نهێنییه‌ك له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/01/2020‌ :: 7282‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، راپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار


جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت "كه‌مێك پێش ئێستا راپۆرتی كۆتایی هه‌ر شه‌ش لیژنەكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر یاسای چاكسازی مووچه‌ كۆتایی هات و رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ ده‌كرێت، هاوكات چه‌ند فراكسیۆنێك نیگه‌رانن له‌ هه‌ندێك بڕگه ‌و مادده‌ی پڕۆژه‌كه"‌.



دوای هه‌شت كاتژمێر گفتوگۆكردن، دواجار هه‌ر شه‌ش لیژنەكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتی كۆتایی خۆیان له‌سه‌ر (پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ مووچه ‌و خانه‌نشینی و ده‌رماڵه ‌و ئیمتازه‌كانی دیكه‌) ته‌واو كرد.


ھێڤیدار ئەحمەد، جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "كه‌مێك پێش ئێستا راپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی مووچه‌ له‌لایه‌ن لیژنەكانی (یاسایی، دارایی، پێشمه‌رگه‌، شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، كاروباری په‌رله‌مان و ناوخۆ)ی په‌رله‌مان كۆتایی هات و ئێستا پڕۆژه‌كه‌ به‌ ته‌واوی ئاماده‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو 12ی كانوونی دووه‌می 2020 خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت.

جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌كه‌ چاكسازی باشی تێدایه،‌ چونكه‌ له‌لایه‌ك زامنی گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی جێگیر كراوه‌ كه‌ نابێت له‌ 300 هه‌زار دینار كه‌متر بێت.


جێی ئاماژه‌یه‌ پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌هه‌رێم، له‌ دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن له‌ ڕۆژی 2019/12/16، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.


به‌پێی راگه‌یەنراوێكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌كۆبوونه‌وه‌ی شه‌ش لیژنەكه‌دا راپۆرتی پێشنیاز و تێبینییه‌كانی هه‌ر شه‌ش لیژنه‌كه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای چاكسازی له‌خانه‌نشینی و مووچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌ له‌ هه‌رێم به‌جیا بۆ به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرانه‌ڕوو.


به‌ڵام ئه‌ندامێكی لیژنەی یاسایی ده‌ڵێت: "بۆئه‌وه‌ی هه‌ندێك بڕگه ‌و مادده‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌ داهاتوودا جێبه‌جێنه‌كرێت، بۆیه‌ به‌ په‌له‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ لیژنەكه‌یان دراوه‌ و مۆڵه‌تی یه‌ك كاتژمێریان پێدراوه‌ بۆئه‌وه‌ی راپۆرتی له‌باره‌وه‌ بنووسن، كه‌ دیاره‌ پێدانی مۆڵه‌تی یه‌ك كاتژمێر زۆر زۆر كه‌مه‌ و به‌شی ئه‌وه‌ ناكات گفتوگۆ له‌سه‌ر یه‌ك بڕگه‌ بكرێت، نه‌ك 20 مادده‌ی یاساكه‌".


روپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "لیژنەی دارایی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی كردووه ‌و سیفه‌تی تایبه‌تمه‌ندی به‌ یاساكه‌ داوه‌، به‌ڵام ته‌نیا مۆڵه‌تی یه‌ك كاتژمێر به‌ لیژنەی یاسایی دراوه‌ بۆئه‌وه‌ی راپۆرتی خۆی له‌باره‌ی یاساكه‌ بنووسێت، بۆیه‌ ئێمه‌ ره‌خنه‌مان له‌ یاساكه‌ هه‌یه ‌و پێمانوایه‌ به‌و شێوه‌یەی ئاماده‌كراوه‌ ناتوانێت خزمه‌ت به‌ هاووڵاتیان بكات، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ بڕگه‌كان به‌شێوه‌ی مه‌تاتی نووسراوه‌ته‌وه‌و هیچ گرنتییه‌ك نییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی".


ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنەی دارایی كه‌ هاوكات ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵه‌، ده‌ڵێت: "ئێمه‌ داوامانكردووه‌ كه‌ (مقایس)ه‌ له‌نێوان پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و ئه‌و قه‌رزانه‌ بكرێت كه‌ له‌سه‌ر مووچه‌خۆران هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ر یه‌كتری بكه‌ون، به‌مه‌ش هه‌م حكومه‌ت و هه‌میش مووچه‌خۆران قازانج ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ گوێمان لێ نه‌گیراوه‌".


رۆژی‌ 3ی كانوونی دووه‌می 2018، حكومه‌تی هه‌رێم پڕِۆژه‌یاسای چاكسازی له‌ خانه‌نشینی و مووچه ‌و ده‌رماڵه ‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی دیكه‌، كه‌ له‌ 24 مادده‌ پێكهاتووه‌ ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كرا، ئاڕاسته‌ی شه‌ش لیژنه‌ی په‌رله‌مانی په‌یوه‌ندیدار كرا و له‌ماوه‌ی كاركردنی نزیكه‌ی دوو مانگی لیژنه‌كان راپۆرتی هاوبه‌ش ئاماده‌كرا و خرایه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆ كردن و په‌سه‌ند كردن.


له‌ماوه‌ی سێ رۆژی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و دوای گفتوگۆی چڕ و پڕ له‌ رێكه‌وتی 2018/2/28، كۆی یاساكه‌ په‌سه‌ند كرا، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌سه‌ر داواكاری فراكسیۆنه‌كان له‌ 4ی ئازار پارساڵ یاسای چاكسازی له ‌خانه‌نشینی و مووچه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه بۆ حكومه‌ت.
جگه‌ له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ، فراكسیۆنه‌كانی نه‌وه‌ی نوێ و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان ره‌خنه‌یان له‌ یاساكه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ په‌سه‌ند بكرێت كه‌ ئاماده‌كراوه‌ ئه‌وا "ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌كه‌" ناده‌ن.

كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ راپۆرتی هه‌ر شه‌ش لیژنەكه‌ و یاساكه‌ داهاتی نه‌وت و ناوخۆ ئاشكرا نه‌كراوه ‌و ئاماژه‌ی پێنه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر چاكسازی له‌بواری خه‌رجییه‌كان، بۆ نموونه‌ "مووچه‌ی خانه‌نشینی له‌ به‌غدا 500 هه‌زار دینار كه‌متر نییه‌، به‌ڵام له‌ پڕۆژه‌كه‌ بڕگه‌یه‌كی (مه‌تاتی) هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر داهات زیادبوو ئینجا مووچه‌ی خانه‌نشینان زیاد ده‌كرێت، بۆیه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت له‌و پڕۆژه‌یه‌ هاوشێوه‌ی به‌غدا بكرێته‌ 500 هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها له‌ یاساكه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هه‌موو مووچه‌خۆرێك یه‌كه‌ی حیسابی بانكی بۆ كراوه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی مووچه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و یه‌كه‌یەوه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ فه‌رمانبه‌ران بتوانن پاره‌ی پاشه‌كه‌وت به‌كاربێنن ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ هیچ پێشكه‌وتنێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وت نه‌كراوه‌".

وتیشی: "باس له‌ خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ و ئاسایش نه‌كراوه‌ كه‌ خانه‌نشنینییان له‌ 200 تاوه‌كو 300 هه‌زار دینارە، بۆیه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانه‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند تر بكات بۆئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ هه‌موو هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌كه‌ بكرێت، ئه‌وا ده‌نگی پێناده‌ن".


هاوكات فراكسیۆنی یه‌كگرتوو، رایگه‌یاندووه‌: پڕۆژه‌كه‌ی چاكسازی ئه‌وكاتە ئامانجه‌كه‌ی باشتر ده‌پێكا كه‌ ئه‌گه‌ر چاكسازی له‌ داهاتی نه‌وت و ناوخۆداش بگرێته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure