كورد له‌لیژنه‌ی دامه‌زراندنه‌كانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك كشایه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2020‌ :: 170‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، یوسف موڕاد

بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوكەوە ناوی دامه‌زرێندراوه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌، كوردیش له‌ لیژنه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه‌ و به‌توندیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی نایه‌كسانی گه‌وره‌ی تیادایه‌.


دوای چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك بڵاویكرده‌وه‌، بڕیاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی كانونی دووه‌م، ئه‌نجامی ناوی دامه‌زرێندراوه‌كانی سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ی بڵاوبكاته‌وه‌.

ئه‌ندامێكی كوردی لیژنه‌ی دامه‌زراندنی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌بڕیاری مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی له‌لیژنه‌كه‌ كشاوینه‌ته‌وه‌، چونكه‌ رێژه‌ی كورد له‌شاره‌كه‌ ره‌چاو نه‌كراوه‌ و نایاكسانی زۆر له‌دامه‌زراندنه‌كاندا ئه‌نجامدراوه‌ له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌.

وتیشی: "وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دوو هه‌زار و 800 پله‌ی دامه‌زراندنی بۆ كه‌ركوك ته‌رخان كردووه‌، له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌وه‌ 900 پله‌یان جیاكراوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی حه‌ویجه‌ و ده‌یانه‌وێت ژماره‌كه‌ی دیكه‌ به‌خاڵبه‌ندی بێت كه‌ ئه‌مه‌ سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ له‌پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌و پێیه‌ی 48 هه‌زار كه‌س فۆڕمیان پڕكردووه‌ته‌وه‌".

جگه‌ له‌كورد، به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب و توركمانیش ناڕازین به‌رامبه‌ر دامه‌زراندنه‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌رخانكردنی پشكی تایبه‌ت بۆ حه‌ویجه‌، داواش ده‌كه‌ن دامه‌زراندنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌رخانكردنی له‌سه‌دا 32 بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بێت، له‌چه‌ند رۆژی رابوردووشدا له‌سه‌ر داوای به‌ره‌ی توركمانی خه‌ڵكێكی زۆر له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure