ئەو مێردمنداڵە کوردەی بە چەکی فسفۆر لاشەکەی سووتا دەزانن چی بۆ کراوە؟

هەواڵ / کوردستان :: 05/01/2020‌ :: 37656‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوهەرزی

محەمەد بە برینداری لە سەرێکانی هێنرایە باشووری کوردستان، لەبەر سەختیی برینەکەی رەوانەی فرەنسا کرا و تائێستا هەشت نه‌شتەرگەریی بۆ كراوە. باوکی ده‌ڵێت:"لە ترسی میتی تورکیا ناوێرین بگەڕێینەوە هەرێمی کوردستان".


موسا كۆنۆ، خاڵى ئه‌و مێردمنداڵه‌ بە دواڕۆژى راگه‌یاند"دواى چه‌ند رۆژێك له‌ هێرشى داگیركاریى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، به‌ چه‌كى فسفۆر هێرشیانكرده‌ سه‌ر قه‌زاى سه‌رێكانى، محه‌مه‌د بووه‌ به‌ ئامانجى بۆردوومانه‌كه‌ و گیانى سووتا و به‌ سه‌ختى برینداربوو، دواتر هێنرایه‌ باشوورى كوردستان".

وتیشى:"لەبەر سەختیی برینەکەی لە باشوورەوە محه‌مه‌د ره‌وانه‌ى فره‌نسا كرا و تائێستا هه‌شت نه‌شته‌رگه‌ریى بۆ كراوه‌. به‌ره‌و چاكبوونه‌وه‌ ده‌چێت و70% مه‌ترسیى له‌ سه‌ر ژیانى نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئێستایش ناتوانێت جل له‌به‌ربكات و به‌رده‌وام له‌ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ردایه‌. ئێستا له‌ ژێر چاودێریى پزیشكدایه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى فره‌نسا و رێگه‌ نادرێت وێنه‌ى بگرێت، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌یپارێزن".

موسا كۆنۆ ده‌ڵێت:"ئێستا باوكى له‌گەڵ محه‌مه‌د-دایە، به‌ڵام له‌ ژێر چاودێریدان و له‌ ژیانى خۆیان ده‌ترسن، ئه‌و كاته‌ى له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ رێگاى قه‌چاخ بردیانه‌ فره‌نسا چاودێرییه‌كى زۆریان له‌ سه‌ربوو، ترسى ئه‌وه‌یشیان هه‌بوو ده‌ستگیریان بكه‌ن یان بیانڕفێنن".

خاڵى محه‌مه‌د ده‌ڵێت:"باوكى محه‌مه‌د داوا له‌ ده‌سته‌ڵاتدارانى باشوورى كوردستان ده‌كات پشتیوانیى زیاترى بۆ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى ببێته‌ خاوه‌ن ئیقامه‌ى وڵاتى فره‌نسا و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت: له‌وه‌ ده‌ترسین ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، میتى توركیا بما‌نكوژن".


محه‌مه‌د حه‌مید محه‌مه‌د ته‌مه‌ن 13 ساڵ، پێشتر ماڵیان له‌ گوندى قه‌ره‌قۆى بووه‌ كه‌ 20كیلۆمه‌تر له‌ رۆژئاواى كۆبانێ دووره‌، به‌ڵام له‌ به‌ر بارودۆخى سوریا چوونه‌ته‌ منبج و عه‌فرین. دواى داگیركردنى شارەکە چوونه‌ته‌ گوندێك له‌ باشوورى كۆبانێ و له‌وێیشه‌وه‌ دواى هێرشێكى داعش چوونه‌ته‌ سه‌رێكانى.
 

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure