پەردەکە لابرا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 11/01/2020‌ :: 195‌ جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

رۆژی یەکشەممە (٥/١/٢٠٢٠) کۆبوونەوەیەکی گرنگی پەرلەمان ئەنجامدرا بەبێ بەشداریی زۆرینەی هێزە سوننیەکان و کورد!

ئەو کۆبوونەوە نائاساییەی پەرلەمانی عێراق زیاتر کۆبوونەوەیەکی دژەهەڵوێست و دەرکردنی بڕیارێک بوو بۆ چۆڵکردنی عێراق لە هێزە بێگانەکان کە بە دیاریکراوی مەبەست ئەمریکا بوو لە تۆڵەی کوشتنی قاسمی سلێمانی.

کۆبوونەوەکەی پێنجی یەکی رۆژی یەکشەممە، هەڵدانەوەی پەردە بوو لەسەر وێنە داپۆشراوەکەی عێراق، وێنەیەک هێندە ناشرین کێشراوە کە دوای سەدەیەک تائێستایش نیگارکێشیکەی (بریتانیا) ئامادە نییە واژۆی خۆی لەسەر دابنێ و خۆی بکات بەخاوه‌نی ئەو هەڵە مێژووییە.

داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی عێراق، هێندەی لە تابلۆیەکی خەیاڵی و فەنتاسی دەچێت، کە خودی نیگارکێشەکە خۆی نەبێت ئاستەمە کەسیتر لێی تێبگات، نیوهێندە لە نەخشەیەکی ئەندازەیی هاوتەریب و یەکسان ناچێت.

کۆبوونەوەکەی 5/1 پەردە لادان بوو لەسەر ئەو سیناریۆیەی کە پێش سەدەیەک بۆ (شانۆگەریی عێراق) نووسراوە و لەو رۆژەدا بەشی یەکەم، لە سێ بەشی سیناریۆکە، پێشکەشکرا لەلایەن رەشپۆشەکانەوە"شیعە" بەبێ ئامادەبوونی سپیپۆش"سوننە" و  ره‌نگاڵەپۆشەکانەوە"کورد".

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە هەر سێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق دانیان بەخۆداگرتبوو و نەیاندەویست لەسەر هیچ بەرەیەک خۆیان یەکاڵابکەنەوە، خۆ ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیی کەسی و حیزبیش بێت وایان پیشاندەدا کە بە یەک دووریی لەنزیک هەردوو بەرەی ئەمریکا و ئێران-ەوە وەستاون، بەڵام سەرەنجام رەوشەکە گەیشتە ئاستێ کە چیتر نواندنی پشتی پەردە کاری پێنەکرا و نمایش لەودیووی پەردەوە بە ئاشکرا کرا، خۆ ئەگەر نمایشەکە کورت و خێرایش بووبێت بەڵام وەڵامێکی راست و راستەقینەی هەموو لایەکی دایەوە.

ئێستا هەڵگرانی ئاڵای رەش لەبەرەی ئێران-ن و هەڵگرانی ئاڵای سپی و ره‌نگاڵە، ئەگەر لەبەرەی ئەمریکایش نەبن، ئەوا لەبەرەی ئێران نین، ئەگەرچی لەترسی هەژموونی خوێناویی ئێران بە زارەکی شتێکی تریش بڵێن.

ئەڵبەتە دوای هەر دوو هێرشەکەی ئەمریکا و ئێران، ناوچەکە بە رەوشێکی ناجێگیرا تێدەپەڕێت و زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی و وڵاتانی زلهێزیش ترسی هەڵایسانی جەنگیان لا دروست ببوو، ئەگەرچی ئێستا رەوشەکە کەمێک ئارامترە و کاردانەوەکانی ئێران بەگوێرەی هەڕەشەکانی نەبوون.

لە دوای دەنگدانی تاکلایەنەی ئاڵارەشەکان "شیعەکان" ترس لەوە دروست بووە کە ئەگەر پەستان بخرێتە سەر ئەمریکا تا عێراق جێبهێڵێت، ئەڵبەتە ئەمە بۆ رازیکردن و بەرژەوەندیی ئێران-ە، ئەوا ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزای ئابوریی بەسەر عێراقدا دەسەپێنن کە ئەمە ترسێکی مەشروعە بەڵام نەگونجاو و ناڕاست و تاڕادەیەکیش ئاستەمە، بۆ؟

ئابڵوقەی ئابوریی نێودەوڵەتی وەک ئەوەی خرایە سەر رژێمەکەی سەدام، لەئێستادا ناخرێتە سەر عێراق، چونکە عێراق هیچ تاوانێکی نێودەوڵەتی(وەک داگیرکردنی کوەیت)ى ئەنجامنەداوە، جیا لەوەی ئابڵوقەی نێودەوڵەتی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی دەوێت، ئەوەی باسدەکرێت فووتێکردنێکی زۆری ئیعلامییە و گەورە کراوە.

سەبارەت بەوەی ئەمریکا بەتەنها خۆی سزا بخاتە سەر عێراق، پێویستی بە بڕیاری ترامپ و پەسەندێتیی کۆنگرێس هه‌یە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا پاساوەکانی بڕیارێکی لەو شێوەیە ئاسانە بۆ ئەمریکا کە خۆی بە خاوەنی عێراقی دوای سەدام حسێن دەزانێت؟. واقعەکە جیایە لەو پروپاگەندە زۆرەی وایکردووە خەڵک بترسێ.

پاشان ئەمریاکا وانەهاتووه‌تە عێراق-ەوە کە لە کورتمەودادا بەجێبهێڵێ و کاتێکیش هاتە عێراق و رەوایی بە داگیرکردن و هەڵوەشانەوەی سوپای عێراقدا، پرسی بە کەس نەکرد تائێستا گوێ بۆ بڕیارێک، نەک یاسایش کە لە تەنها یەک پێکهاتەی عێراقەوە دەرچووە، بگرێ. یان گوێ بۆ سەرۆک وەزیرانێکی کاربەڕێکەر بگرێت. خۆ ئەگەر پەستانەکان زۆربن دوور نییە جارێکیتر دەست بخاتەوە ناو کاروباری عێراق و هاوکێشەکە بەلایەکی تردا بگۆڕێ و عێراق بگێڕێتەوە بۆ سەردەمی ئینتیدابی عەسکەری و کەسێکی توندڕەو و گوێڕایەڵی خۆیان بکاتە سەردار و بەڕێوەبەری عێراق، هەر لەبەر ئەو هۆکارەیش شیعەکانیش ئەمە باش دەزانن و پێ زیاتر لە بەڕەکەی خۆیان راناکێشن.

لەلایەکی ترەوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی رێککەوتنامەی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا لە دەستەڵاتی حکومەتدایە نەک پەرلەمان، حکومەتی ئێستای عێراقیش حکومەتی کاربەڕێکەرە و دەستەڵاتی ئەوەی نییە. ئەمە جگە لەوەی بەپێی بەندەکانی رێکكەوتنامەکە، دوای داواکاریی لایەنێکی رێککەوتنامەکە بۆ هەڵوەشانەوە، دەبێت بە نووسراو پێشکەشی بەرامبەرەکەی بکات و ساڵێکی پێویستە بۆ جێبەجێکردن.

داوای چوونەدەرەوەی سوپای ئەمەریکا، لە پەرلەمانی عێراق کە داوایەکی "شیعییە" لەکاتێکدا کـە ئەو 7 سەربازگە ئەمەریکیەی لەعێراقدا هەن، هەموویان لەناوچەی سوننی و باکوورن و هیچیان لە باشووری عێراق نین. دوو گرنگترین سەربازگەی ئەمەریکی کە بریتین لە سەربازگەی عین الاسد و الحبانیە لە روومادی-ن، سەربازگەی ئاسمانی البلد لە تـکریت-ە، سەربازگەی تاجی لە بەغدا-یە، سەربازگەی گەیارە لە موسڵ-ە و سەربازگەی کەیوەن K1 لە کەرکوک-ە. ئەمە جگە لەوەی 5 سەربازگەکانی تری مەشق و راهێنانی سوپای ئەمەریکی لە ئەتروش و هەریر و هەولێر-ن.

زانیاری هەیە کە ئەمریکا پێنچ بنکەی سەربازگەی تر لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە سلێمانی، هەڵەبجە، باشووری هەلێر، یەکێکیش نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، هه‌روه‌ها له‌ مەخمور و حەریر-یش. هەروەک چۆن ژمارەی سەربازەکانی لە ٤٥٠ سەربازەوە بۆ دووهەزار سەرباز بەرزدەکاتەوه‌، هەروەها گەورەترین کونسڵخانە لەسەر رێگەی هەوڵیر-شەقڵاوە لەسەر ٥١ دۆنم دروست دەکات کە لە ٥ی تەموزی ٢٠١٨وە بەردی بناغەکەی دانراوە و بڕیارە ساڵێ ٢٠٢٢ تەوابێت، بەڵام ئەمریکیەکان شەویان خستووه‌تە سەر رۆژ تا پێشتر لەو بەروارە تەوابێ و بڕى ٧٩٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ داناوه‌.

ئەم کارانە و چەندین هۆکاری تریش، رژد لەسەر ئەوە دەکەنەوه‌ کە ئەمریکا دەست لە عێراق هەڵناگرێت، جا شێوازی مانەوەکەیان دەکرێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بەڵام ئەوەی گرنگه هەر دەمێنەوه‌ و ئێران-یش زراوی لەوە تۆقیوە.

ئەڵبەتە لە هەر گۆڕانکارییەکی رامیاری و جیۆپۆلێتیکیدا هەندێ گۆڕانکاریی دێنه‌ ئاراوە كو خراپ بۆ لایەک و لە بەرژەوەندیی هەندێک و سوود بۆلایەکی ترن. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە کوشتنی قاسم سلێمانی و دەرکردنی بڕیارێكی تاکلایەنانەی شیعەکان لە بەرژەوەندیی ئێران بۆ دەرکردنی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، سوودی کوردی تێدابێت، هەڵبەتە ئەگەر کورد یاریزانێکی کارامە و زرت و وریا بێت و بتوانێت راهێنەرێکی باش بۆ تیمەکەی دەستنیشان بکات!.

لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانەوە سوننەکانی عێراق، کە زیاتر بە عەرەبی نەتەوەیی و هەندێکیشیان شۆڤێنی ناسراون و هەمیشە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقدا بوون، زۆر بەجدیی خەریكی خۆکۆکردنەوەن و نوێنەرانی هەر سێ شاری موسڵ کە دووەمین گەورە شاری عێراق-ە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، لەگەڵ تکریت و ئەنبار کە لەڕووی رووبەرەوە گەورەترین شاری عێراق-ە، دەیانەوێت هەرێمێکی سەربەخۆى هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست بکەن و هەر هەرێمی کوردستان-یش بە نمونە وەردەگرن کە لە هەندێ رووەوە لە عێراق سەقامگیرتر و بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانى باشترن.

بێگومان دروستبوونی هەر هەرێمێکی نوێ لە عێراق، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و دیموکراسیی عێراق-ە، ئەمە جگە لە چەسپاندنی فیدراڵی لە عێراقدا و پاشان رکابەریی پۆزه‌تیفی نێوان هەرێمەکان لەڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریەوە.

خۆ ئەگەر ئەو هەرێمەی لە موسڵ و تکریت و ئەنبار پێکدەهێنرێت، سەربگرێت و ببێتە ئەمری واقیع، ئەوا یەکەم هەنگاوی سەرەتایی  دابەشبوونی عێراق-ە بۆ هەر سێ هەرێمی کوردستان و سوننەستان و شیعەستان، لەوەودوا چیتر وڵاتێک بەناوی عێراق-ەوە دەبێت بە مێژوو.

ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە: ئایا کورد دەستیکردووە بە ئامادەکاری و  بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە؟

ئایا کورد تیمی دەستبەکاری پێکهێناوە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە لە داهاتووا رووبدات؟.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure