سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی باس له‌ ئه‌گه‌ره‌كانی پاش كوژرانی سلێمانی ده‌كات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 03/01/2020‌ :: 7429‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سازكردنی: پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدرێت رێگە لەوە بگیرێت عێراق ببێتە شوێنی جەنگی ئەمەریكا- ئێران بەوەی عێراق بێلایەن بێت، ئاماژەی بەوەشكرد بڕیارەكەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق یەكلاییكەرەوە دەبێت بۆ بڕیاردان لەدەركردنی سوپای ئەمەریكا لەعێراق.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەئۆپەراسیۆنێكی سەربازیدا لەشاری بەغداد، لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكییەوە، قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك سەركردەی پاسداران و حەشد كوژران، هەر زوو ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی جیهان هاتنە دەنگ

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی (دواڕۆژ)دا باسی ئەگەرەكانی دوای ئەو رووداوە دەكات.

دواڕۆژ: كوژرانی ئەو سەركردانەی ئێران و عێراق دەكرێت بەدەستپێكی جەنگی ئەمەریكا- ئێران لەسەر خاكی عێراق دابنرێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
هەوڵ دەدرێت رێگە لەوە بگیرێت بەوەی عێراق بێلایەن بێت لەگرژی نێوان ئەمەریكا و ئێران ئەمەش تا هێزی ئەمەریكی و ئێران لەناو عێراقدا هەبێت بەدڵنیاییەوە ئەو پێكدادانە هەر روودەدات، چونكە مەسەلەكە هەر پەیوەندی بەعێراقەوە نییە، چونكە ئەمەریكا و ئێران هەردووكیان لەسوریان و كەنداون، بۆیە مومكینە هەموو جارێك ئەم كارە دووبارە ببێتەوە، ئەمەش دەوەستێتەوە سەر بڕیاری سبەینێی پەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارەی ئەوان زۆر یەكلاییكەرەوە دەبێت و بڕیاردانە لەسەر ئەوەی ئایا عێراق چۆن بپارێزرێت لەمەیدانی شەڕی ئەمەریكا و ئێران.

دواڕۆژ: ئەگەر پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی سوپای ئەمەریكا بدات ئەوە بەزیان بۆ عێراق دانانرێت، چونكە ئەمەریكا، عێراق لەدەستی بەعس رزگار كرد و بەپاراستنی ئەمنیەتی عێراقیش دادەنرێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
عێراق لەئێستادا ئەگەر هێرشی دەرەكی لەسەر نەبێت، توانیویەتی ناوخۆی خۆی بپارێزێت و توانیویەنی ناوچەكانی خۆیشی لەدەستی داعش بپارێزێت و پاك بكاتەوە، بینیومانە لەماوەی پێنج ساڵی رابردووش هێزەكانی ئەمەریكا هیچ ئۆپەراسیۆنێكیان لەناوخۆی عێراق دژی هێزەكانی داعش نەكردووە، چونكە عێراق ئەركەكەی لەئەستۆ گرتووە و سەركەوتووش بووە.

دواڕۆژ: بەڵام ئاسانە دەركردنی بڕیارێك لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئەوە دەچێتە چوارچێوەی هێزی دەسەڵاتی یاسادانان لەعێراق لەدەركردنی ئەو بڕیارە، چونكە ئێستا لەعێراق حكومەتێكی كاربەڕێكەر هەیە كە ناتوانێت ئەو بڕیارە دەربكات، هەروەها رێككەوتنێكی واژووكراوی ئەمەریكا و عێراق هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق بۆ دروستكردنەوەی هێزە چەكدارەكانی، بەهۆی ئەوەوە ئەمەریكییەكان چەند پێگەیەكیان لەناو عێراق بۆ دیاریكراوە و ئەركەكەشیان مەشقپێكردنی هێزەكانی عێراقە، پاش ئەو هەموو ساڵە پێموایە عێراق پێویستی بەمەشقی دیكە نەبێت و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی توانای خۆی دابین بكات، هەروەها دەوەستێتە سەر ئەو كێشە سیاسییەی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق، ئەمەیان تا هێزی ئەمەریكی لەعێراقدا بێت زەحمەتە چارەسەرێك بۆ ئەم مەسەلەیە بدۆزرێتەوە.

دواڕۆژ: مەبەستمان ئەوەیە لەپەرلەمانی عێراق ئەو بڕیارە ئەوەندە دەنگ دێنێت تا دەنگ بۆ دەركردنی سوپای ئەمەریكا بدەن؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئەوە دیار نییە و سبەینێ بڕیاری لێدەدرێت و بڕیارەكەش پێویستی بە (50+1)ە، لەبەرئەوە مەسەلەكە دەوەستێتە سەر شیعەكان و ئەوان بڕیاری لێدەدەن، چونكە زۆرینەن و رێژەی پێویستییان هەیە.

دواڕۆژ: ئەم رووداوە بۆ هەرێمی كوردستانیش قورسە، ئەگەر بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق دەرچوو، كوردستانیش دەگرێتەوە؟
فەرید ئەسەسەرد:
هەر بڕیارێك لەپەرلەمانی عێراق بۆ ئەم مەسەلەیە دەربچێت كە پەیوەندی بەسەرتاسەری عێراقەوە هەبێت، هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

دواڕۆژ: بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا دوای هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لەعێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوونی ئەمەریكا بۆ كوردستان و عێراق بەگرنگ زانی، لەحاڵەتی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق، بۆ كوردستان مەترسی نابێت؟
فەرید ئەسەسەرد:
بڕیاردان لەم مەسەلانە سیادییە و پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە نییە، بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان ئەگەر ئەمەریكای لێ نەبێت پەیوەندی بەوەوەیە كاتێك هێزی ئەمەریكا ناوچەكانی عێراقیان جێهێشتووە و هاتوونەتە كوردستان هەستیان بەمەترسی لەسەر خۆیان كردووە، بۆ ئەوە نەهاتوون مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان بڕەوێننەوە، بەڵكو هاتوون بۆ ناوچەیەكی ئارام، لەبەرئەوە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان هاتوون، نەك ئەمنییەتی كوردستان.

دواڕۆژ: دوای ئەم رووداوە ئێران دەڵێت تۆڵە دەكەینەوە، بەڕای ئێوە چۆن تۆڵە دەكاتەوە؟
فەرید ئەسەسەرد:
نازانین چۆن تۆڵە دەكاتەوە، بەڵام ئەوەندەی ئێرانییەكان دەناسین یان دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شارەزاین، لەگەرم و گوڕی پاش رووداوێكی گەورەوە هەر دەبێت ئەم جۆرە لێدوانانە بدرێت، بەڵام دوای ماوەیەك رەنگە مەسەلەكە خاوبونەوە بەخۆوە ببینێت، بەڵام دیسانەوە مەسەلەكە دەوەستێتە سەر رەوتی رووداوەكان پاش ئەوەی لەبەغداد رویدا، مومكینە دۆخەكە بەو خراپتر بڕوات، مومكینە هاندەریش بێت بۆ بیركردنەوە لەهەندێك رێوشوێنی دیكە تا ئەم جۆرە كارانە لەسەر خاكی عێراق دووبارە نەبنەوە.

دواڕۆژ: هەر پەیوەست بەو رووداوە، سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و حیزبە كوردییەكان بەیاننامەیان نییە و بێدەنگ، بۆچی؟
فەرید ئەسەسەرد:
ئەوەی پەیوەندی بەیەكێتییەوە هەبێت ئێستا بەمانای وشە سەركردایەتیمان نییە، چونكە سەركردایەتی دوای كۆنگرە یەكەمین كۆبوونەوەی نەكردووە، بۆیە ئێمە لەدەرەوەی مەسەلەكەین، ئەوەی حكومەتی هەرێم دەبوو بەبەیاننامەیەك هەڵوێستی خۆی روونبكاتەوە، بۆ حیزبەكانی دیكەش دەوەستێتەوە سەر خۆیان، چونكە شتێك نییە ناچاریان بكات هەر دەبێت بۆچوونیان هەبێت، دەتوانن بۆچوونیان هەبێت و دەشتوانن بۆچوونیان نەبێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure