له‌باره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م چه‌ند بڕیارێك ده‌رده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/12/2019‌ :: 7824‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م له‌ رۆژی 7ی 1ی 2020 ده‌سپێده‌كات و بۆ ئه‌مه مه‌به‌سته‌ش چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركردووه‌.  

كه‌ریم له‌تیف، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زموونه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ 7ی كانوونی دووه‌می 2020 ئه‌نجامده‌درێت و پێویسته‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كان  پابه‌ندی بڕیاره‌كانی وه‌زاره‌ت بن. 

وتیشی: "به‌پێی بڕیاره‌كان ده‌بێت خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان له‌کاتی دیاریكراودا رابگه‌یه‌ندرێت و خوێندكاران و قوتابیانی لێ ئاگادار بكرێته‌وه‌ و ده‌بێت له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م و دووه‌م رێنماییه‌كانی ئه‌زموونه‌كان وه‌ك خۆی و به‌ وردی جێبه‌جێ بكرێت".  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و قوتابخانانه‌ی به‌شداری له‌ سیستمی (e. parwarda)ن ده‌بێت پابه‌ندی نووسراوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پلاندانانی په‌روه‌رده‌یی بن سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی  نمره‌ له‌ سیستمی (e. parwarda)داو دوا واده‌ش بۆ تۆماركردنی نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می وه‌رزی یه‌كه‌م له‌ بازنه‌ی یه‌كه‌م رێكه‌وتی 4ی 1ی 2020 ده‌بێت و نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چواره‌م له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م تۆمار ده‌كرێت و دوا واده‌ش 15ی هه‌مان مانگ ده‌بێت. 

روونیشیكرده‌وه‌: دوا واده‌ بۆ تۆماركردنی نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می وه‌رزی دووه‌م له‌ بازنه‌ی یه‌كه‌م رێكه‌وتی 1ی 5ی 2020 ده‌بێت و نمره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی چواره‌م له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی یه‌كه‌م تۆمار ده‌كرێت و دوا واده‌ش 1ی 6ی 2020 ده‌بێت. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌زموونه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و قوتابخانانه‌ی له‌ سیستمی (e. parwarda)دا به‌شدار نین به‌ هه‌مان شێوه‌ی ساڵانی رابوردوو نمره‌ و تۆماره‌كانیان رێكده‌خه‌ن.  

هاوكات به‌پێی رێنماییه‌كی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ برگه‌ی دووه‌م  خاڵی دووه‌می رێنمایی تاقیكردنه‌وه‌كانی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی، هه‌ر وه‌رزێكی بازنه‌ی یه‌كه‌م له‌ چوار هه‌ڵسه‌نگاندن پێكدێت و هه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێك (25) نمره‌ی له‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ مه‌رجێك ده‌بێت هه‌ڵسه‌نگاندنی چواره‌م له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی یه‌كه‌م و تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌رزی دووه‌م ئه‌نجام بدرێت و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قوتابیان و خوێندكارانی بازنه‌ی یه‌كه‌م له‌ ماوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رز داببڕێن له‌ قوتابخانه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی چواره‌م به‌ شێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی زاره‌كی و له‌ ناو پۆلدا ئه‌نجام بدرێت و ئاستیان له‌ تۆماری نمره‌ی مامۆستا تۆمار بكرێت و بابه‌ته‌كانیان هاوشێوه‌ی پۆله‌كانی تر له‌ خشته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان دابنرێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure