تاران ده‌توانێـت چى بكات!!

هەواڵ / چاوی تۆ :: 05/01/2020‌ :: 457‌ جار بینراوە

محەممەد عەلی وەلی

دواى كوژرانى قاسم سلێمانى فه‌رمانده‌ى فه‌يله‌قى قودسى سه‌ر به‌ سوپاى پاسداران، وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه‌ ئێران به‌تايبه‌تى دواى ناشتن و ته‌واوبوونى مه‌راسيمى كۆتا ماڵئاوايى له‌ جه‌نه‌راڵه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى، هێز و سوپاى ئێرانى يان لايه‌نگران و هه‌وادارانى ئێران له‌ وڵاتانى ناوچه‌كه‌، ده‌ستبكه‌نه‌ وه‌شاندنى گورزى سه‌ربازى، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌ وه‌شاندنى گورزى سه‌ربازى ئێران چه‌ندين بژارده‌ى ترى له‌به‌رده‌ستدایە كه‌ له‌ رێگه‌يانه‌وه‌ ره‌نگه‌ هه‌مان زيانى كاردانه‌وه‌ سه‌ربازييه‌كان زيان به‌ ئه‌مريكا و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانی بگه‌يه‌نێت.

ئه‌وه‌ى زۆرترين قسه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى پێوه‌ده‌كرێت، هێرش و كاردانه‌وه‌ سه‌ربازييه‌كانه‌، ئه‌وه‌ش شه‌ڕێكى كلاسيكييه‌، له‌ هه‌موو ئان و ساتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌يه‌، ده‌ستى بۆ ببرێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ ئێران، پێش ئه‌م جه‌نگه‌ ده‌ست بۆ چه‌ند بژارده‌يه‌كى تر ببات، وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌ربارى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، تواناى خۆى له‌و بوارانه‌شدا بۆ دنيا به‌گشتى و ئه‌مريكا و ئيسرائيل بخاته‌ڕوو، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى ئاڵۆزبوونى بارودۆخه‌كه‌دا ئێران جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كان له‌كات و شوێنى گونجاودا ده‌بن.

يه‌كێك له‌و بژاردانه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ ئێران ده‌ستى بۆ ببات، هێرشى ئه‌ليكترۆنييه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و هێرشه‌ى پێش هێرشى سه‌ربازى ده‌ستى پێكرد، به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ كۆمه‌ڵه‌ى (سپر)ى ئێرانى هێرشێكى ئه‌ليكترۆنيان كرده‌ سه‌ر بانكى (SLCB)ى ئه‌مريكى كه‌ به‌بڕواى چاودێرانى پسپۆڕى بواره‌كه‌ تواناى ئێران له‌ ئاستێكدايه‌ ناكرێت ناديده‌ بگيرێت، وه‌ك دان كۆتس به‌ڕێوه‌به‌رى ئاژانسى هه‌واڵگرى نيشتمانى كه‌ سه‌رپه‌رشتى هه‌موو ده‌زگا هه‌واڵگرييه‌كانى ئه‌مريكا ده‌كات، له‌ كانونى دووه‌مى 2019 له‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئه‌مريكا رايگه‌ياندووه‌، ئێران هه‌وڵده‌دات ده‌سه‌ڵاتى هێرشكردنى ئه‌ليكترۆنى به‌ده‌ستبهێنێت، بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر ژێرخانى ئابورى ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كان، شاره‌زايانى بواره‌كه‌ش له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ ئێران كاره‌كته‌ر و ياریكه‌رێكى گه‌وره‌ى بوارى ته‌كنه‌لۆژياى جيهانييه‌، وه‌ك لويد غيزو ئه‌ميندارى گشتى كۆمه‌ڵه‌ى پيشه‌ييه‌كانى فره‌نسا و پسپۆڕ له‌ ئاسايش و ميديا وتوويه‌تى، ئێرانييه‌كان سوپايه‌كى ئه‌ليكترۆنيان پێكهێناوه‌، كاره‌كانيشيان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ سه‌ر ژێرخانى ئابورى له‌ جۆرى پيشه‌سازى، تواناكانيان بووەته‌ سه‌رچاوه‌ى ترسى بۆ ئه‌مريكا كه‌ دزه‌ بكه‌نه‌ ناو سيستمى وزه‌ى ئه‌مريكاوه‌، وه‌ك گومانيان لێده‌كرا ساڵى 2013 دزه‌يان كردبێته‌ ناو سيسته‌مى زانيارى به‌نداوێكى بچوكى نزيك نيویۆركه‌وه‌.

بژارده‌يه‌كى ترى به‌رده‌م تاران وه‌ك به‌كارهێنانى چه‌ك دژى واشنتۆن به‌كاري بهێنێت، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى چالاكى پيتاندنى يۆرانيۆم و ده‌ستكردنه‌وه‌يه‌تى به‌ كاركردن بۆ به‌ده‌ستهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى كه‌ چه‌ندين ساڵه‌ كارى بۆ ده‌كات، ماوه‌يه‌كيش به‌ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا چالاكييه‌كانى وه‌ستاندبوو، به‌پێى قسه‌ى پسۆڕان و راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانييه‌كان پێده‌چێت له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى داهاتوودا ده‌ست به‌و كاره‌ بكاته‌وه‌، دووباره‌ ئه‌و دامه‌زراوه‌ قه‌ده‌غه‌كراوانه‌ بخاته‌وه‌كار كه‌ له‌ كۆتايى ساڵى 2015 رايگرتبوون، له‌ بوارى پيتاندنى يۆرانيۆمدا، ئه‌و بژارده‌يه‌ش چه‌ند وڵاتێكى زلهێز به‌ تايبه‌ت فره‌نسا يه‌كه‌مين رۆژى تيرۆركردنى سلێمانى داواى له‌ ئێران كرد که‌ توخنى ئه‌و پرسە نه‌کەوێت.

ئه‌وه‌ى له‌ ئێران چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، خۆى له‌ شه‌ڕى راسته‌وخۆ ناگلێنێت، مه‌گه‌ر به‌زۆر ده‌رگا و يه‌خه‌ى بگرێت، وه‌ك شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى عێراق ئێران، به‌تايبه‌ت ئێران دواى ئه‌و شه‌ڕه‌ كاولكاره‌ى كه‌ توانايه‌كى مادى و مرۆيى زۆرى لێبرد، هيچ كات نه‌يويستووه‌ ئه‌و شه‌ڕە راسته‌وخۆ و رووبه‌ڕووە بكات، دواى ئه‌و شه‌ڕه‌ ئێران هه‌ميشه‌ كۆپى شۆڕشه‌كه‌ى خۆى ناردووەته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ وه‌كاله‌ت شه‌ڕى بۆ ده‌ستكه‌وته‌كانى كردووه‌، هيچ كاتێك نه‌يویستووه‌ خاڵێكى به‌رامبه‌ره‌كانى بكاته‌ ئامانج كه‌ نزيك سنووره‌ جوگرافييه‌كه‌ى خۆى بێت، هه‌ميشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌و خاڵانه‌ى كردووه‌ كه‌ به‌ بريكاره‌كانى ده‌ستى ده‌گاتێ كه‌ يه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى ئه‌وه‌يه‌، له‌ناوخۆى خۆيدا ئه‌وه‌نده‌ى كێشه‌ هه‌يه‌، رێگه‌ى پێنه‌دات ئه‌و شه‌ڕانه‌ بكات، ئه‌مريكا شه‌ڕى ده‌سته‌ويه‌خه‌ى له‌گه‌ڵ ئێران ناوێت، وه‌ك به‌رپرسانى ئه‌مريكا له‌م چه‌ند رۆژه‌دا چه‌ندجار دووپاتيان كردووەته‌وه‌، ئه‌وان رووخانى رژێمى ئێرانيان ناوێت به‌ڵكو ده‌يانه‌وێت هه‌ژموون و په‌لكوتانه‌كانى كه‌م بكه‌نه‌وه‌، سنوورێكى بۆ دانێن.

يه‌كێك له‌و بژاردانه‌ى كه‌ سه‌ربازييه‌ و ئه‌كرێت ئێران خۆى راسته‌خۆ ده‌ستى بۆ ببات، رێگريكرنه‌ له‌ كه‌شتييه‌ بارهه‌ڵگره‌ نه‌وتييه‌كان له‌ گه‌رووى هورمز، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش زيانێکى گه‌وره‌ به‌ بازاڕى نه‌وتى جيهانى و ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانه‌ خه‌ليجييه‌كانى ئه‌مريكا ده‌گه‌يه‌نێت، گورزى كوشنده‌ ده‌دا، ئه‌وه‌ش يه‌كێكه‌ له‌و بژاردانه‌ى به‌جدى واشنتۆن حسابى بۆ ده‌كات، دواى هێرشه‌كه‌ى رۆژى هه‌ينى و تيرۆركردنى سلێمانى، که‌شتييه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانى به‌ زياتر له‌ 3 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێكردووه‌، دواى ئه‌وه‌ى ده‌يويست له‌ سنوورى خۆرئاواى عه‌ره‌بى له‌نگه‌رى پێ بگرێت.

ئه‌و بژارده‌يه‌ى كه‌ هه‌موومان ئه‌گه‌رى گه‌وره‌ و گرانى بۆ داده‌نێين، به‌تايبه‌ت ئێمه‌ له‌ عێراق، په‌لامارى بنكه‌ و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكايه‌، له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش كه‌مترين ئەگه‌رى هه‌يه‌، ئێران خۆى بۆ خۆى راسته‌وخۆ ئه‌و كاره‌ بكات، سه‌ره‌تاى ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌يه‌ش دره‌نگانى شه‌وى رابوردوو، شه‌ممه‌ له‌سه‌ر يه‌كشه‌ممه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ چه‌ند هێزێكى عێراقى نزيك له‌ ئێران هۆشدارييان دايه‌، هێزه‌ ئه‌منييه‌ عێراقييه‌كان و هاووڵاتيان نزيكى سه‌ربازگه‌ و بنكه‌ ئه‌مريكييه‌كان له‌ عێراق نه‌بنه‌وه‌، به‌تايبه‌ت، له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 5ى كانونى يه‌كه‌مى 2020ه‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure