وه‌زاره‌تى نه‌وت ئامارى مانگى رابوردووى راگه‌یاند

هەواڵ / ئابوری :: 02/01/2020‌ :: 135‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، به‌غدا

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق، کۆى ئامارى هه‌نارده‌ و داهاتى مانگى کانونى یه‌که‌مى رابوردووى راگه‌یاند، که‌ پشتى به‌ داتاکانى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى به‌ستووه‌.

عاسم جیهاد وته‌بێژى وه‌زاره‌تى نه‌وت ئاشکراى کرد، بڕى هه‌نارده‌ى نه‌وتى خاو گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ (106) ملیۆن و (265) هه‌زار و (307) به‌رمیل نه‌وت.

روونیشیده‌کاته‌وه‌، کۆى هه‌نارده‌ى نه‌وتى خاو بۆ مانگى کانونى یه‌که‌مى رابوردوو، له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراق گه‌یشتۆته‌ (103) ملیۆن و (90) هه‌زار و (550) به‌رمیل، به‌ڵام هه‌نارده‌ى نه‌وتى کێڵگه‌کانى که‌رکوک له‌ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌یهانه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ (2) ملیۆن و (827) هه‌زار و (50) به‌رمیل، له‌کاتێکدا هه‌نارده‌ى نه‌وت بۆ ئوردون بریتى بووه‌ له‌ (347) هه‌زار و (707) به‌رمیل.

باس له‌وه‌شده‌کات، رێژه‌ى هه‌نارده‌ى رۆژانه‌ى نه‌وت گه‌یشتۆته‌ (3) ملیۆن و (428) هه‌زار به‌رمیل، لەکاتێکدا هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ به‌نده‌ره‌کانى به‌سره‌وه‌ بریتی بووه‌ له‌ (3) ملیون و (326) هه‌زار به‌رمیل، له‌ رێگه‌ى جه‌یهانیشه‌وه‌ رێژه‌که‌ بریتی بووه‌ له‌ (91) هه‌زار به‌رمیل رۆژانه، هه‌روه‌ک هه‌نارده‌ى رۆژانه‌ بۆ ئوردون بریتی بووه‌ له‌ (11) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت.

سه‌باره‌ت به‌ نرخى نه‌وتى هه‌نارده‌کراو عاسم جیهاد ده‌ڵێت: "تێکڕاى نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت له‌ مانگى رابوردوودا گه‌یشتۆته‌ (63.051) دۆلار".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure