محەمەد حاجی مەحمود: شەڕی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا روونادات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 08/01/2020‌ :: 1358‌ جار بینراوە
محەمەد حاجی مەحمود

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: ئومێده‌وارم ئەو موشەكانەی دوێنێ شەوی ئێران كۆتایی بێت بۆ دۆخى ئێستا، محەمەد حاجی مەحمود له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌شڵێت: پێموانییە شەڕی راستەوخۆ لەنێوان ئەمەریكا و ئێراندا رووبدات و تێڕوانینی خۆیشی بۆ داهاتووی دۆخی ئێستای عێراق دەخاتەڕوو.


دواڕۆژ: دوای رووداوەكانی رۆژانی رابوردوو، خوێندنەوەتان بۆ داهاتووی عێراق چییە؟
محەمەد حاجی مەحمود:
ماوەیەكە ئاڵۆزییەكان لەعێراق و ناوچەكە هەیە بەتایبەتی خۆپیشاندانەكانی بەغداد و شارەكانی عێراق ئەوەش كاریگەری خۆی هەبووە، بەڕای من ئەوانە لە ئەنجامی ئەو 15 ساڵەی دوای حوكمی سەدام حسێن لەعێراقدا حوكمڕانەكانی عێراق نەیانتوانیوە ئیدارەیەكی باش بەڕێوەبەرن و نەیانتوانی باڵانسی پێكهاتە و نەتەوەكانی عێراق بەپێی پێویست رابگرن، ئەوانە وایكرد كە ئەنجامەكەی بگاتە ئه‌م قۆناغه‌، تەنانەت سەردار قاسم سلێمانی قوربانی دەستی ئەو بێسەروبەرییە بوو كە لەعێراقدا هەبوو.
دەربارەی ئەوەی ئەم رووداوانەش چی بەدوای خۆیدا دێنێت بەدڵنیاییەوە ئەو رووداوە لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیاشدا رووداوێكی گەورە بوو، چاوەڕوانی ئەوە دەكرا كۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەڵامێكی هەبێت، بەڵام پێموانییە شەڕی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا رووبدات، رەنگە شەڕ بەوەكالەت بكرێت لەناوچەكەدا، پێشموایە رەنگە ئەم موشەكانەی شەوی رابوردوو وابكات دۆخەكان ئارامبكاتەوە.

دواڕۆژ: بەڕێزت دەڵێیت قاسم سلێمانى قوربانییە، بەڵام دەوترێت سلێمانى دەستی هەبوو لەچەندین  كاری تیرۆریستی؟
محەمەد حاجی مەحمود:
لەڕاستیدا كێشەكانی عێراق لەم ماوەیەدا پەرەیسەند و ئەمریكا تەدەخولی كرد، ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان دژی ئێران و شیعە بوو لە عێراق و لوبنانیش، ئەوە وایكرد كە سلێمانى یان ئێران بێتە ناو مەوزوعەكانەوە، بۆیە ئەگەر كێشەكانی عێراق نەبوایە ئەوانە رووینەدەدا، كێشەكانی عێراق مەبەستم تەنها ئێستا نییە، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە عێراق باڵانس لەگەڵ كورد رابگرێت، خۆتان دەزانن بەدەبابەوە پەلاماری شاری كەركوكیان دا، عێراق نەیتوانی باڵانس لەگەڵ سوننە رابگرێت، ئەوەی لەبەغداد حوكمی كرد هیچ ئاوەدانییەكی بۆ خەڵكی عێراق نەكردووە، خۆ ئەو خەڵكە هاتوونەتە سەر جادە لەخۆیانەوە نەهاتوون، رۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت لەعێراق دەفرۆشرێت، ئەی داهاتەكەی بۆ كوێ دەچێت؟
پاشان هەڵەكانیش لەوانە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی ئەمریكا، ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان نەیتوانیوە بیكاتە یاسا، چونكە یاسا دەتوانێت ئەمریكا دەربكات، پاشان ناوی ئەمریكا نەهاتووە، بەڵكو دەڵێت هێزی بێگانە، لەكاتێكدا هێزی ئەمریكی و ئێرانی و توركیا و ئەوروپاشی لێیە، لەلایەكی دیكە دەڵێت حكومەتی عێراق جێبەجێی بكات، ئێستا حكومەت نییە و دەستی لەكاركێشاوەتەوە و كابینەی ئێستا كاری رۆژانە دەكات، دەبێت حكومەتێكی دیكە بیكات.

دواڕۆژ: قسەیەك هەیە مووشەكەكانی شەوی رابوردوو كە زیانی گیانی نەبوو، پێشتر "رێككەوتن"ێك لەو بارەیەوە هەبووبێت؟
محەمەد حاجی مەحمود:
من نازانم بۆ رێككەوتن، چونكە ئەوان دوو دەوڵەتی گەورەن و بەرژەوەندی خۆیان هەیە، بەڵام ئەوەندەی دەبینم بەرپرسانی ئێرانی لە تویتەر نوسیویانە "سەركەوتنمان بەدەستهێنا" مانای ئەوەیە ئەم موشەكانە ئەگەر ئەمەریكا وەڵام نەداتەوە، كۆتایی بابەتەكەیە، بۆیە ئەوەش دڵخۆشكەرەیە كە هیچی دیكەی بەدوادانایەت.

دواڕۆژ: پێشبینی دەكەیت بۆ داهاتوو شەڕی گەورەتر لەنێوان ئەمریكا و ئێران رووبدات؟
محەمەد حاجی مەحمود:
دۆخی عێراق و ناوچەكە نائاساییە و لەحاڵەتی شەڕدایە، بەڵام پێموانییە لەنێوان ئێران و ئەمریكا شەڕی رووبەڕوو دروست ببێت و باوەڕم بەوە نییە كە شەڕ دروست ببێت، چونكە هەردووكیان بەرژەوەندییان لەناوچەكەدایە، ئەوانەی پێشتریش كە باسمكرد پەرلەمانی عێراق تەنها لایەنێك بڕیارەكەی داوە و ئەوەندەی هەڵچوونێكی مەزهەبی و بەپەلە بووە، ئەوەندە بڕیارێكی یاسایی و سیاسی نەبووە.

دواڕۆژ: بەڵام ئایا ئێران لەبەرامبەر كوژرانی سلێمانى، هەر بەهەڵدانی ئەو موشەكانە دادەمركێتەوە؟
محەمەد حاجی مەحمود:
پێموایە نە ئێران بەوە رازی دەبێت كە كردویەتی و نە ئەمریكاش بەوە رازی دەبێت كە كردویەتی، ئەو دوو دەوڵەتە لەململانێیەكی سیاسیدان لەدنیادا، چونكە خۆتان دەزانن ئەمریكا دەیەوێت هەموو دنیا لەژێر ركێفی ئەودا بێت، ئەوە درێژە دەكێشێت، بەڵام درێژەكێشانەكان و وەڵامدانەوەكان رەنگە بەجۆرێكی دیكە بن، بەڵام لەم قۆناغەی ئێستادا ئومێد دەكەم ئەو موشەكانەی دوێنێ شەو بووبێت بەكۆتایی دۆخەكانی ئێستا.

دواڕۆژ: ئەمڕۆ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم كۆبوونەوە و راگەیەندراویان بڵاوكردەوە، ئەم كۆبوونەوەیە تا چەند باشبوو؟
محەمەد حاجی مەحمود:
دۆخی عێراق تێكچووە كوردستانیش بەشێكە لەعێراق، بۆیە هەر كێشەیەك لەعێراق رووبدات كاریگەری لەسەر كوردستانیش هەیە، زەرور بوو سەرۆكایەتییەكان لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بیروڕا بگۆڕنەوە، چونكە یەكڕیزی دەتوانێت بەسەر زۆر شتدا تێپەڕێت، ئەمڕۆ هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون یەكڕیزی بپارێزرێت، پێمباشە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان كۆببێتەوە.

دواڕۆژ: دەوترێت لەم كێشەیەی ئێران و ئەمریكا، كورد بێلایەن بوەستێت، یان ئەگەر بێلایەن نەبێت بەلای كامیاندا بیشكێنێتەوە؟
محەمەد حاجی مەحمود:
ئێمە زەمانەتێكمان نییە بەلای كامیاندا دەیشكێنیتەوە و  پێموایە كورد زەرەری لێبكات، لەگەڵ بێلایەنیش ئاسان نییە، چونكە وڵاتەكە بۆتە مەیدانی شەڕ، شەوی رابوردوو نزیكەی 20 موشەك تەقیوە 2 دانەی لەكوردستانی داوە، ئەوە ئاسان نییە بێلایەنی، بەڵام هەوڵەكان ئەوەیە چەندێك پێمانبكرێت دۆخەكە هێوربكەینەوە، چ پەیوەندییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و بەڕێز كاك مەسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و حكومەتەكان، لەلایەكی دیكە یەكخستنی ماڵی كوردیش زەرورە بۆمان، جا ئەو یەكخستنە لەژێر زەختدا بێت یان لەژێر ترسا بێت لەژێر هەرچییەكدا بێت، ئەوە گرنگ بوو كورد لەبەغداد پێكەوە بوون، لەكوردستانیش پێكەوەن، هەوڵەكان باشن.

دواڕۆژ: دوای ئەم رووداوانە قسە هەیە كە ئێستا كاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە بەتایبەتیش دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، لەو بارەیەوە بۆچوونتان چییە؟
محەمەد حاجی مەحمود:
وەڵاهی خۆی ئەوە بەستراوە بەڕووداوەكانی ناوچەكەوە، لەبەرئەوە ئێمە پێمانوایە لەم كاتەدا هەوڵبدەین دۆخی ناوچەكە هێوربكەینەوە تا دۆخەكە تێكنەچێت.

دواڕۆژ: واتە لەئێستادا دەرفەتەكە گونجاو نییە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی؟
محەمەد حاجی مەحمود:
پێموایە هەموو كاتێك گونجاوە، بەڵام رەنگە كاتەكان چ كاتێك هەڵدەبژێریت رەنگە پەیوەندی بەئەوەوە هەبێت.

پ: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure