مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان به‌رچاوى زاناكان ده‌گرن

هەواڵ / زانست :: 29/12/2019‌ :: 398‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

زانایانى فه‌له‌كناس هۆشداریى ئه‌وه‌یاندا كه‌ ره‌وانه‌كردنى زیاترى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان بۆ بۆشایى ئاسمان ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى وه‌ك پێویست (فه‌زا و كه‌ون) نه‌بینن.


ئه‌م هۆشداریدانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ هه‌زاران مانگى ده‌ستكردى دیكه‌ ره‌وانه‌ى بۆشایى ئاسمان ده‌كرێن بۆ خێراتركردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئینته‌رنێت. یه‌كه‌م ده‌سته‌ى ئه‌و مانگه‌ ده‌ستكردانه‌یش له‌لایه‌ن كۆمپانیاى (سپه‌یس ئێكس)ى ئه‌مریكیه‌وه‌ ئاراسته‌كراون و كاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر (وێنه‌كانى شه‌وانى ئاسمان) جێهێشتووه‌، چونكه‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌شێوه‌ى هێڵێكى سپیى دره‌وشاوه‌ و پرشنگده‌ردا ده‌رده‌كه‌ون و كار له‌سه‌ر بینینى ئه‌ستێره‌كان ده‌كه‌ن.

زاناكان ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌م پشتوێنه‌ زه‌به‌لاحه‌ى مانگه‌كان، له‌داهاتوودا ببێته‌ هۆى شاردنه‌وه‌ و رێگریى له‌ بینینى وێنه‌ى ته‌له‌سكۆپه‌كان و له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كانى چاودێریى فه‌له‌كدا تێكه‌ڵوپێكه‌ڵ ببن.  

پرۆفیسۆر دیڤ كلیمێنت، زاناى گه‌ردوونناس له‌ كۆلیژى ئه‌مپریال كۆلیدج له‌ له‌نده‌ن، به‌ (بى بى سى) وتووه‌: "ئاسمان له‌ شه‌وان له‌به‌رده‌م مرۆڤدا كراوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ كاره‌ساتێكه‌ و هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌مان لێده‌كات كه‌ تائێستا به‌ده‌ستمانهێناوه‌".

ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن، ده‌ڵێن: "له‌گه‌ڵ فه‌كناسه‌كان له‌هه‌وڵداین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر بینین دروست ده‌بن". 

ئه‌م هه‌موو مانگه‌ ده‌ستكرده‌ بۆ؟

بابه‌ته‌كه‌ هه‌مووى په‌یوه‌ندیى به‌ خێراتركردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئینته‌رنێته‌وه‌ هه‌یه‌. چونكه‌ له‌بریى ته‌ل و كێبڵ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ راسته‌وخۆ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نێرنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وى. هه‌تا ژماره‌ى ئه‌و مانگه‌ ده‌ستكردانه‌ له‌ خولگه‌ى زه‌ویدا هه‌بن، كه‌ ئێستا ژماره‌یان دوو هه‌زار و 200 مانگه‌، ماناى ئه‌وه‌یه‌ رووبه‌رى ئه‌و ناوچانه‌ كه‌متر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ تۆڕى ئینته‌رنێتیان ناگاتێ و له‌و خزمه‌تگوزارییه‌ بێبه‌شن.

له‌م هه‌فته‌یه‌یشه‌وه‌ گروپى ستار لینك، له‌ پڕۆژه‌یه‌كى فه‌زاییدا كه‌ كۆمپانیاى سپه‌یس ئێكس سه‌رپه‌رشتیى ده‌كات، هه‌ر به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك 60 مانگى ده‌ستكردى نوێ ده‌نێرێته‌ خولگه‌ى هه‌ساره‌كه‌مانه‌وه‌. به‌مه‌یش هه‌تا ناوه‌ڕاستى ساڵى 2020 كۆى ژماره‌ى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌ فه‌زادا ده‌گاته‌ 12 هه‌زار مانگ. 

كۆمپانیاى وان وێب-ى بریتانییش، ویستى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ 650 مانگى ده‌ستكرد بنێرێته‌ بۆشایى ئاسمان و پێده‌چێت بیه‌وێت ئه‌و ژماره‌یه‌ زیادبكات بۆ دوو هه‌زار مانگ (ئه‌گه‌ر پێویست بكات).

كۆمپانیى ئه‌مازۆن-ى ئه‌مریكییش پلانى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ سێ هه‌زار و 200 مانگى ده‌ستكرد ره‌وانه‌ بكات.

زانا گه‌ردوونناسه‌كان له‌چى ده‌ترسن؟

له‌ مانگه‌كانى ئایار و تشرینى دووه‌مدا، ستار لینك 120 مانگى ده‌ستكردى خسته‌ خولگه‌كانه‌وه‌ كه‌ دووریى نێوانیان له‌ 500 كیلۆمه‌تر كه‌متره‌. ئه‌ستێره‌ناسه‌كان بێزاریى خۆیان له‌و كاروانى مانگه‌ له‌ فه‌زادا ده‌ربڕى، كه‌ له‌شێوه‌ى تیشكى دره‌وشاوه‌ى سپیى پرشنگداردا له‌ وێنه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌واندا ده‌ركه‌وتوون.

داهار پاتێل، زاناى فه‌له‌كناس له‌ بنكه‌ى چاودێریى گرینچ-ى پاشایه‌تى، ده‌ڵێت: "ئه‌م مانگانه‌ هێنده‌ى تاوڵه‌یه‌ك ده‌بن، به‌ڵام تیشكده‌رن، پلێته‌كانیان تیشكى خۆر ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌یش وه‌ك رووناكییه‌ك ده‌چێته‌سه‌ر ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ به‌هۆى ته‌له‌سكۆپه‌كانه‌وه‌ تۆمارده‌كرێن و ده‌یشێوێنن".

ئه‌و زانایه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ شه‌پۆله‌ رادیۆییه‌كانه‌وه‌، به‌مه‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاماژانه‌دا تێكه‌ڵ ده‌بن كه‌ زانایانى كه‌شتیوانه‌ فه‌زاییه‌كان به‌كاریاندێنن، بۆیه‌ هه‌تا ژماره‌ى مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌ فه‌زادا زیاتر بن كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌بن". 

و: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
ب: شيروان شةريف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure