جێگری سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم: بەهۆی كوشتنی قاسم سلێمانیەوە سەرمایەداران روو لە هەرێم دەكەن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 06/01/2020‌ :: 301‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، چاوپێكەوتن: سامان قوبادی


كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و قووڵبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، مەترسییەكانی لەسەر ئابوری عێراق زیاتركردووە. باقی محەمەد جێگری سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات، بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنیی ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە، بازرگان و سەرمایەدارانی ئەو ناوچانە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە بەمەبەستی كاركردن. هەروەها دەڵێت:"دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان و رێگەی تر دەگرینە بەر بۆ هێنانی كاڵا، ئەگەر گرژییە سەربازییەكان زیاتر پەرەبسێنن".


دواڕۆژ: تاچەند كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، هاوكات گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران لە عێراق، كاریگەرییان لەسەر جووڵەی بازرگانیی هەرێم هەیە؟

باقی محەمەد: ئەو ئاڵۆزیانەی لە عێراقدا هەن كاریگەریی لەسەر جووڵەی بازرگانی هەرێم هەیە، ئێران وڵاتێكی گرانە و بۆ هەرێمی كوردستان-یش زۆر گرنگە لە رووی بازرگانییەوە، لەم نێوەندەدا هەوڵی تەواودەدەین لەگەڵ  ئێران و وڵاتانی دراوسێ تا ئەو ئاڵۆزیانەی كە هەن نەبنە هۆی لاوازبوونی جووڵەی ئابووری و كەمیی هاوردەكردن.


دواڕۆژ: هەر لەدوای رووداوەكانی چەند رۆژی رابوردوودا راستەوخۆ بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دابەزی، ئایا ئەمە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی هێنانی كاڵای ئێرانی؟

باقی محەمەد: بەڵێ دابەزینی تمەنی ئێرانی لەچەند رۆژی رابوردوودا، كاریگەریی هەبووە لەسەر جووڵەی بازرگانی، بەڵام بازرگانان زیاتر لە جاران ئاگادارن و بۆ ئەوەی بڕی كاڵا و پێداویستی لە ناوخۆ كەمنەكات و نرخ بەرزنەبێتەوە، وەك ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ ژووری بازرگانیی عێراق و ئێران. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانمان بۆ عێراق و ئێران كۆبووینەتەوە، دڵنیایی داوە بەوەی تائێستا كێشەیەكی ئەوتۆ نەهاتووەتە پێش، ئامادەكاریی پێویستیش كراوە بۆ هەر ئەگەرێك.


دواڕۆژ: دەوترێت بازرگانانیش لەئێستادا دەترسن لە هێنانی بڕێكی زۆری كاڵا و هەروەها مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران-دا، راستە؟

باقی محەمەد: ترس هەیە، بەڵام بەو شێوەیە نییە، چونكە بازرگانیی وەك ئاو وایە لەكوێ زەوی نەوی بێت ئاوەكە بۆ ئەوێ‌ دەڕوات، بازرگانانی هەرێم جگە لە ئێران لەگەڵ ئەوروپا و چین مامەڵە دەكەن، بۆیە پێشبینی ناكەین دۆخەكە ئاڵۆز بێت و ترسی گەورە دروست بكات. ئێمە ئەزموونی زۆرمان بینی بەتایبەت شەڕی ئێران-عێراق و شەڕی عێراق-كوەیت و گەمارۆكانی سەر كوردستان لە چەند ساڵی رابوردوودا، بۆیە پێویست ناكات هاووڵاتییان تووشی ترس و دڵەڕاوكێ ببن.


دواڕۆژ: دەوترێت بەو هۆیەوە بەشێك لە سەرمایەدارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق روویان لە هەرێم كردووە، راستە؟

باقی محەمەد: ئەو دۆخە ئارامەی لە هەرێم هەیە وایكردووە سەرمایەداران رووی تێبكەن، بەشێك لە بازرگان و سەرمایەدارانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەمەیش بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی لەو ناوچانەدا هەیە، تەنانەت پێشتریش بەشێكی زۆریان كۆگاكانیان هێنابووە هەرێم، هەروەها سەرمایەدارانی ئێران-یش خواستیانە بێن و لێرە كار بكەن.


دواڕۆژ: دەوترێت لەلایەن ئەمریكییەكانەوە داواتان لێكراوە جووڵەی بازرگانیی لەگەڵ ئێران سنووردار بكرێت، ئەمە وایە؟

باقی محەمەد: لە كوێ قازانج بكەین روو لەوێ دەكەین، هەرێم زیاتر هاوردەی خواردەمەنی و كەرەستەی كارەبایی دەكات، بەڵام دۆخی ئێران خراپتر بێت بازرگانان بەدیلی تریان هەیە بۆ هێنانی كاڵا، بەتایبەت لە رووی خواردەمەنییەوە، ئەو كاتەی گەمارۆیش خرایە سەر هەرێمی كوردستان، وەك بازرگانان توانیمان زۆربەی رێگەكان بكەینەوە بۆ هێنانی كاڵا، ئەگەر هەموو دەروازەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابخرێن ئێمە ناهێڵین كەمیی هەبێت لە پێویستییەكانی بازاڕ.


دواڕۆژ: ساڵی 2019 ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەرێم و ئێران چەند بووە؟

باقی محەمەد: ئاستێكی باشی بڕیوە، لەگەڵ ئێران نزیكەی شەش ملیار دۆلار و لەگەڵ توركیایش نزیكەی 12 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی كراوە. چەند رۆژێك بەر لەئێستا وەفدێكی گەورەی بازرگانیی ئێران هاتنە هەولێر و كۆبووینەتەوە لەگەڵیان، ئەمەیش بەمەبەستی زیاتركردنی ئەو ئاڵوگۆڕەیە كە لەنێوان هەردوولادا هەیە. خەڵكی كوردستانیش دڵنیادەكەینەوە كە مەترسییەكی ئەوتۆ روونادات.

پ: ل. م
ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure