داوادەکرێت حكومه‌تی هەرێم و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد کۆبونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدەن

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2020‌ :: 358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی كوژرانی قاسم سلێمانی ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بووەته‌وه‌ و داواش ده‌كات: حكومه‌تی هەرێم و سه‌ركرایه‌تی سیاسی كورد كۆبوونه‌وه‌به‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بده‌ن. 

عه‌دنان موفتی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ پرسه‌ی قاسم سلێمانی له‌ هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پێمان وایه‌ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن له‌ ناوچه‌كه‌ روویداوه‌ هه‌ر بۆیه‌ به‌شداری هاوخه‌می كه‌سوكاری قاسم سلێمانی و  كۆماری ئێسلامی ئێرانین. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌مڕۆ ناوچه‌كه‌ تووشی مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بووەته‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین هه‌موو لایه‌ك به‌ ئارامی و به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ تێبپه‌ڕێنن و ره‌وشی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و عێراق و هه‌رێم له‌به‌رچاو بگیرێت.

داواشیكرد: سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مووكات زیاتر پێوستی به‌ یه‌ك ده‌نگی و یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ش پێویسته‌ یه‌ك په‌یاممان هه‌بێت و گرنگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجام بده‌ن تاوه‌كو كوردستان به‌ یه‌ك بۆچوون و شێواز له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ مامه‌ڵه‌ بكات.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure