بۆچى مووشه‌كه‌كانى ئێران به‌ ئاڕاسته‌ى هه‌ولێر هاوێژران؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/01/2020‌ :: 2254‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئاراسته‌كردنى دوو مووشه‌ك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر بۆ پێكانى كۆمه‌ڵێك ئامانجه‌ و "ده‌یه‌وێت زیانى گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێت و بیانییه‌كانیش ناچاربكات كوردستان جێبهێڵن" وه‌ك ئه‌وه‌ى چاودێرێكى سیاسى ده‌یڵێت، هه‌روه‌ك پێویستى لایه‌ندارى نه‌كردنى وڵاته‌ ناكۆكه‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ به‌ پێویست ناوده‌برێت.


كاتژمێر 1:40ی به‌ره‌به‌یانى (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8ى كانوونى دووه‌مى 2020) كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر له‌ 20 مووشه‌كی ئاڕاسته‌ی پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئەمریكا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌مه‌ش یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر تێكشكێندرا، هه‌روه‌ها یه‌كێكى دیكه‌ش له‌ مووشه‌كه‌كان له‌ نزیك قه‌زای به‌ردەڕه‌ش كه‌وتۆته‌وه‌ خواره‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و شوێنانه‌ى له‌ هه‌رێم كراونه‌ته‌ ئامانج هیچ پێگه‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌مریكى لێنییه‌، ئه‌مه‌ش گومانى لاى چاودێران دروستكردووه‌ و پێیانوایه‌ ئاراسته‌كردنى مووشه‌كه‌كان به‌ڕووى هه‌ولێر، ئامانجى دیكه‌ى له‌پشته‌وه‌یه‌!.

دكتۆر عه‌بدوڵا مامه‌سێنى، چاودێرى سیاسى پێوایه‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى ئه‌مڕۆى ئێران ئه‌وه‌نده‌ى بۆ كه‌مپكردنه‌وه‌ى توڕه‌یى هاووڵاتیانى خۆیه‌تى، ئه‌وه‌نده‌ زیان گه‌یاندن به‌ ئه‌مریكا نییه‌، هاوكات له‌پاڵ هێرشه‌كان كه‌ بۆ سه‌ر پێگه‌كانى سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگاى ئه‌نبار ئه‌نجامدراوه‌، ئێران به‌ دوو هێرشى مووشه‌كى ویستى چه‌ند ئامانجێك بپێكێت.

ئه‌و چاودێره‌ به‌ دواڕۆژى وت: "ئێران به‌و هێرشانه‌ى كه‌ بۆ هه‌ولێر كردى، ده‌یه‌وێت سه‌ربازانى ئه‌مریكى و بیانى له‌ هه‌ولێر ناچاربكات كه‌ كوردستان جێبهێڵن، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش ده‌یه‌وێت ترس بڵاوبكاته‌وه‌ تاوه‌كو كارمه‌ندانى كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌ هه‌ولێر ناچاربكات كه‌ كوردستان جێبهێڵن، له‌گه‌ڵ راگرتنی هاتووچۆی ئاسمانی لە نێوان کوردستان و دەرەوە و  بڵاوکردنەوەی نائارامی و دڵەڕاوکێ لە کوردستان و خاوکردنەوەی چالاکی ئابووری هه‌رێمى كوردستان".

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى بۆچى ئێران ده‌یه‌وێت به‌و شێوازه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بكات، ئه‌و پسپۆڕه‌ى زانسته‌ سیاسییه‌كان ده‌ڵێت: پێده‌چێت به‌شدارینه‌كردنى كورد له‌ دانیشتنى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابوردوو كه‌ تێدا په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا به‌ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا و بیانییه‌كان، ئێرانى توڕه‌كردبێت و بیه‌وێت به‌و شێوازه‌ تۆڵه‌ له‌ هه‌رێم بكاته‌وه‌.

به‌پێى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و دژه‌ تیرۆرى كوردستان، هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانى ئێران بۆ هه‌ولێر زیانى گیانى لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، به‌ڵام ترس و دڵه‌ڕاوكێى زۆرى له‌ناو هاووڵاتیان دروستكردووه‌.

له‌باره‌ى هێرشه‌كان و ئه‌و كێشانه‌ى به‌هۆى كوشتنى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یلقى قودس رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌وه‌، دکتور جەبار قادر، نووسەر و چاودێرى سیاسى وتى: "ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت، هاووڵاتیان له‌ شه‌ڕ و كێشه‌كان بپارێزێت ئه‌وا پێویسته‌ کورد داوابکات بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، هه‌رێم لە هێڕش و پەلاماری ئێران بپارێزرێت، هه‌روه‌ها دەستبگیرێت بەسەر داهاتی نەوتی عێراقدا و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا بەسەر پێکهاتەکانی عێراقدا بەشێوەیەکی دادوەرانە دابەشبکرێت و عێراق بخرێتەوە ژێر ئەحکامەکانی بەندی حەوتی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە".

دكتۆر جه‌بار، له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌ى خۆى نووسیویه‌تى، پێویسته‌ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بخرێنە ژێر چاودێری نێودەوڵەتییەوە تا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان، هه‌روه‌ها پێویسته‌ هەر رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراقی نوێدا بکرێت، دەبێ لەژێر چاودێری و گەرەنتی نێودەوڵەتیدا بێت، به‌مه‌ش هاووڵاتیان هه‌رێم له‌ڕووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ قازانج ده‌كه‌ن و ئه‌وكاتیش هێرشه‌كانى ئێران بۆ هه‌رێم هیچ زیانێكى نابێت، چونكه‌ زامنى سیاسى و دارایى بۆ هه‌رێم به‌ده‌ستدێت.

هاوكات سه‌لیم شووكه‌یى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: وه‌ڵامه‌كه‌ى ئێران بۆ ئەمریکا هیچ زیانێكى نه‌بووه‌ ئه‌مه‌ش واتاى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئەگەر ئەمریکا وەڵامی نەبێت ئه‌و شه‌ڕه‌ كۆتایى دێت به‌مه‌ش عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ هێرشه‌كانى ئێران پارێزراو ده‌بن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌رێم تووشى كێشه‌ بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردن و هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ بده‌ن.

به‌لاى لاوه‌ند جه‌لال ئاغا، چاودێرى سیاسى "دامەزراوە دەستووری و ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم تائێستا سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی ھاوسەنگی و نەبوونی ھەرێمی کوردستان بە تەرەفی ململانێکان، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌رێم تاوه‌كو كۆتایى هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات بۆئه‌وه‌ى زیان به‌ر هه‌رێم نه‌كه‌وێت".

پ: شیروان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure