ئۆجه‌لان گۆشه‌گیر كراوه‌ته‌وه‌ و ڕێگه‌ نادرێت كه‌سوكاره‌كه‌ی چاویان پێبكه‌وێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 05/01/2020‌ :: 328‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 


عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیكراوی په‌كه‌كه‌ گۆشه‌گیر كراوه‌ته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیمرالی ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار مانگه‌ ڕێگه‌ ناده‌ن كه‌سوكاری سه‌ردانی بكه‌ن. ڕۆژی هه‌ینی ڕابوردووش خانه‌واده‌ و پارێزه‌ره‌كه‌ی داوایانكرد چاویان پێبكه‌وێت، به‌ڵام دوێنێ شه‌ممه‌ 4ی كانونی دووه‌م داواكارییه‌كه‌یان ڕه‌تكرایه‌وه‌و ڕێگه‌نه‌درا بۆ دیده‌نی ئۆجه‌لان بچنه‌ ئیمرالی، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش له‌نێو په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر ڕه‌وشی ته‌ندروستی ڕێبه‌ره‌كه‌یان نییه‌". 

عه‌باس جوله‌مێرگی په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ په‌رله‌مانی توركیا به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "دوێنێ هه‌ینی هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د ئۆجه‌لان و مه‌زڵوم دیج برا و پارێزه‌ری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان له‌دادگای بۆرسا به‌فه‌رمی داوایانكرد چاویان به‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه‌و داواكه‌یان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌و به‌رپرسانی زیندانی ئیمرالی نه‌یانهێشت سه‌ردانی ئیمرالی بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیمرالی به‌ پارێزه‌رو خانه‌واده‌ی ئۆجه‌لانیان ڕاگه‌یاندووه‌ به‌هۆی سنورداربوونی مافی زیندانیان ناتوانن چاویان به‌ ئۆجه‌لان بكه‌وێت. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌ده‌په‌ باسی له‌وه‌شكرد، هاوكات جگه‌ له‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دیداری ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ پارێزه‌رو خانه‌واده‌كه‌ی دیداری نێوان زیندانیانی دیكه‌ی ئیمراڵیش ڕه‌تكرایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سوكاره‌كانیان. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) به‌دواڕۆژی وت: "هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر ڕه‌وشی ته‌ندروستی ئۆجه‌لان نییه‌ و نازانین دۆخی ته‌ندروستی ڕێبه‌ره‌كه‌مان چۆنه‌، چونكه‌ ماوه‌ی نزیكه‌ی پێنج مانگه‌ ڕێگه‌نه‌دراوه‌ دیداری نێوان ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌و پارێزه‌ره‌كه‌ی ئه‌نجامبدرێت و هه‌موو جارێك كه‌ داوای سه‌رادانیكردنی ئیمرالیان كردبێت داواكه‌یان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌". 

هاوكات ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 22ی كانونی یه‌كه‌می كۆتایی ساڵی ڕابوردوو كوردیناسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كوردستان (كه‌ژه‌كه‌) به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان له‌ زیندانی ئیمرالی بڵاوكرده‌وه‌و له‌ به‌شێكی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو، ئاپۆ له‌ناو بارودۆخێكی سیستماتیكی ئه‌شكه‌نجه‌دایه‌، بارودۆخی ته‌ندروستی و ئه‌منی ئه‌و له‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه‌. 

باس له‌وه‌شكرابوو: ئۆجه‌لان نه‌ ده‌توانێت نامه‌ بۆ كه‌سوكارو پارێزه‌ره‌كانی بنێرێت، نه‌ نامه‌ی كه‌سوكارو پارێزه‌ره‌كانی پێده‌گات، ته‌نانه‌ت پێنوس و نووسینیان لێ قه‌ده‌غه‌ كردووه‌. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عابد ئیكه‌ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌هه‌رێمی كوردستان به‌دواڕۆژی وت: "ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ڕاستگۆ نه‌بوون كاتێك كه‌ به‌هاری ساڵی ڕابوردوو ڕایانگه‌یاند "گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان هه‌ڵگیراوه‌و كه‌سوكارو پارێزه‌ره‌كانی هه‌ركات بیانه‌وێت ده‌توانن بچنه‌ ئیمراڵی، دوای ئه‌و به‌ڵێنه‌ دیداره‌كان له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان چه‌ند جارێك ئه‌نجامدران، به‌ڵام له‌مانگی ئابی ساڵی ڕابوردوو ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ هیچ دیدارێك له‌نێوان ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو پارێزه‌ره‌كانی ئه‌نجامبدرێن". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا دژی ئۆجه‌لان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور و یاسای ده‌وڵه‌تی توركیایه‌، پێچه‌وانه‌ و دژه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی و ته‌نانه‌ت پێشێلكردنێكی دیاری مافی كه‌سی ئۆجه‌لانه‌ وه‌ك زیندانییه‌ك. 

عابد ئیكه‌ ڕونیشكرده‌وه‌: ئۆجه‌لان گۆشه‌گیر كراوه‌و هیچ ده‌رفه‌تێكی پێ ڕه‌وا نابینرێت، گۆشه‌گیركردنه‌وه‌ی ئۆجه‌لان زیان به‌ته‌ندروستی و ده‌رونی ئۆجه‌لان ده‌گه‌یه‌نێت و ئۆجه‌لان له‌ زیندان هه‌رشتێكی لێبه‌سه‌ر بێت، حكومه‌تی توركیا به‌رپرسیار ده‌بێت. 

وتیشی: "گۆشه‌گیركردنی ئۆجه‌لان زیان به‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی ناوخۆی توركیا ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه‌ پێویسته‌ بارودۆخی ئۆجه‌لان چاكبكرێت و ڕێگه‌ی دیداری پێبدرێت و چیتر له‌گۆشه‌گیری نه‌هێڵرێته‌وه‌". 

ڕوونیشكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر توركیا بیه‌وێت و ڕێگه‌ بدات ئۆجه‌لان ده‌توانێت پڕۆسه‌ی ئاشتی بژه‌یه‌نێته‌وه‌و پڕۆسه‌ی ئاشتی ڕابگه‌یه‌نرێت. 

عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ ناوه‌ڕاستی شوباتی 1999 له‌ نایروبی پایته‌ختی كینیا له‌ گه‌له‌كۆمه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سگیركرا و ڕاده‌ستی توركیا كرایه‌وه‌. 

له‌سه‌ره‌تادا سزای له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو، دواتر له‌ژێر فشاری ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی سزاكه‌ى گۆڕدرا بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی، له‌وساته‌وه‌ تائێستا له‌ زیندانی ئیمرالی سه‌ر ده‌ریای مه‌ڕمه‌ڕه‌ی توركیا له‌ زینداندایه‌.  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure