بەڵكو دەیەوێت دەوڵەتێك بێت بەشوێن بەرژەوەندییەكانی خۆیدا بگەڕێت، نەك ئەمری ئێران جێبەجێ بكات و خزمەتی بەرژەوەندییەكانی بكات، سوپای عێراق بەگوێی سەرۆك وەزیران بكات نەك فەرماندەی فەیلەقی قودس، بۆیە ئەوە تێپەڕیوە ئەمریكا خۆی بەخاوەنی عێراق بزانێت.

دواڕۆژ: پاش كوژرانی قاسم سلێمانی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران چۆن دەبێت؟ پێشبینی  كاردانەوەی تر دەكەن؟
بیلال وەهاب: سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران وەكو خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئێران لێی بدات، ئەویش لێی دەداتەوە، ئەمریكا بە نیاز نییە لێدانێكی تری هاوشێوەی قاسم سلێمانی ئەنجام بداتەوە، بەڵكو لەئێستادا خۆپارێزی دەكات، بەڵام ئەگەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران یان حیزبوڵا هێرش بكەنە سەر سەربازانی ئەمریكا، بە هێرشی ئێرانی دادەنێت.

دواڕۆژ: لەحاڵەتی گەمارۆی ئابوری تاك لایەنەی ئەمریكا لەسەر عێراق، ئایا هەرێمی كوردستان-یش دەگرێتەوە، یان مامەڵەیەكی جیاوازی لەگەڵدا دەكرێت؟
بیلال وەهاب: ئەمەش خاڵێكی گرنگە، ئەگەر گەمارۆی ئابوری و دۆلار بێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، چونكە رێگە نادرێت عێراق دۆلاری پێ بگات، دۆلاریش لەڕێگەی بانكی ناوەندی عێراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، كوردستان بەجیا دۆلار وەرناگرێت، بەهای دیناریش پەیوەستە بە دۆلارەوە، ئەگەر هەرێم دۆلار لەڕێگەی ترەوە وەربگرێت، ئەوا قابیلیەتی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار لای حكومەتی ناوەندە، كوردستان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەكەیەوە دۆلار بەدەست بهێنێت كۆنتڕۆڵی سعری دیناری پێ ناكرێت لە هەموو حاڵەتەكاندا هەرێم زەرەرمەندە.

دواڕۆژ: چوونی عادل عەبدولمەهدی لەماوەی رابردوودا بۆ چین و ئەنجامدانی چەند گرێبەستێك لێدان نییە لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و سەرەتایەك بۆ كێشەكان؟
بیلال وەهاب: ئەمە تیۆری پیلانگێڕی عادل عەبدولمەهدی خۆیەتی كە لەسەرەتای مانگی 10 رابردوو خۆپیشاندانەكان دەستی پێكرد، وتی ئەمە ئەمریكای لەپشتەوەیە، بۆیە سەرۆك وەزیران لەسەر ئەم بنەمایە ویستی سزای ئەمریكا بدات، بەلای ئەمریكاوە ئەمە گرنگ نییە، بەڵكو لەچاوی ئێرانەوە سەیری عێراق دەكات، كاتێك بابەتی میلیشیا و هەڕەشەكردن بەتایبەت كە هاتە سەر ئەوەی خوێنی ئەمریكی بڕێژرێت ئەمە خاڵە گرنگەكەیە، دەتوانیت سەیری رێككەوتنی ئەو وڵاتانە بكەیت لەگەڵ چین، جۆرێك لە خەیاڵ پڵاوی تێدایە، نەوتی پێ بدەیت ئەویش بە كرێكار و تەكنەلۆجیای چینی هەلی كارت بۆ دروست بكات، بەهۆی ئەمە چەندین وڵاتی خستۆتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە.

دواڕۆژ: بڕیار و هەڵوێستەكانی ترەمپ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا چ كاردانەوەیەكی لەناو شەقامی ئەمریكی لێ كەوتووەتەوە، تاچەند لێی رازین؟
بیلال وەهاب: كەم تا زۆر هێزێكی بۆ دروست كردووە بەوەی كەوا سەرۆك ناترسێت، پێشتر دەوترا سەرۆك ترسنۆكە و تەنیا قسەی زل دەكات و بە كردار ناوێرێت هیچ بكات، لەم لایەنەوە پەرچەكردارێكی باشی بۆ دروست بووە، ئەمساڵ-یش ساڵی هەڵبژاردنەكانە دیموكراتەكان رەخنەی ئەوەی لێ دەگرن كە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا دەكات.

دواڕۆژ: بڕیارەكانی بەرامبەر ئێران و كوشتنی قاسم سلێمانی تاچەند خولێكی تری سەرۆكایەتی بۆ ترمپ مسۆگەر دەكەنەوە؟
بیلال وەهاب: هەڵبژارندنەكانی ئەمریكا مسۆگەر و روون نین، بەرامبەر بە كۆمارییەكان دیار نییە كێ نوێنەر و كاندیدی دیموكراتەكان دەبێت، ئەگەر كاندیدی دیموكراتەكان دیاری بكرێت ئەوكات بەرچاوڕوونی دروست دەبێت، بەڵام تائێستا دۆخی ترەمپ خراپ نییە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure