نرخی جۆرە تۆوێكی كاڵەك دەبێتە دوو هێندە

هەواڵ / ئابوری :: 11/01/2020‌ :: 109‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

لە سنووری قەزای پێنجوێن، نرخى تۆوی جۆرێك لە كاڵەك كە بە كاڵەكی "جەنە" ناسراوە، بۆ دوو هێندە بەرزبۆتەوە و جووتیارانی نیگەران كردووە، بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵیش روونكردنەوە دەدات.


ئاسۆ محەمەد، جووتیار و خاوەنی فرۆشگای بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە بازاڕی پێنجوێن بە دواڕۆژی وت: دەبێت هەر لەئێستاوە لە خەمی پەیداكردنی تۆوی كاڵەكی جۆرى (جەنە) بین، كە یەكێكە لە جۆرە باشەكانی كاڵەك و خواستی زۆری لەسەرە و نرخەكەشی هەمیشە لە بازاڕ و عەلوەكاندا بەرزە، هاوینی ساڵی رابوردوو نرخى بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك نزیكەی 1000 دینار بووە.

وتیشی: "هەر كیسەیەكی تۆی كاڵەكەكە، تەنیا 1000 هەزار دانەی تێدایە، ساڵی رابوردوو بە 50 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخەكەی بەرزبۆتەوە بۆ 100 دۆلار و هەر دۆنمێكیش پێویستی بە چوار كیسە هەیە، ئەمەش بارگرانی بۆ سەر جووتیاران دروستدەكات، چونكە پێداویستیەكانی تری كشتوكاڵی زۆرە و ئەوانەش پارەیان دەوێت".

لایخۆیەوە حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئەو جۆری تۆی كاڵەكە كە ناوی (جەنە)یە، زۆر سەركەوتوو بووە، بەتایبەتی لە سنووری قەزای پێنجوێن و جووتیارانیش زۆر لێی رازین.

وتیشى: "هاوردەكردنی لەم مانگەوە دەستیپێكردووە و لە 15ی ئه‌م مانگه‌ و سەرەتای مانگی شوباتیش بڕێكی زۆرتر هاوردەدەكرێت، بەڵام دیارە ئەوانەی وەكیلی ئەو تۆوەن و دەیهێنن، لەئێستادا نایانەوێت بیفرۆشن و ئه‌مه‌ش بۆتە هۆكاری بەرزبونەوەی نرخەكەی و ئێمەش ده‌ست بەبەدواداچوون دەكەین.

پ: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure