سێ‌ بەڕێوەبەرایەتی گرنگ لە هەڵەبجە كرانەوە

هەواڵ / کوردستان :: 30/12/2019‌ :: 317‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


بەپێی فەرمانێكی وزاریی كە لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوبووەتەوە، وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی كردنەوەی سێ بەڕێوەبەرایەتی نوێ و گرنگی لە پارێزگای هەڵەبجە دەركردووە.

بەگوێرەی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم كە وێنەیەكی دەست دواڕۆژ كەوتووە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو بوەتەوە ئەوە خراوەتەڕوو، بەپێی ماددەی (١٧) بڕگەی دووەم لە یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەی (٥)ی ساڵی (٢٠١٠)، بڕیارماندا بە كردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی گومرگ) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی پارێزگای هەڵەبجە.

لە بەشێكی دیكەی فەرمانەكەدا ئەوەش هاتووە، بەپێی ماددەی (١٧) بڕگەی دووەم لە یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٠)، بڕیارماندا بە كردنەوەی (بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەت) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجی دەرامەت و (بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میری) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەڵەبجە.


كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە و هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكەی حكومەت لە هەڵەبجە بە گرنگ دەزانین، بۆیە پێشتر داوای كردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییانەمان كردووە، بەڵام بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە نووسراوی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure