"حكومه‌ت دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى له‌ پڕۆژه‌ى چاكسازى لابردووه‌"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 29/12/2019‌ :: 15774‌ جار بینراوە
عه‌بدولستار مه‌جید

دواڕۆژ، سامان قوبادى  

"تیپه‌ڕبوونى پڕۆژه‌یاسای چاكسازى له‌ مووچه‌ و خانه‌نشینیدا به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا كێشه‌ و زیانى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌" وه‌ك ئه‌وه‌ى عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ له‌ دیدارێكى دواڕۆژدا باسیده‌كات و پڕۆژه‌یاساكه‌ش به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا به‌ مه‌ترسى داده‌نێت بۆ سه‌ر مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و ده‌شڵێت: باسى داهات و چۆنیه‌تى دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى تێدانه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌نگى پێناده‌ین.


دواڕۆژ: دواین زانیارى له‌باره‌ى یاساى چاكسازى چییه‌؟ بۆچى بێده‌نگى لێكراوه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
كاركردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ دواخراوه‌ بۆ دواى پشووه‌كانى سه‌رى ساڵ، پاش ئه‌وه‌ى ده‌وام ده‌ستیپێكرده‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كۆمه‌ڵێك ئاماده‌كاریى كراوه‌، كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى و ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، چه‌ندین به‌رپرس بانگێشتى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراون به‌مه‌به‌ستى به‌رچاوڕوونى زیاتر و وه‌رگرتنى داتاى زیاتر، تاوه‌كو له‌ قۆناغى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م به‌ تێروته‌سه‌لى په‌سه‌ندبكرێت.

دواڕۆژ: ناكۆكیییه‌كان له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ زیاتر له‌سه‌ر كام بڕگه‌یه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
یه‌كه‌م، ئه‌م پڕۆژه‌یاساى چاكسازییه‌ گشتگیر نییه‌، ناته‌واوه‌ و پڕه‌ له‌ كه‌موكورتى، چونكه‌ پڕۆژه‌ى چاكسازى نابێت ته‌نیا باسى خه‌رجى بكات، له‌م پڕۆژه‌یه‌شدا به‌تایبه‌ت باسى مووچه‌ و خانه‌نشینیه‌، به‌ڵكو كه‌مكردنه‌وه‌ و بڕینى مووچه‌ى تێدایه‌، دووه‌م باسى داهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ناكات، كه‌ پێموایه‌ سه‌رچاوه‌ى گه‌نده‌ڵى و نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ مووچه‌ى خانه‌نشینان و فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت به‌هه‌موو چین و توێژه‌كانیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ناڕوونى داهاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، ده‌بوایه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌  سه‌رجه‌م داهاته‌كانى هه‌رێم بخاته‌ڕوو به‌تایبه‌ت هى نه‌وت و خاڵه‌ سنوریه‌كان، به‌ڵام ته‌نیا ده‌ستبردنه‌ بۆ خه‌رجى و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو.

دواڕۆژ: ئایا ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ جێبه‌جێكردندا كێشه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
به‌ڵى ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا تێپه‌ڕێت كێشه‌ى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

دواڕۆژ: بۆچى پڕۆژه‌یاساكه‌ باسى چاره‌سه‌ركردنى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى نه‌كردووه‌، پێشنیارتان هه‌بووه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
پڕۆژه‌كه‌ دوور و نزیك باسى له‌ گێڕانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى فه‌رمانبه‌ران نه‌كردووه‌، له‌كاتێكدا له‌ پڕۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ى كابینه‌ى هه‌شته‌م باسى له‌ دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كرد له‌رێگه‌ى دروستكردنى ژماره‌ حسابێكى بانكى، له‌و كاته‌شدا دۆخى دارایى حكومه‌ت زۆر خراپ بوو، به‌ڵام له‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ى ئه‌م كابینه‌یه‌ ئه‌م خاڵه‌ لابراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌یه‌كمان داوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، داوامانكردووه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گونجاو به‌ یاسا و بڕیارى په‌رله‌مان حكومه‌ت ناچاربكرێت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ى قیست-یش بێت پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا داهاتى حكومه‌ت زیادیكردووه‌، به‌وته‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت 50%ى داهات زیادیكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌غدا به‌شه‌ بوودجه‌ ده‌نێرێت و نرخى نه‌وتیش به‌رزبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام  داهاتى خه‌ڵك زیادینه‌كردووه‌ و پاشه‌كه‌وت نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌ى كێشه‌كانى هه‌رێم بریتییه‌ له‌ ناڕوونى داهات.

دواڕۆژ: به‌پێى پڕۆژه‌كه‌ هه‌ر په‌رله‌مانتار و وه‌زیرێك به‌ 75%ى مووچه‌كه‌ى خانه‌نشین ده‌كرێت كه‌ ته‌مه‌نى له‌سه‌روو 45 ساڵه‌وه‌ بێت، ئه‌مه‌ چ گۆڕانكارییه‌كى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌؟  راسته‌ رێككه‌وتن له‌نێوان به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى  كه‌متر نه‌كرێته‌وه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
به‌مشێوه‌یه‌ى ئێستا كه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه‌ له‌گه‌ڵى نین و ده‌نگى پێناده‌ین، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كى زۆر به‌رچاو مووچه‌ى په‌رله‌مانتار و وه‌زیر كه‌ خانه‌نشین ده‌بن كه‌مبكرێته‌وه‌، پله‌ تایبه‌ته‌كانیش به‌رێژه‌یه‌ك كه‌مبكرێنه‌وه‌، قبوڵكراو نییه‌ په‌رله‌مانتارێك دواى 4 ساڵ به‌نزیكه‌ى پێنج ملیۆن دینار خانه‌نشین بكرێت، به‌ڵام فه‌رمانبه‌رێك یان پێشمه‌رگه‌یه‌ك دواى 20 ساڵ خزمه‌ت به‌ 220 هه‌زار دینار خانه‌نشین بكرێت، گفتوگۆ و قسه‌كراوه‌ له‌نێوان هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌ى كه‌منه‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام ئاگادارى رێككه‌وتن نیم له‌مباره‌یه‌وه‌.

دواڕۆژ: داواتان كردووه‌ مووچه‌ى په‌رله‌مانتار و وه‌زیر بۆ چه‌ند كه‌م بكرێته‌وه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
له‌كاتی خۆیدا كه‌ هاته‌سه‌ر گفتوگۆ قسه‌ى خۆمان له‌باره‌یه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان و راى گشتى ده‌كه‌ین، پێشنیارى خۆشمان داوه‌ به‌ لیژنه‌ى دارایى، داواى ئه‌وه‌مان كردووه‌ كه‌ یاساكه‌ رێژه‌ى ئه‌و خانه‌نشینیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مبكاته‌وه‌، هاوكات كه‌مترین رێژه‌ى خانه‌نشینى له‌ 400 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت، له‌مه‌یاندا زۆربه‌ى په‌رله‌مانتاران هاوڕان.

دواڕۆژ: هه‌ندێك پێیانوایه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پلانێكى مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌ران، رووه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى چۆنه‌؟
عه‌بدولستار مه‌جید:
به‌ڵى راسته‌، سه‌رنجى زۆرمان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌یه‌، كه‌موكورتى زۆرى تێدایه‌، بۆیه‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك به‌مشێوه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت زیان و مه‌ترسى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان.

دواڕۆژ: ئایا دواى پشووى سه‌رى ساڵ  یاساكه‌ په‌سه‌ندده‌كرێت و ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌؟
عبدولستار مه‌جید: 
گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌موو ماده‌كان ده‌ستپێده‌كات، له‌ماوه‌ى ئه‌م مانگه‌ى كه‌ په‌رله‌مان ده‌وامى خۆى درێژكردووه‌ته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ ده‌كرێت، له‌ هه‌نگاوى سێیه‌میشدا په‌سه‌ندده‌كرێت، به‌ڵام چۆن تێده‌په‌ڕێت و گۆڕانكارى تێدا ده‌كرێت ده‌كه‌وێته‌ دواى پشووه‌كانى سه‌رى ساڵ. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure