"گەمارۆ بخرێتە سەر عێراق قەیرانی دارایی و دۆلار دەستپێدەكات"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 6655‌ جار بینراوە
عابد ساڵح

دواڕۆژ، سامان قوبادی 


بەوتەی بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق گرژییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق، هاوكات بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان هۆكاری سەرەكی بەرز بوونەوەی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دینار.

 عابد ساڵح بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق لە دیدارێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات خەڵك ترسیان زۆرە و زۆربەی ئەو سەرمایەیەی هەیانە دەیكەن بە دۆلار، وتیشی: "هەرچەندە بانكی ناوەندی بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق لە هەوڵی دروستكردنی هاوسەنگیدایە لەنێوان دۆلار و دینار، بەڵام ئەگەرەكانی تێكچوونی دۆخی ئەمنی عێراق، وادەكات بەهای دۆلار بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بێتەوە".

دواڕۆژ: هۆكارە سەرەكییەكانی پشت بەرز بوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار چین؟ 
عابد ساڵح: ئەو گرژییە سەربازییەی لە عێراقدا هەیە كە لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا دروستبووە، هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارە، بەدڵنیاییەوە بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقیش كاریگەریی راستەوخۆی هەبووە، بەڵام سیاسەتی بانكی مەركەزی بەو ئاڕاستەیە كە ئەم بەرزبوونەوەیە لە بەهای دۆلار كورت خایەن بێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئاسایی بێتەوە.

دواڕۆژ: لەئێستادا بانكی ناوەندی رۆژانە چەند ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت؟
عابد ساڵح: رێژەكە دیاری كراو نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بەڵام بەراورد بە رۆژانی پێش گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق رێژەكەی كەمترە، هەرچەندە ئێستا بانكی مەركەزی لە هەوڵی ئەوەدایە بڕی فرۆشی رۆژانەی دۆلار زیاد بكات، تا هاوسەنگی بەرامبەر بە دینار بگەڕێنێتەوە.

دواڕۆژ: بەمەبەستی دابەزینی بەهای دۆلار بانكی مەركەزی لە رۆژانی داهاتوودا چ سیاسەتێك دەگرێتەبەر؟
عابد ساڵح: یەكێك لە كارەكانی بانكی مەركەزی دروستكردنی هاوسەنگییە لەنێوان دۆلار و دیناردا، بۆیە رێگە نادات بەهای دۆلار زۆر بەرز بێت یان زیاتر دابەزێت.

دواڕۆژ: چ پێشبینییەك دەكەن بۆ بەهای دۆلار لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرز تر دەبێتەوە یان دادەبەزێت؟
عابد ساڵح: روون نییە، چونكە گۆڕانكاری گەورە و خێرا لە عێراق و ناوچەكەدا روودەدات، بەباش بوونی ئەم دۆخە نرخەكەی دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر هێرشە سەربازییەكان پەرەبسێنێت بەهای دۆلار بەرزتر دەبێتەوە، هاوكات پەیوەندی راستەوخۆی بە خواست و خستنەڕووەوە هەیە، خەڵك لەئێستادا ترسیان هەیە، بۆیە خواست لەسەر دۆلار زۆر زیادی كردووە، بەبەردەوام بوونی ئاڵۆزییەكان و خواستی زیاتر لەسەری، چاوەڕوان دەكەین بەهاكەی بەرزتر بێتەوە.

دواڕۆژ: خواست لەسەر كڕینی دۆلار تاچەند زیادی كردووە؟
عابد ساڵح: خواستەكە بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، هاوڵاتیان زۆربەی ئەو سەرمایەی هەیانە دەیكەن بە دۆلار، ئەم دۆلارە لە هەموو شتێك باشترە لە هەر حاڵەتێكی مەترسیداردا بەهاكەی بەرزە، خەڵك ترسێكی زۆری هەیە.

دواڕۆژ: لە ئەگەری بڕیاری گەمارۆ خستنەسەر عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، بانكی مەركەزی چی دەكات بۆ ئەو مەبەستە؟
عابد ساڵح: بە گەمارۆ خستەسەری، قەیرانی گەورەی دارایی روو لە عێراق دەكات، هاوكات قەیرانی كەم بوونەوەی دۆلار بەرێژەیەكی بەرچاو دەستپێدەكات، چونكە لەو حاڵەتەدا نەوتی عێراق بەم رێژەیەی ئێستا ناتوانرێت بفرۆشرێت.

دواڕۆژ: لەمەودوا سیاسەتی بانكی ناوەندی عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟
عابد ساڵح: ئێمە لقێكین سەر بە بانكی مەركەزی عێراق هەر بڕیارێك لە بەغداوە دەربچێت، ئەوە جێبەجێ دەكەین، بۆ هەر گۆڕانكارییەك كە روودەدات لە سیاسەتی بانكی ناوەندی بەرامبەر بانكە تیجارییەكان و بازاڕ ئێمە چاوەڕوانی ئەوان دەكەین، بەڵام بە گۆڕانی دۆخی ئەمنی عێراق پێشبینی گۆڕانكاریی لە سیاسەتی بانكی مەركەزیدا دەكەین.

دواڕۆژ: بەهۆی ترس لە تێكچوونی دۆخی ئەمنی دەوترێت بانكەكان لە هەوڵی كشاندنەوەی سیولەدان، راستە؟
عابد ساڵح: نەخێر راستە نییە، ئەوان بەپێی سیاسەتی بانكی مەركەزی كاردەكەن، لەهەمانكاتدا بەهاوكاری حكومەت هەوڵ دەدرێت ئەم كێشەیە لە دۆلار و دیناردا چارەسەر بكرێت، یان رێگە بگیرێت تا لەوە زیاتر بەهای دۆلار بەرز نەبێتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure