لەسەر پرسی دامەزراندن لە کەرکوک كورد ناڕازییە

هەواڵ / کوردستان :: 09/01/2020‌ :: 329‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد

دوای ئەوەی ڕۆژی  8کانونی دووەم ، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوکەوە ناوی دامەزراوانی پەروەدەی شارەكە ڕاگەیەندرا هەر زوو نیگەرانی پێکهاتەی کوردی لێکەوتەوە، چونكە بەشێوەکی تاكڕەوانە و بێ رچاوکردنی مافی پێکھاتەکان دانراوە.



ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواڕۆژی  وت: "ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی ناوەکان بەشێوەیەکی تاک ڕەوانە و بەبێ ڕەچاوکردنی مافی پێکهاتەکان نیگەرانی ئێمەی لێ کەوتۆتەوە و وەک نوێنەرانی کورد بەھیچ شێوەیەک بەو کارە تاك ڕەویی و ناعەدالەتییە رازی نابین و جێگای قبوڵکردن نییە و دژی دەوەستینەوە، ھەروەک چۆن لە پێش بڵاوکردنەوەی ناوەکانیش گومانمان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ھەبوو".  

وتیشی: "بۆیە داوای دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوەمان کرد و لە ئێستاشدا ھەوڵەکانمان خسۆتە گەڕ و ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر، بەرامبەر ئەو کەس و بەرپرسانەی مافی پێکھاتەی کوردییان لە دامەزراندنەکە فەرامۆشکردووە و ئەوەش بەمەبەستی راگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوانەی بڵاوکراونەتەوە".

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ پێشتر بەهۆی نەبوونی یەکسانی لەدابەشکردنی هەلی دامەزراندنی پەروەردەی کەرکوک لەنێوان پێکهاتەکان، نوێنەرانی کورد لەلیژنەکە کشاونەوە، چونکە بەشێکی زۆری ڕێژەکە دراوە بەنەتەوەی عەرەب و کورد و تورکمانیش مافی خۆیان پێنەدراوە، بەجۆرێک لەکۆی 2800 هەلی دامەزراندن کورد نزیکەی 550 پلەی دامەزراندنی پێدراوە و تورکمانیش 370.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure