ئه‌و ده‌رمانانه‌ی بۆ لاوازیى سێكسى ریكلامی بۆ ده‌كرێت، ده‌بنه‌هۆى چه‌ندین نه‌خۆشیى مه‌ترسیدار

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 06/01/2020‌ :: 1230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

چه‌ندین ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌رى لاوازیى سێكسى و دابه‌زاندنى كێش و جوانكاریى له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێن و له‌ سۆشیال میدیایش به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ریكلامیان بۆ ده‌كرێت. به‌ڵام دكتۆر گۆران رۆژبه‌یانى، به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنترۆڵى جۆریى ده‌رمان له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ دیدارێكى دواڕۆژ-دا هۆشداریى ده‌داته‌ هاووڵاتییان و ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هه‌ر ده‌رمانێك له‌ سۆشیال میدیا ریكلامى بۆ كرا قه‌ده‌غه‌یه‌. ئه‌و ده‌رمانانه‌ش كه‌ بۆ جوانكارى و چاره‌سه‌رى لاوازیى سێكسى ریكلامیان بۆ ده‌كرێت، ده‌بنه‌ هۆى دروستبوونى چه‌ندین نه‌خۆشیى مه‌ترسیدار".


دواڕۆژ: چه‌ند جۆرێك ده‌رمان له‌ بازاڕدا ده‌فرۆشرێن كه‌ به‌تایبه‌ت بۆ جوانكارى و دابه‌زاندنى كێش به‌كارده‌هێنرێن، رێكاره‌كانى ئێوه‌ چى بووه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنیان؟
گۆران رۆژبه‌یانى:
هه‌ر ده‌رمانێك رێگه‌پێدانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیى نه‌بێت نابێت هاووڵاتییان به‌كاریبهێنن، زۆربه‌ى ئه‌و ده‌رمانه‌ ساختانه‌یش له‌  سۆشیال میدیاوه‌ ریكلامیان بۆ ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێن به‌ نرخێكى گران، بۆیه‌ وه‌ك كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمان داوا ده‌كه‌ین هاووڵاتییان خۆیان به‌دووربگرن له‌و ده‌رمانانه‌، به‌ڵكو له‌ ده‌رمانخانه‌ بیكڕن و سه‌یرى بكه‌ن بزانن ستیكه‌رى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیی پێوه‌یه‌ یان نا.

دواڕۆژ: ئه‌و ده‌رمانانه‌ كامانه‌ن كه‌ خستووتاننه‌ته‌ لیستى ده‌رمانه‌ مه‌ترسیداره‌كان له‌سه‌ر ژیانى هاووڵاتییان؟
گۆران رۆژبه‌یانى:
چه‌ندین جۆرى ده‌رمان كه‌ له‌ بوارى جوانكارى و قه‌ڵه‌وكردن و دابه‌زاندنى كێش  یان چاره‌سه‌رى لاوازیى سێكسى به‌كارده‌هێنرێت، ده‌رمانى سیبوتڕامین و بۆ دابه‌زاندنى كێش به‌كارده‌هێنرێن، ده‌بنه‌ هۆى نه‌خۆشییه‌كانى دڵ، جگه‌له‌وه‌ ده‌رمانه‌كانى (باسچى، ئه‌یبى سلیم، ئه‌دیۆس) مه‌ترسیدارن، بۆیه‌ هه‌ر ده‌رمانێك له‌ سۆشیال میدیا ریكلامى بۆ كرا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاووڵاتییان نه‌یكڕن، چونكه‌ رێگه‌پێنه‌دراو و ساخته‌ن.

دواڕۆژ: به‌ چ رێگه‌یه‌ك ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێم؟ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر له‌ بازاڕدا هه‌ن چۆن كۆنترۆڵى ده‌كه‌ن؟
گۆران رۆژبه‌یانى:
به‌ڕێگه‌ى قاچاخ ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌رچاوه‌كه‌ى نادیاره‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ كوالێتى كۆنترۆڵه‌وه‌ نییه‌، چه‌ندین كه‌س و شوێنمان گرتووه‌، رێكاریى یاساییمان به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ گرتووه‌ته‌به‌ر و دراونه‌ته‌ دادگا، كه‌یسمان له‌به‌رده‌سته‌ دراوه‌ به‌ دادگا كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ ناوى ئه‌مریكى و ئه‌وروپى ده‌رمان ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت نازانرێت له‌ كوێ دروست ده‌كرێن، به‌ڵگه‌نامه‌یشى نییه‌ بۆ داخڵبوون. نازانرێت پێكهاته‌ى ئه‌و ده‌رمانانه‌ چین، زیانه‌كه‌ى زۆر زیاتره‌ له‌ قازانجه‌كه‌ى.

دواڕۆژ: په‌رله‌مانتارێك ده‌ڵێت ده‌رمانى ئه‌دیۆس بۆ دابه‌زاندنى كێش له‌ بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێت، ئایا به‌دواداچوونتان بۆ كردووه‌؟
گۆران رۆژبه‌یانى:
ئه‌و ده‌رمانه‌ بۆ دابه‌زاندنى كێش به‌كارده‌هێنرێت كه‌ ئه‌ویش چه‌ند ده‌رمانێكى مه‌ترسیدارى تێدایه‌، وه‌ك: سیبوتڕامین، فینۆڵفتالین، دایئه‌تیلپڕۆپیۆن، دایمه‌تیل ئه‌میل ئه‌مین، فینلۆڕامین، دێكسفینفلۆڕامین، ئه‌و ده‌رمانه‌ى بۆ دابه‌زینى كێش یان چاره‌سه‌رى لاوازیى سێكسى یاخود بۆ جوانكارییه‌، هه‌ر ده‌رمانێك لاى ئێمه‌ به‌ سه‌رجه‌م فله‌ته‌ره‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و دواتر رێگه‌ى پێده‌درێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌رمانه‌ى بۆ دابه‌زاندنى كێش به‌كاردێن. جگه‌له‌وه‌ ده‌بێت له‌لایه‌ن پزیشكى پسپۆره‌وه‌ بدرێت به‌ نه‌خۆش، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ نه‌خۆش تووشى كاره‌سات ده‌كات. نه‌خۆش هه‌بووه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ گورچیله‌كانى له‌كاركه‌وتوون،  ئه‌و كه‌سه‌ى به‌كاریده‌هێنێت نه‌قسى ده‌بێت له‌ ڤیتامین، هه‌ندێك له‌و ده‌رمانانه‌ ماده‌یه‌كیان تێدایه‌، پێیده‌وترێت (ئین پیورتى) كه‌ هۆكاره‌ بۆ نه‌خۆشیى شێرپه‌نجه‌.

دواڕۆژ: بۆچى پێش ئه‌وه‌ى بێته‌ بازاڕ له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا ناگرن یان رێگریى لێ ناكه‌ن؟
گۆران رۆژبه‌یانى:
به‌ چه‌ند جۆرێك كاره‌كانمان ئه‌نجامده‌ده‌ین، له‌وانه‌ به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاسایش و گومرك له‌ بازگه‌ و خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌یش له‌ رێگه‌ى لیژنه‌كانى چاودێریی له‌ بازاڕ لێكۆڵینه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت. 

دواڕۆژ: ئایا هاووڵاتییان له‌مه‌ترسیى ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌؟ 
گۆران رۆژبه‌یانى:
هۆشداریى ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتییان و داواده‌كه‌ین هیچ ده‌رمانێك له‌ سۆشیال میدیادا نه‌كڕن، ته‌نانه‌ت له‌ دووكاندار و سوپه‌رماركێته‌كانیش، به‌ڵكو له‌ ده‌رمانخانه‌كان به‌ رێنمایى دكتۆرى پسپۆڕ ده‌رمان بكڕن.

پ: ل. م
پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure