به‌رپرسێكی باڵا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بودجه‌و ئابوری عێراق ئاشكراده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 06/01/2020‌ :: 1877‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی كوتله‌ كوردییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرا ده‌كات و ده‌شڵێت "گه‌ر ئه‌مریكا له‌ عێراق بكشێته‌وه‌ ئابوری عێراق ده‌رووخێت و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریش ئه‌سته‌م ده‌بێت".  


د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: حكومه‌تی كاربه‌رێكه‌ر بۆی نییه‌ ده‌ستكاری رێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و واژۆ بكات یان هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا دوێنی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ په‌رله‌مان وتی من ناتوانم هیچ بڕیارێك بده‌م. 
 
وتیشی "ئه‌مریكاو عێراق دوو رێككه‌وتننامه‌یان هه‌یه‌  كه‌ یه‌كه‌میان له‌ ساڵی 2008 واژۆ كراوه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌ چه‌ند لایه‌نێكی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ لایه‌نی سیاسیی، ئه‌منی، كه‌لتوری و ئابووری، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌مریكا هاوكاری عێراق ده‌كات له‌ رووی راوێژكاریی سه‌ربازی و راهێنان به‌ سوپای عێراق، هه‌ر له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ هه‌ركاتێك عێراق پێویستی به‌ هاوكاری سه‌ربازی ئه‌مریكا هه‌بوو، ئه‌وا سوپای ئه‌مریكا هاوكاری سه‌ربازی عێراق ده‌كات". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئێستا شه‌ڕی داعش نه‌ماوه‌، بۆیه‌ عێراق پێیوایه‌ پێویسته‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بكێشرێته‌وه‌و حكومه‌تی عێراق ده‌ربچێت له‌و ئیلتیزامه‌ی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ری بووه‌.  

له‌ باره‌ی به‌شدارینه‌كردنی كوتله‌ كوردییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ په‌رله‌مانی عێراق ناوبراو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی كوتله‌ كوردییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كورد پێیوابوو ئه‌و بابه‌ته‌ پرسێكی هه‌ستیاره‌و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ سه‌روه‌ری عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ پێیانوابوو كه‌ لایه‌نی پسپۆڕ باشتر ئه‌و پرسه‌یان تاووتوێ كردبا و لێكۆڵێنه‌وه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت و لایه‌نه‌ خراپی و باشییه‌كان دیاری بكرێت كه‌ ئاخۆ چه‌نده‌ له‌ قازانجی عێراقییه‌كانه‌ و كوردیش نه‌كه‌وێته‌ به‌ر حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ر توڕه‌بوونی لایه‌نێك بڕیارێكی ئاوا چاره‌نووس ساز بده‌ین.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد: كوتله‌ كوردییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێم رایان وابوو كه‌ دان به‌خۆداگرتن هه‌بێت له‌و پرسه‌و ناشكرێت  كورد دژی سه‌روه‌ری عێراق بێت و پێمانباش بوو هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین و بڕیارێك بده‌ین، ئینجا دواتر حكومه‌تی عێراقی وەڵاممان بداته‌وه‌ كه‌ ئاخۆ دوای ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا حكومه‌تی عێراقی زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ عێراق سه‌قامگیر بێت و ئه‌منیه‌تی شاره‌كان بپارێزرێت و هێزی عێراقی ده‌توانێت رووبه‌ڕووی تیرۆر ببێته‌وه‌. 
 
د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد روونیشیكرده‌وه‌: گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وكاته‌ ئابووری عێراق داده‌رووخێت و ناتوانێت هیچ نه‌وتێكی بفرۆشێت و حكومه‌تی عێراقی هیچ ژماره‌یه‌كی حیسابی له‌ وڵاتان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و نه‌وته‌ی ده‌شیفرۆشێت راسته‌وخۆ پاره‌كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌مریكا و له‌وێوه‌ پاره‌كه‌ دێته‌وه‌ عێراق، بۆیه‌ گه‌ر ئه‌مریكا بڕیار بدات كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فرۆشتنی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ نییه‌، ئه‌وكاته‌ عێراق ناتوانێت بووجه‌ی خۆی دابین بكات. 

ئه‌وه‌شی وت "كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازی نابێت، به‌ڵكو دیبلۆماسیه‌تی ئه‌مریكاو وڵاتانیش له‌ عێراق ده‌كشێنه‌وه‌ وه‌ك فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیاو یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌موو ده‌كشێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ كشانه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ عێراق ده‌كه‌وێته‌ دۆخێكی زۆر خراپ، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك كوتله‌ كوردییه‌كان داوای ئه‌وه‌مان كرد كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ دیراسه‌ی زۆری ده‌وێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure